گەندەڵی ومافی مرۆڤ

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

دوێنێ ۹-۱۲ و ئەمڕۆ ۱۰-۱۲ وەک دوو ڕۆژی جیهانی دیاریکروان ، یەکەمیان بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ، و دووەمیشیان بۆ مافی مرۆڤ .

بەبڕوای من هیچیان پێویستی بەدیاریکردنی ڕۆژێکی تایبەت نیە چونکە گەندەڵی هێندە بەربڵاوو فروانە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ دەبێت ڕووبەڕوویان ببینەوە .

مرۆڤەکانیش پێویستیان بەوەیە هەموو کات مافپارێزراوبن ولە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین .

گەندەڵی مرۆڤەکان دەیکەن ،و مرۆڤەکانیش سەرچاوەی دروستبوونی گەندەڵین .

مەترسیەکانی گەندەڵی بەپێی پێوەرەنێودەوڵەتیەکان لەدوای تێرۆرەوە دێت لەڕووی هەڕەشەوە بۆسەر کۆمەڵگاومرۆڤایەتی .

مرۆڤیش گەورەترین وزیرەکترین بونەوەری سەرزەوییە لەڕووی ژیریی و مەعریفەوە ، بۆیە بۆ بەگژاچونەوەی مەترسیەکی زەبەلاح وترسناکی وەک گەندەڵی ئەوە پێویستی بەعەقڵی بونەوەرە گەورەوژیرەکانە لەسەر زەمینی واقیعدا .

بەداخەوە لەساڵانی ڕابردوودا گەر گەندەڵی ومشەخۆری حاڵەت بوبێت ، لەئێستادا تەشەنەیکردوەو بۆتەدیاردەیەکی ترسناک ومەترسیدار لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا ، لەوەش خراپتر هێندە خراپ ئەو پەتایە تەشەنەیکردوەو مرۆڤەکانی تێوەئاڵاوگلاوە خەریکە گەندەڵی دەبێت یان دەکرێته بەرژەوەندی گشتی .

بۆیە مرۆڤەکان پێویست دەکات لەچەندئاستێکدا لەڕێی دامەزراوە فەرمی ونافەرمیەکانیشەوە ڕووبەڕووی گەندەڵی وگەندەڵکارانیش ببنەوە.

لەدنیادا مرۆڤەگەندەڵەکان شەرمەزارو ڕیسوا دەکرێن بەڵام لەم مەملەکەتەی ئێمەدا پۆست وپایەی زیاتریان پێ دەدرێت ، لەوڵاتانی تر هەرکەس گەندەڵکارێک ئاشکرا بکات جگەلە ڕێزلێنانی تایبەت خەڵاتی ئازایەتیشی دەکرێت ، کەچی لەم هەرێم ووڵاتەدا ئەوەی گەندەڵی ئاشکرادەکات لەلایەن گەندەڵکارەکەوە ژیانی دەخرێتە مەترسیەوە.

لەم هەرێمەی لەمەڕخۆماندا هەموو شتەکان پێچەوانەدەبنەوە گەندەڵکاری ڕۆژ گاڵتە بەمشەخۆری شەو دەکات و مشەخۆرەکانیش پێکەنینیان بە مشورخۆرەکان دێت.

بۆیە هێندە بەسە بوترێت گەر ڕووبەڕوو بونەوەی گەندەڵی شەرمەزارکردنی گەندەڵکاران نەکرێتە کلتورێکی هەمیشەیی وبەتەواوی نەچەسپێنرێت لەناخ وهزرماندا ئەوا دوور نیە لەچەند ساڵێکی داهاتوی نزیکدا گەندەڵکاران ڕۆحمان بەشێنەیی ودەست جەمعی دەکێشن.

گرنگ نیە ڕۆژێک بۆ دژەگەندەڵی و ڕۆژێ بۆمافەکانمان هەبێت ، گرنگتر لەوە سازوئامادەبونمانە بۆ چاکسازی و پاراستنی شکۆی مرۆڤبونمان.


PM:05:26:10/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 890 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی