لەیادی ڕاپەڕیندا ، جامی ناڕەزایی خەڵک لەپڕ پڕترە

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

ئەمڕۆ ۲٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەرڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا ، پێش هەموو شتێک پیرۆزبایی لەخەڵکی کوردستان وئەو تێکۆشەرانە دەکەم کەنەخشەوپلانی ڕاپەڕینیان داڕشت و،درودیش بۆ ئەو شەهیدانەی کەبەحەماسێکی زۆرەوە وبۆ سەرخستنی ڕاپەڕین گیانی خۆیان بەختکرد .

خەڵکی کوردستان لەوساتەی بڕیاری ڕاپەڕینیاندا لەبەرامبەر ڕژێمێکی دڕەندەوشۆڤێنی وەک ڕژێمی بەعس و لەماوەیەکی کورتخایەندا دارودەستەکەیان لەکوردستان وەدەرنا چاوەڕوانی هەڵهاتنی ئاسۆیەکی ڕوونیان دەکرد ، چاوەڕێی دنیایەک خۆزگەوئاوات بوون کەساڵانێک بوو بۆی تێدەکۆشان وخەبانیان بۆیدەکرد ، بەڵام بەداخەوە ئەو ئاسۆیەی کەهەڵهات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو لێڵ بوون دەچوو ،خۆزگەو ئاواتەکانیش زۆرینەی هەرە زۆرییان نەک بەدینەهاتن بەڵکو بەتەواوی لەگۆڕنران .

خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی ڕاپەڕی ، بۆ کۆتایی هێنان بە زوڵم و ستەم بەرخۆدانی کرد کەچی دوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەک لەفەرمانڕەوایی خۆماڵی و فرۆشنی سامانی سەر زەوی وژێر زەوی جگە لەوەی کەئازادی لەنەمان نزیکبۆتەوەو بەرەو تەسکبونەوەی تەواو دەچێت و ، ستەمکردنیش چەند هێندە زیادیانکردوە و، هەرێمی کوردستانیشیان کردۆتە هەرێمکی پڕ لەهەژاری ، برسێتی ، بێکاری ، نادادی ، ڕق لێبونەوەی یەکدی و.......هتد .
هەرێمێک دانیشتوانەکەی گیرۆدەی چەندین قەیران وکێشەی جۆراوجۆر بوبێتن ، بەکوللە مەرگی ومەمرەومەژی ژیانی ڕۆژانەبەڕێبکەن ، لە ئایندەی ژیانی دڵنیا نەبێت ، مامەڵە بەژیان ودواڕۆژوئاوو خاکیەوە بکرێت ، گەورەترین شانازی ودەستکەوتەکانی بەرهەمی ڕاپەڕینەکەی کەدامەزراندنی پەرلەمان وحکومەتی کوردستانە ۱٨ مانگەپەکیخرابێت و حکومەتەکەشی ئیفلیجکرابێت .

ئیتر پێم ناڵێن دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بەچ چاووڕوەیەکەوە باس لە دەستکەوت و جوانیەکانی ڕاپەڕینێک دەکەن کەخەڵکی کوردستان بۆخۆیان داینەمۆۆ پشتیوانی هەرەبەهێزی سەرخستن وسەرکەوتنی بوون ، بۆیە هەرئەوان بۆیان هەیە شانازی بەڕاپەڕین وبەرەنگاربونەوەی زوڵم وستەم بکەن ، نەک کەسانێک کە تابیناقاقایان لەلایەک نقومی گەندەڵین و لەلەیەکی تریشەوە یاری بەدەستکەوت و پیرۆزییەکانی ئەم میللەتە خێرلەخۆنەدیوە دەکەن .

گەربەرپرسانی ئەم هەرێمە پێیان وایە ئەم نوسین و وتانەی ئێمەو مانان وانیەو پوختان ودرۆی هەڵبەستراون ، ئەرک بکێشن و تۆزێک بەوردی و دیقەتەوە دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بخوێننەوە کەلەسەرداوای کۆنگرێسی ئەو وڵاتە ساڵانە ئامادەی دەکات لەسەرمافی مرۆڤ وئازادی ڕۆژنامەوانی وشەفافیەت وخۆپیشاندانی گەلانی ۲۰۰ وڵاتی دنیا لەڕێی باڵوێزو کونسوڵگەرییەکانیەوە لەوڵاتان ، کەبەشێکی تایبەتەبەهەرێمی کوردستان و تێیدا هاتوە کەحکومەت وحیزبە باڵادەستەکان هەڵبەت لەڕووی هێزوپارەوە ، چۆن یاسا پێشێلدەکەن ، ڕێگە لەسەرۆکی پەرلەمان دەگرن وکۆبونەوەکانی ئەنجامنادرێت ، ڕۆژنامەنوس لەژێرئەشکەنجەدا دەکوژرێت، کارئاسانی بۆ دەزگاڕاگەیاندنەکانی نزیک لەخۆیان دەکەن ، گەندەڵی هەموو جومگەکانی تەنیوە ، ناشەفافی لەبواری نەوتدا زۆرو زەوەندە و ......هتد .

بۆیە ئیتر کاتی ئەوە هاتوە ئەوانەی کەخۆیان بەخەمخۆری خەڵک و ، دڵسۆزی ئەم هەرێمە وخەڵکە بەشمەینەتەکەی دەزانن چیدیکە بێدەنگ نەبن لەئاست ئەو هەموو زوڵم وستەمەی کەلەئێستادا لەخاک وخەڵکی کوردستان دەکرێت .
چونکە خەڵکی کوردستان توڕەییەکەیان هێندە زۆرەو لەجامی پڕ زیادیکردوە خەریکە لێیدەڕژێت .



PM:05:36:05/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 3770 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی