کوردستان، هەرێمێک جیاوازتر لە جیاوازیش

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هێندە جیاوازو پێچەوانەی هەرێمەکانی دنیایە شایانی ئەوەیە ناوی لەکتێبی [ گێنس] بۆ ژمارە پێوانیەکان تۆمار بکرێت ، پێشم وانیە هیچ هەرێمێک بتوانێت تەنگی پێ هەڵبچنێ ولەنێو گێنسدا ڕیکۆردەکەی بشکێنێت یان ڕیزبەندییەکەی لێ وەربگرێتەوە ، واتا یەکەمی بێ ڕکابەرە.

لەم هەرێمەی لەمەڕ خۆماندا هەموو شتێک ئاوەژوو بۆتەوە ، هەموو کایەکان لەگرێژنە دەرچون وئاستەمە بتوانرێت بهێنرێتەوە تایم .
لێرەدا دەکرێت ئاماژە بەهەندێک جیاوازی بکەین کە جێی تێڕامان وتێفکرینێکی زۆرە بەڵام بەداخەوە خەریکە لای ئێمە بەئاسایی وەردەگیرێت و ڕادێین لەسەریان ، لەنمونەیان؛

ــ سەیرەو زۆریش مایەی گاڵتەجاڕی و پێکەنینە ڕۆژانە لەلایەن زۆرێک لەبەرپرسانی باڵای ئەم هەرێمەوە باسی یاساو سەروەربونی دەکرێت کەچی خۆیان چۆنیان بوێت گەمە بەیاسا دەکەن ولەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا سەروەری دەکەن وژێرپێشی دەخەن.

ــ چەند شورەییە ڕۆژانە لەکەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە زۆرێک لەدەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە لەگەندەڵی خنکێنراوەدا دێن وباس لەبەگژاچونەوەی گەندەڵی دەکەن وهەڕەشەش لەگەندەڵکاران دەکەن ،لەکاتێکدا خۆیان دروستکەروبنیادنەری گەندەڵیەکانن وگەندەڵێ لەبینە قاقاشیان تێپەڕیوە.

ــ چەند عەجیبە لەم مەملەکەتەدا هەموان ڕۆژانە نەفرەت لەگەندەڵی دەکەین وهەزاران نەفرەتیش لەگەندەڵکاران ،کەچی کاتێ ئەو گەندەڵکارانە دەبینرێن لەکۆڕوکۆبونەوەوبۆنەو مەراسیمەکاندا دەبێتە ڕۆژی حەشروقیامەت هەڵدەستێت ، بەڵام بۆ ئەوە نا کەبە نەفرەت بکرێن بەڵکو بۆ گرتنی وێنەیەکی ئاسایی یان سێلفیەکە لەگەڵ ئەو کەسە گەندەڵانەدا.

ــ لەهەموو دنیادا کاتێ هەرێمێک ڕووبەڕووی قەیرانێک یان کارەساتێکی سروشتی دەبێتەوە ، بەرپرسانی ئەو هەرێمە شەوو ڕۆژ دەخەنە سەر یەک بۆدانانی پلان ونەخشە ڕێگای هەمەچەشن بۆ ڕزگاربون لەو قەیران وکارەساتە ، کەچی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم سێ مانگ جارێک کۆبونەوەیەکی بێ پلان وبێ ئەنجام دەکات و زۆر ڕوو قایمانەش لەجیاتی جەژنانەوپێدانی موچە بەموچەخۆرانی دەڵێت لەدۆخی هاوڵاتیان تێدەگەین ، لەدۆخەکە تێدەگەن ئەو پلان وبەرنامەیانە گەر تێ نەگەیشتنایە دەبوو چی بگوزەرایە.

ــ لەهەمووی مەهزەلەتر کەتازەترین جیاوازییە بانگهێشتەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ حیزبەکان وپەرلەمانتاران ، چەند سەیرە حکومەتێک لەهەناوی پەرلەمانەوە لەدایک بوبێت کەچی ڕووی بێت داوا لەپەرلەمانتاران بکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵیان ،ئەم داواکارییەش لەکاتێکدایە نزیکەی یەک ساڵی ڕۆژ ژمێرییە پەرلەمانی کوردستان بەبڕیارێکی حیزبی وسیاسی پەکخراوە و حکومەت چی ویستوەوخۆی پێی باش بوە بێ چاودێری ولێپێچینەوە کردویەتی وئێستاش گەرەکیەتی هەموو حیزبەکان بکاتە شەریکە فەشالەتی حکومەتەکەی وشکستی کابینەپڕ قەیرانەکەیان.

ــ لەمێژووی حکومداریدا هەمیشە حکومەت لەخزمەت خەڵکدابوەو هەوڵدراوە پەیوەندی نێوانیان زۆرنزیک وپتەو بێت ،بەشێوەیەک ببنە تەواوکەری یەکدی ،بەڵام لەم ساتە وەختەدا پەیوەندی نێوان خەڵک وحکومەتی هەرێم هێندەی تاڵە مویەکی ماوە ئەویش پساوەو لەپچڕانی تەواو نزیکبۆتەوە.
ماوەتەوە بڵێین ئەم هەرێمە هێند جیاوازی تێدایە کەلە ژماردن نایەن و ئەمانەش مشتێکن لەخەروارێک بۆیە دەتوانین بڵێین کوردستان هەرێمێکە جیاوازترە لە جیاوازیش.

* ئەندامی پەرلەمانی کوردستان


PM:02:39:19/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 3952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی