‌ئەنجومەنی پاراستنی مافی بەکاربەر دابمەزرێنن باشترە
PM:05:00:17/10/2018
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

حکومەتی هەرێم بڕیاری دروستکردنی دامەزراوەی نشتمانی دەرمانیدا ، کەتایبەتە بەکڕین وبەرهەمهێنان وفرۆشتنی دەرمان . بنیادنان ودامەزراندنی دامەزراوەیەکی لەو چەشنەو جێبەجێکردنی بڕیاروڕاسپاردەکانی تایبەت بەو دامەزراوەیەو نەهێشتنی قۆرخکاری لەوبوارەدا  بۆئێستای هەرێم گرنگە ، چونکە لەئێستادا لەچەندین وڵاتی جیاجیاوە هێندە دەرمان دێتە هەرێم کەنەک بەشی پێداویستی پێنج ملیۆن هاوڵاتی بەڵکو بەشی زیاتر لەپێنج هێندەی دانیشتوانی ئێستای هەرێم دەکات .

لەئێستادا ( ۲۸۳)کۆمپانیای تایبەت بەدەرمان وپێداویستی پزیشکی هەیەلەهەرێمدا ،  کەلەنێویاندا ( ۱۸۰) کۆمپانیایان تەنها تایبەتە بەدەرمان.

حکومەت وبەرپرسەکانی دەڵێن کەئەم دامەزراوەیە بۆپاراستنی مافی بەکاربەرە ، بەڵام حکومەت لەبری ئەم دامەزراوەیە کەبەتەنها تایبەتە بەدەرمان دەیتوانی ئەنجومەنی پاراستنی مافی بەکاربەری دابمەزاندایە کە لەساڵی (۲۰۱۰)وەو لەکابینەی شەشەمدا کە د.بەرهەم ئەحمەدساڵح سەرۆکی بوو بەفەرمی بڕیاری دامەزراندنی درا بەڵام لەوساتەوە تاکو ئێستا ئەو دامەزراوەگرنگە نەک بنیاد نەنراوە بەڵکو بیریش چۆتەوە ، کەلەڕێگەیەوە دەتوانرا ڕێگە لەهاوردەکردن وبەرهەمهێنانی کاڵاو شمەک وخواردن وخواردنەوەی کوالێتی نزم وساختەبگیرایە بەدەرمانیشەوە .چونکە پێکهاتەی ئەنجومەنە نوێنەری وەزارەتەکانی ( بازرگانی وپیشەسازی، کشتوکاڵ ، تەندروستی ، گواستنەوەوگەیاندن) .....وهتد تێدادەبێت.

بۆیە گەر حکومەت وبەرپرسەکانی هەربەڕاست دەیانەوێت کاڵای باش و تەندروست و دوورلەساختەکاری بێتە نێو هەرێم و هاوڵاتیانیش جۆرێک دڵنیاییان لادروست بێت ئەوا باشترین وپێویست ترین کارێک کەبیکات دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنەیە کە زیاتر لە هەشت ساڵە بڕیاری لێدراوە .

وەهەربۆ ئەومەبەستەش لەپەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (۹)ی ساڵی (۲۰۱۰) کەتایبەت بوو بەجێبەجێکردن وبەرکارکردنی یاسای ژمارە ( ۱)ی ساڵی ( ۲۰۱۰) ی پاراستنی بەکاربەری فیدڕاڵ دەرکرا ، و لەبەرواری ( ۱٦-۸-۲۰۱۰) وە لەڕۆژنامەی (وقائع کوردستان) بڵاوکرایەوە کەبەپێی یاساکە دەبوایە دوای تێپەڕببونی یەک مانگ بەسەربڵاوکردنەوەی یاساکە لەڕۆژنامەی فەرمی (وقائع کوردستان) دەست بەجێبەجێکردنی بکرێت ، وە ئەنجومەنی پاراستنی بەکاربەیش دابمەزرایە .

بەڵام تائێستاشی لەگەڵدا بێت کەهەڵبژاردن بۆخولی پێنجەمی پەرلەمانیشکراوەو خەریکە وادەی کارکردنی کابینەی هەشتەمی حکومەتیش کۆتایی پێ دێت ، نەئەنجومەنەکە دامەزراوەو نەکاریش بەو یاسایەی بەکاربەری فیدڕاڵ دەکرێت.

بۆیە یاساو بڕیار کەنەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوەو بەرکارنەکرێت جگەلەنوسراوێکی سەرکاغەز هیچی ترنیە.

وەئێمە لەم خولی چوارەدا وەک لیژنەی تایبەتمەند واتا لیژنەی بازرگانی وبەکاربەرلەپەرلەمانی کوردستان چەندین جار نوسراومانکردوە بۆ حکومەت ولایەنی پەیوەندیدار بۆدامەزراندنی ئەنجومەنەکەو بەرکارکردنی یاساکەی فیدڕاڵ بەڵام بەداخەوە حکومەت وبەرپرسەکانی لەساڵانی ڕابردوودا تابەئێستاش دەگات وەڵامێکی ڕونیان نەداینەوە کەبۆچی لەئاست دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە خۆیان کردۆتە کەڕڕەی شەربەت وفززەیان لەخۆیان بڕیوە.

خوازیارم بنیادنانی دامەزراوەی دەرمان سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنی پاراستنی بەکاربەربێت لەهەرێمدا ، چونکە هەرێمێک بەتەواوی بەکاربێت وچاوەڕوان بێت کاڵاوشمەک وپێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی لە دەرەوە بۆهاوردە بکرێت ئەوا بۆپاراستنی ماف و دڵنییایی لەو کاڵاوشمەکانەی ڕۆژانە بەکاری دێنێت ، دامەزراندنی ئەوئەنجومەنە لەئەنجومەنی نەوت وغازبۆ پێویسترە کەسەرۆک وجێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی سامانەسروشتیەکان ، دارایی وپلان دانان سەرپەرشتی دەکەن وتێیدا ئەندامن .

بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی وبەکاربەری پەرلەمانی کوردستان

ئه‌م بابه‌ته 531 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی


زۆرترین خوێندراو
وتارەکانی تری نوسەر

Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.