مەترسن

‌سیروان غەریب

هێرشیانکردە سەر هێنانی سەتەلایت کەچی ئێستا باشترین وەستای چاککردنەوەی سەتەلایت خۆیانن.
 
ئەوان هەرگیز لەگەڵ هێنانی تۆڕی مۆبایل نەبوون.. ئێستا تەلەفزێۆنەکانیان وتاری مامۆستای ئاینی بۆ ڕیکلامی ئاسیا سێل و کۆڕەک دەبڕێت. بەوەشەوە نەوەستاون یەکێک لەگەورەترین کۆمپانیاکانی فرۆشتن و چاککردنەوەی مۆبایل هی ئەوانە..

هۆتێل و شوێنە مودێرنەکانی شاریان ڕەتدەکردەوە. ئێستا ۆرک شۆپی تیادا ئەنجامئەدەن و کۆبونەوەی تیادا دەکەن.

ئەوان زۆر دژی سترێج بوون ئێستا کچەکانیان گەورەبوون و لەبەری دەکەن و بەجوانترین شێوە لەگەڵ باڵا بۆشیدا گونجانویانە. لەگەڵ ڕێزی بێ پایانم بۆ ئەو خانمانە.

دژی پەیوەندی کچ و کوڕبوون لەزانکۆکان بەڵام ئێستا کوڕ و کچەکانیان لەوێوە ژیانی هاوسەری هەڵدەبژێن.

زۆر دژی گفتوگۆی جیاوازبوون ئێستا خۆیان ڕۆشنبیرەکان بانگ دەکەن بۆ کەناڵەکانیان.

دژی فەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون. ئێستا کاری پێدەکەن و سەرکردەکانیان پارە بەو کۆمپانیایانە دەدەن و بانگەوازو وتارەکانیان تیادا سپۆنسەر دەکەن.

شاخیان لێگرتبووین و چەکیان بەکارهێنا، بەڵام ئێستا هاوڕێمانن و جار جارەش کاتێک میوانداری شاهانە دەکرێن "بەخۆشی ئێوە" هەندێکیان پێکێک شەرابیش هەڵدەدات.

لە ئیسلامییەکانی کوردستان مەترسن، کاتێک دژی فیستیڤاڵێکی لەچەشنی ڕەنگەکان دەبن، تۆ بەردەوامبە ئەوان ڕادێن، چونکە وا ڕاهاتوون.


AM:11:11:06/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 2320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی