ئاوی هەرێم لەژێر هەڕەشەو مەترسی گەورەدایە

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا


ئاو سامانێکی نیشتمانی گرنگەو سەرچاوەیەکی گرنگیشە بۆ مرۆڤایەتی بەمەبەستی بەکارهێنانی لەچەند بوارێکی جیاجیای ڕۆژانەدا ،
ئەمە جگە لەوەی کە ( ئاو ) بە زێڕی سپی پێناسەش کراوە .

(۲۲ ـ ۳ )ی هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە وەک ڕۆژی جیهانی ئاو دیاریکراوە ،کەلە ڕاستیدا نەک دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ئاو بەڵکو پێویستە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ پلان ونەخشە ڕێگای بەردەوام هەبێت بۆ گرنگیدانی زیاتر بە ئاو چونکە بەردەوامی ژیان پەیوەستە بەئاوو سەرچاوەکانیەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان دابەشبونی گۆی زەوی (۲۳٪ )ی وشکانی و(۷۷٪) ی ئاوییەوکۆی گشتی ئاوی جیهانیش نزیکەی( ۱۳٥۷) ملێۆن ونیو کیلۆمەتر سێجایە کە (۹۷٪) ی ئاوی زەریاکانەوسوێرەو( ۲٪) و پۆینت ٨۷ یشی ئاوی سازگارە .

دابەشبونی بڕی ئاویش بەسەر کیشوەرەکانی دنیاو ژمارەی دانیشتوانەکەی جودایەو ئەوەش یەکێکە لەگرفتەکانی سەرهەڵدانی کێشەوقەیرانی ئاو ، بۆ نمونە کیشوەری ئاسیا کە(٦۰٪ )دانیشتوانی گۆی زەوی پێکدێنێت کەچی( ۳٦٪ )ی ئاوی جیهان لەو کیشوەرەدایە بەڵام کیشوەرێکی وەکو ئەمریکای باشور کە تەنها( ٦٪) ی دانیشتوانی جیهان لەخۆ دەگرێت لە( ۲٦٪ )ی ئاوی جیهانی تێداکۆبوەتەوە.
وەبەکارهێنانی ئاویش لەنێوان وڵاتە پێشکەوتوو پاشکەوتوەکاندا جیاوازییەکانیان ئاسمان وڕێسمانە ، بۆ نمونە لەوڵاتانی پێشکەوتودا (۷۰٪) ی ئاو بۆ کشتوکاڵ و (۲۰٪ )ی بۆ پیشەسازی و( ۱۰٪ )یشی بۆکاروباری نێوماڵ بەکار دەهێنرێت بەڵام لەوڵاتانی تازەگەشەکردودا (۸٥٪ )بۆ (۹٥٪ )ی بۆ کشتوکاڵ و (٥٪) بۆ (۱٥٪) ی بۆ پیشەسازی و ناو ماڵ بەکار دەهێنرێت .

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕاپۆرتەکانی کەجێی باوەڕن ڕێژەی کەمبونی ئاوی پاک بۆخواردنەوە وپێداویستیەکانی ڕۆژانە لەکەمبونەوەدایەو بەپێی پێشبینیەکانیش لەساڵی (۲۰۳۰)دا ڕێژەی (٤۰٪) ئاوی سەر زەوی بەبەراورد بەپێداویستی ئادەمیزاد کەمدەکات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کەئێمەش بەشێکین لێی زۆرترینی ئەو قەیرانە بەرۆکی دەگرێت ، بۆیە دەبێت خاوەن پلان ونەخشەڕێگای هەمەجۆربین .

ئایا هەرێمی کوردستان قەیرانی ئاوی هەیە ؟

بەپێی وتەی شارەزایانی بواری جیۆلۆجی وئاو هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە( ٤٥) ملیارمەتر سێجائاوە ، بەپێی ڕەشنوسی نەخشەڕێگای وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو لە (۲۰۱٤ بۆ ۲۰۱٨ )دا هاتوە کە هەرێم خاوەنی (۳۰ )ملیار مەتر سێجا ئاوی سەر زەوی و( ٥ )ملیارمەترسێجا ئاوی ژێر زەوییە ،لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لەئێستادا پێویستی بەکەمترلە( ٨ )ملیارد مەترسێجا ئاو هەیە .
واتا هەرێم زیاتر لەچوار هێندەی پێداویستیەکەی خاوەنی ئاوە بەڵام نەتوانراوە نەئاوی پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت و نە زۆرینەی زەوییەکشتوکاڵیەکانییشی پێ بەراوبکرێن .

لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە لەهەرێمی کوردستاندا کێشەی کەمی ونەبونی ئاومان نیە بەڵکو کێشەمان لەبەڕێوەبردنی ئاودا هەیە ، بۆنمونە هەرێمی کوردستان ئاوی زۆر زیاترە لە وڵاتێکی وەکو عەرەبستانی سعودیە ،ئەمەجگەلەوەی کە هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئوردن ئاویان زۆر کەمترە لەهەرێمی کوردستان بەڵام ئەوان ئیدارەی بەهێزوتۆکمەیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی وپاراستنی ئاو .

هەرێمی کوردستان لەئێستادا خاوەنی( ۱۷) بەنداوە کە سیانیان هی سەردەمی ڕژێمی پێشون کەتائێستا ئەو سێ بەنداوە توانای گلدانەوەی زۆرترین ئاویان هەیە ( نزیکەی ۱۰ ملیارد مەترسێجا ) لەهەرێمدا کەبریتین لە بەنداوەکانی (دوکان ، دەربەندیخان ، دهۆک ) وە (۲۰ )بەنداوی تریش لەجێبەجێکردندان و دیزاینیان بۆ کراوە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانیان وەستاون یان بەسستی بەڕێوە دەچن هەرچەندە حکومەت بڕی( ۱۱) ملیارد دیناری بۆ (٨ )لەو بەنداوانە تەرخانکردوە کە کارکردن تێیاندا گەیشتۆتە (۸۰٪) وبڕیارە لەمساڵدا واتا( ۲۰۱۷) تەواوبکرێن ، بەڵام یەکێک لەو گرفتانەی کە لەم بەنداوانەدا بەڕوونی دیارن بچوکن وتوانای گلدانەوەی ئاویان کەمە .
ئەمەلەکاتێکدایە کەهەرێمی کوردستان پێویستی بە کۆگاکردنی( ۱٥ بۆ ۲۰ )ملیارد مەتر سێجا ئاو هەیە لە گەڵ(۳٥۰ )بەنداوی گەورەو مام ناوەندو بچوکدا تاکو ڕووبەڕووی گرفت وقەیرانی ئاو نەبێت وتاڕادەیەک ئاسایشی ئاوی تێدا پارێزراو بێت .

ئایا سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم مەترسیان لەسەر هەیە ؟

لەگەڵ ئەوەی کەهەرێمی کوردستان خاوەنی (۳۰ )ملیارد مەتر سێجا ئاوی سەر زەوییە بەڵام بەشێکی زۆری ئەم ئاوانە لەدەرەوە واتا لەباکورو ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کەهەردوو دەوڵەتی تورکیاو ئێران لەئێستادا فەرمانڕەوایی دەکەن دەڕژێنە ناو هەرێمی کوردستان (باشوری کوردستان ) بۆیە هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران جگە لەوەی پابەند نابن بە پەیماننامە وڕێککەوتنامە ئاوییە نێودەوڵەتیەکان کەلەنێوان وڵاتاندا هەیە کە خاوەنی ڕووباری هاوبەشن ، لەماوەی ڕابردوداو بە ئێسناشەوە کاردەکەن بۆ وشککردن وکەمکرنەوەو گۆڕینی ڕێڕەوە ئاوییەکانە کە دەڕژێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان ، بۆ نمونە:

وڵاتی تورکیا چەند ساڵێکە سەرقاڵی پڕۆژەیەکی گەورەیە بەناوی (پڕۆژەی گاپ) کە پێکدێت لە( ۲۲ )بەنداو ، بەشێوەیەک( ۱٤) لەو بەنداوانە لەسەر ڕووباری فوڕاتن و( ٨ )بەنداویشیان لەسەر ڕووباری دیجلەن کەبەتەواوبونیان کاریگەری زۆریان دەبێت لەسەر کەمبونەوەی ئاوی سەر زەوی لەهەرێم و عێراقیشدا .

وڵاتی ئێرانیش جگە لە دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو ئاووڕوبارانەی کە دەڕژێنە هەرێمی کوردستان ، تونێلێکی گەورەشی دروستکردوە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی سیروان کە لە (۷۰٪ )ی ئاوەکەی لە ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان ) دێتە هەرێم وەلە ئێستادا لەیەک چرکەدا تەنها( ۹ )مەترسێجا ئاو دەڕژێتە بەنداوی دەربەندیخانەوە لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو( ۲۰۱٦) لەهەمان کات وساتدا لەچرکەیەکدا (۱٦۰ )مەترسێجا ئاو دەڕژایە بەنداوەکەوە .

وەحکومەتی فیدڕاڵی عێراقیش جگە لەدەربڕینی نیگەرانی بەرامبەر دروستکردنی بەنداوو لێدانی تونێل بۆ کەمکردنەوەو گۆڕینی ئاڕاستەی ئاوەکان بەهەردوو دەوڵەتی تورکیاو ئێران داواشی کردوە کە پێویستە پابەند بن بە ڕێککەوتنە ئاوییەکانەوە و مەترسیەکانی ئەو کارانەشیان خستۆتەڕوو ، بەڵام هەردوو وڵات بەسود وەرگرتن لە لاوازی و ئاڵۆزییەکان و یەکدەنگ نەبونی عێراق بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی هەڕەشەکان بەردەوامن لەکارەکانیان و لەو ڕوەشەوە ئامادەی گفتوگۆو دانوستاندن نین لەگەڵ وڵاتی عێراقدا .

چۆن ڕووبە ڕووی هەڕەشەکانی سەر ئاوی هەرێم ببینەوە؟

شیرینترین وسازگارترین ئاوی دونیا ئاوی کوردستانە ، بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی دەبێت چەندین هەنگاوی خێرا بهاوێژرێت لەوانە ؛

ــ لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستاندا بەزوویی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای پاراستن وبەڕێوەبردنی ئاو بکرێت و بکرێتە یاسایەکی کارپێکراوی هەرێم چونکە بەو یاسایە دەتوانرێت بەربگیرێت بەو بێسەروبەریەی بەئاو دەکرێت .

ــ لە ۱ی نیسانی( ۲۰۱٥ )وە لەپەرلەمانی کوردستان یاسای سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی وگازییەکان دەرچوێنرا بەڵام حکومەت تائێساش کاربەم یاسایە ناکات وسندوقەکەشی دروستنەکردوە، بۆیە دەبێت حکومەت بەزوویی پابەندبکرێت بە جێبەجێکردنی ماددەوبڕگەکانی یاساکە کەلەخاڵێکدا ئاماژەبۆ ئەوە کراوە کە دەبێت بەشێک لەو داهاتەی دێتە سندوقەکە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشنوکاڵ بێت کەلەئێستادا ئاو بەشێکە لە سێکتەری کشتوکاڵی هەرێم .

ــ وەک چۆن گرنگی بە نەوت وسوتەمەنی دەدرێت دەبێت بەهەمان شێوەش گرنگی بەسێکتەری ئاو بدرێت چونکە گەربەدیلی نەوت با،ئەتۆم وتیشکی خۆربێت ئەوا هەرگیز ئاوبەدیلی نیەونابێت.

ــ هەموو پێشکەوتنەکان کەلەهەرێم کراون لەسەر حسابی ئاوی ژێر زەوی بوون ،بۆیە دەکرێت ئاوی ژێر زەوی بکرێتە سامانێکی نەتەوەیی چونکە لە( ٦۷٪ )ی ئاوی دەرهێنراوی ژێر زەوی بەهەدەر ڕۆیشتوەودەڕوات ، بۆنمونە پارێزگای هەولێر پێویستی بە( ۱٥۰۰) بیر هەیە بەڵام( ۱۱ )هەزار بیرلێدراوە ، ئەمەجگەلەوەی لەهەرێمدا (۲۲ )هەزارو (٥٦۰) بیری بێ مۆڵەت لێدراوە .

ــ کەمکردنەوەی زیادەڕۆییەکانی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان بە ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویشەوە .

ــ ڕاگەیاندنی هەڵمەتێکی گەورەی نیشتمانی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەبەفیڕۆنەدانی ئاو .

ــ سود وەرگرنن لەسامانی ئاوی نائاسایی وەک چارەسەروپاککردنەوەی ئاوی بەکارهاتوی ماڵان و شوێنەگشیەکان ، هەروەها پاککردنەوەی ئاوی زیادە لەئاودانی کشتوکاڵ و سود وەرگرتن لەشێوازی تازەی ئاودانی زەوییە کشتوکاڵیەکان .

ــ دروستکردن وبنیاد نانی سەدان بەنداوو پۆندی نوێ بۆ گلدانەوەی بڕی ئاوی زیاترلەوەی هەیە ، وەبوژاندنەوەوپاککردنەوەی کارێزوکانیاوەکوێرەوە بوەکانی کوردستان .

ــ لەهاویناندا بڕی بەردانەوەی ئاو بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق سنوردار بکرێت چونکە زۆر جار عێراق داوای بەردانەوەی ئاوێکی زۆر دەکات ،لەکاتێکدا فشارێکی ڕاستەقینەوئاگادارکردنەوەیەکی توندی نەبوە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ کە بەئاشکرا کاردەکەن وبەردەوامیشن لە کەمکردنەوەو وشککردنی سەرچاوە ئاوییەکان .

ــ لێدانی بیر سنودار بکرێت و لیژنەی شارەزایان بڕیاردەر بن لەو بارەیەوە نەک لەگەڵ هەڵکەندنی بیرێکی مۆڵەت پێدراو چەندین بیری بێ مۆڵەتیش لێبدرێت ، لەوڵاتێکی وەک ئوردن گەر بیرێک هەڵبکەندرێت دەبێت پادشای وڵات ڕەزامەند بێت و واژۆی تایبەتی خۆی لەسەر نوسراوی داواکارییەکەدا هەبێت ، لەئیسرائیلیش لێدانی بیر بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە ، تەنانەت لەوڵاتێکی وەک کەنەدا بەیاسا ڕێکخراوە کەگەر هاتوو بیرە نەوتێک لێدراو بە دوری ئەویش بە( ٥۰۰ )مەتر بیری ئاو یان ئاوی ژێر زەوی هەبوو ڕێگە بە هەڵکەندنی ئەو بیرە نەوتە نادرێت لەکاتێکدا کەنەدا گەر هەمووی دەریاچەنەبێ ئەوا وڵاتێکە پڕیەتی لە دەریاچەی ئاوو بەهەزاران ساڵی تریش توشی گرفت وقەیرانی ئاو نابێت .

بەڵام لەهەرێمی کوردستان نەک ئاوی ژێر زەوی بەڵکو سەدان دۆنم زەوی بەپیت و بەرەکەت دەکرێتە قوربانی بیرۆچکەیەکی نەوت.

*ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ وئاژەڵداری وئاودێری وبەنداوەکان لە پەرلەمانی کوردستان .


AM:09:38:22/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 7262 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی