من له‌جیاتی به‌رێوبه‌ری ئێن ئاڕتی بم ته‌سلیم ده‌بم
سیروان غەریب
ئه‌گه‌ر من له‌جیاتی ئاوات عه‌لی به‌رێوبه‌ری ئێن ئاڕتی بم، رۆژی یه‌كشه‌ممه، بێ یه‌ك و دوو به‌ره‌و كفری به‌رێده‌كه‌وم و خۆم ته‌سلیمی پۆلیس ده‌كه‌م، ئیتر دوای ئه‌وه چی ڕووده‌دات با رووبدات و ئه‌یكه‌م به‌قوربانی ئازادی ڕاده‌ربڕین و گیانی ئه‌و په‌یامنێره‌ی كه ئێستا لای پۆلیس ده‌سبه‌سه‌ره.
ڕاسته نادادییه‌كی گه‌وره له‌كه‌یسی ده‌ستگیركردنی په‌یامنێری ئێن ئاڕتی و بڕیاری ده‌ستگیركردنی ئاوات عه‌لی به‌رێوبه‌ری ئێن ئاڕتی-دا هه‌یه، به‌ڵام ناشبێت ئێمه ئه‌وه‌مان له‌یاد بچێت كه وه‌ك لێپرسراوه یه‌كه‌مه‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیاری یه‌كه‌مین به‌رامبه‌ر هه‌موو پرسی یاسایی و گیانی په‌یامنێرو هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له‌ده‌زگاكانمان بڵاوده‌بێته‌وه.
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی ڕاستگۆ‌و به‌ئه‌مه‌ك به‌رامبه‌ر به ستافه‌كه‌ی، له‌نێوان دوو ئه‌گه‌ردا، ئه‌گه‌ری ده‌ستگیركردنی خۆی یان په‌یامنێره‌كه‌ی كونجی زیندان هه‌ڵده‌بژێرێت، من دڵنیام ئاوات عه‌لیش وه‌ك به‌رپرسێكی ڕاستگۆ ئه‌و ئه‌گه‌ره هه‌ڵده‌بژێرێت و له‌وه زیاتر ئه‌و كه‌یسه دواناخات و ده‌چێته به‌رده‌م پۆلیس و دادگا.
منیش له‌سه‌ره‌تادا ڕام به‌و شێوه‌یه بوو، كه دۆخه‌كه هێنده ترسناكه، هه‌ڕه‌شه‌كان ئه‌وه‌نده به‌هێزن نابێت ئاوات عه‌لی بچێت بۆ كفری، به‌ڵام ئێستا ئه‌ڵێم له‌پێناو ئازادكردنی ئه‌و په‌یامنێره، چی ڕووده‌دات ڕووبدات، ئه‌بێت ئاوات عه‌لی ژیانی بكاته قوربانی ئه‌و ئازادییه‌ی كه هه‌موومان باوه‌ڕمان پێیه‌تی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستگیركردنی ئاوات عه‌لی، وه‌ك به‌رێوبه‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی، زیاتر كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر پرسه‌كه‌و پێموایه ده‌نگدانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشی لێده‌كه‌وێته‌وه له‌كۆتایشدا ده‌توانین ئه‌م كاریگه‌رییه بكه‌ینه فشار بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی یاسای كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و قسه‌كردن له‌سه‌ر دادگا كه‌چۆن بۆته جێگه‌ی ڕق و كینه‌ی شه‌خسی و چۆن به‌كاردێت دژی ئازادی ڕا ده‌ربڕین له‌هه‌رێمی كوردستان.
به‌چونی ئاوات عه‌لی بۆ به‌رده‌م دادگا، كه‌ناڵه خۆشه‌ویسته‌كه (ئێن ئاڕتی) سه‌روه‌رییه‌كی تر تۆمار ده‌كات، جارێكی تر ئازایه‌تییه‌كی ترمان نیشانئه‌داو پێمان ئه‌ڵێت سه‌ره‌ڕای ترس و تۆقاندن، سه‌ره‌رای هه‌ره‌شه جدییه‌كان، سه‌ره‌رای لایه‌نداری دادگاكان، هه‌ر بوونی باشتره له‌نه‌بوونی. له‌وێشه‌وه جارێكی تر ئه‌و په‌یامه به‌هێزتر ده‌كات كه ئێن ئاڕتی هه‌ڵگرێتی "سه‌روه‌ری یاسا..... یاسا و سزا بۆ هه‌موو كه‌س بێت، نه‌ك ته‌نها بۆ ڕۆژنامه‌نوسان".
ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژه ئارام به‌ختیار په‌یامنێری ئێن ئاڕتی به‌بێ گوێدانه‌ی یاسای كاری ڕۆژنامه‌نوسی، له‌سه‌ر ڕاپۆرتی هاوڵاتییه‌ك كه شیر‌و دایبی دزی بوو پاشان دادگا سزای دا، ئه‌و په‌یامنێره‌ش له‌زینداندایه‌و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیش بۆ ئاوات عه‌لی به‌رێوبه‌ری كه‌ناڵه‌كه ده‌ركرا.
ئاوات عه‌لی خۆی له‌په‌یامنێرییه‌وه ده‌ستیكردووه به‌كاركردن، كه‌س موعاناتی په‌یامنێران نه‌زانێت ئه‌و ده‌یزانێت، نابێت ببنه قوربانی بێ شه‌رمی هه‌ندێك دادوه‌ر كه گه‌یشتۆته ئاستێكی ترسناك، له‌به‌ر هیچ نه‌بێت له‌به‌ر ئه‌و په‌یامنێره واباشتره ئاوات عه‌لی خۆی ته‌سلیم بكات.
له‌ئه‌زموونی ڕاگه‌یاندنی كوردی ژیانی په‌یامنێران له‌بێ مافیدا غه‌رق بوو، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌وانن له‌سه‌نگه‌ره‌كان و شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌و سه‌رمای زستان و گه‌رمای هاوین زانیارییه‌كان ده‌گوازنه‌وه، ده‌با ئه‌مجاره، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌ریخه‌ن كه‌مه‌ترسی ژیانیان هه‌مان مه‌ترسی په‌یامنێره‌كانه.
سه‌ربه‌رزی بۆ ئێن ئاڕتی، كه له ساڵانی ته‌مه‌نیدا، له‌پێناو ئازادی ڕاده‌ربڕین ڕووبه‌ڕووی سوتان ته‌قه‌كردن و هه‌تا هێرشی بۆمبیش بۆته‌وه.
PM:12:56:27/05/2017
ئه‌م بابه‌ته 44287
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی