‌کەرتی کشتوکاڵ چۆن دەبوژێنرێتەوە؟
PM:07:49:03/03/2017
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

پێش زیاتر لە ۹ هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆیەکەمینجار مرۆڤ لەکوردستاندا پاچی لەزەویدا و دەستیکرد بەکشتوکاڵکردن، ئەمە جگە لەوەی کەکشتوکاڵ زۆر لەمێژە بەیەکەمین خاڵی وەرچەرخانی مرۆڤایەتی دادەنرێت بەرەو شارستانیەتیەکان، پێناسەکەشی بەکوردی و بەکورتی بریتیە لەکێڵگەداری و ئاژەڵداری .
لەهەرێمی کوردستاندا هەموو ڕەگەز و بنەماکانی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ کەبریتین لە بونی خاکی بەپیت، ئاووهەوای گونجاو دەستی کاری باش بەزیادەوە بونیان هەیە، تەنانەت کوردستان لەڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقیاش لەدوای وڵاتی سودان بە دووەمین سەبەتەی خۆراک دادەنرێت، بەڵام ئەوەی لەماوەی چارەکەسەدەی فەرمانڕەوایی خۆماڵیدا بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ڕزگارکردنی لەپوکانەوە نەبووە و نەکراوە ویستێکی ڕاستەقینەو پلان و نەخشەڕێگای تۆکمەبووە بۆ ئەم کەرتە گرنگەی هەرێم .

کشتوکاڵ بەدابینکردنی بودجەی پێویست و هاوکاری جوتیار و سود وەرگرتن لەتەکنەلۆژیای سەردەم و ساخکردنەوەی بەروبوومەکانی پێشدەکەوێت، بەڵام لەم هەرێمەدا لەو کاتانەی کەبودجەیەکی خەیاڵی دەهاتە کوردستان کەمتر لە ۲٪ ی بودجەی هەرێم بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاو دابیندەکرا کەهەردووئاسایشی خۆراک وئاوی پێوە بەندە، ئەمە لەکاتێکدایە پێویستە ئەو وڵات و هەرێمانەی کە ناتوانن ئاسایشی خۆراکیان دابین بکەن لانی کەم ۱۰٪ی بودجەی وڵات بۆ سێکتەری کشتوکاڵ دابینبکرێت .

لەزۆرێک لەوڵاتانی دنیا حکومەت هاوکاری جوتیارەکانی دەکات بۆ ئەوەی زیاتر پەیوەست بن بە زەوییەکانیانەوە، نمونەی ئەو وڵاتانەش ئیتاڵیا بۆهێکتارێک زەوی ۱۰۰۰ ئیرۆ دەداتە جوتیار و یۆنانیش ٥۷٥ ئیرۆ، بەڵام لەهەرێم بەهۆی نەگەیشتنی پێداویستیەکان و هاوکارینەکردنی جوتیاران، وادەکات کەبەشی هەرە زۆری جوتیاران
بەقەرز زەوی بکێڵن، بنەتۆ بهێنن، پەینی کیمیای و دەرمانی قڕکەڕ پەیدا بکەن واتا جوتیار قەرزاری دوکاندار و کرێکار و شۆفێرانیش دەبێ.

لەوڵاتانی دنیا نەک زەوی کشتوکاڵی پارێزاو دەبێت، بەڵکو دەشیانەوێت سود لەزەوییە بەردەڵانەکانیش وەربگرن، کەچی لەهەرێمی کوردساندا تەنها حکومەت خۆی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥۰۰ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی فەوتاندووە ئەویش بەفراوانبونی سنوری شارەوانیەکانی شار و شارۆچکەکان لەسەر حسابی زەوی کشتوکاڵی، جگە لەداگیرکردنی هەزاران دۆنم زەوی و تەلبەندکردنیان لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی هەرێم و دروستکردنی ڤێللا لەسەریان .
لەدیداری سلێمانی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ئاو لەهەرێمدا جێگری سەرۆکی حکومەت بەڕێز قوباد تاڵەبانی زۆر بەڕاشکاوی وتی ( جوتیار و شوان و گاوانمان لەکوردستان نەهێشت و هەموویمان لەسلکی سەربارزی و ئەمنیدا دامەزراند) ئەمە هەڵەیەکی ئێجگار گەورەو کوشندەبوو بۆ سێکتەری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، یەکێک لەگرفتەکانی تر ئەوەیە جوتیاری ڕاستەقینە لەم هەرێمەدا ونە، لەچەند ساڵی ڕابردوودا لەسنوری پارێزگای هەولێردا ئامارێکی ئەو کەسانەیان کرد کەسەرقاڵ و خەریکی کاری کشتوکاڵین لەدوایدا دەرکەوت کە ڕێژەی ٥٥٪ ئەو کەسانە جگە لەکاری کشتوکاڵی کەدەیکەن فەرمانبەرن لەدام و دەزگاکانی حکومەت ئەمە بۆناوچەکانی دیکەش هەر ڕاستە، ئەمە لەکاتێکدا لەیاسای ژمارە ۱۱۷ ی چاکسازی کشتوکاڵی ساڵی ۱۹۷۰ی عێراقدا هاتووە (هەموو ئەو ئەو جوتیارانەی کەزەوی کشتوکاڵییان لەبەر دەستە نابێت دابمەزرێت و ببن موچەخۆری دەوڵەت نەبەفەرمی و نەبە گرێبەست) .

هۆکارگەلێکی تری زۆرهەن کە بوونەتە پەراوێزخستنی کەرتی کشوکاڵ و ئاودێری و ئاژەڵداری، بۆیە ئەگەر حکومەت گەرەکیەتی کشتوکاڵ ببوژێنێتەوە و بیکاتە سەرچاوەیەکی تری کۆکردنەوەی داهات ئەوا دەبێت جوتیار بکرێتە سەنتەری کارکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و جارێکی تر ئومێد بۆجوتیارانی کوردسان بگەڕێنرێەوە، وەتاکو نەتوانرێت بەروبوم و بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی کوردستان بازاڕییان بۆ بدۆزرێتەوە، ناکرێت باس لەپێشکەوتن و دووبارە بنیادنانەوەی کەرتی کشتوکاڵ بکرێت، چونکە بەبازاڕکردنی بەرووبومی کشتوکاڵی هاندەرە بۆ بەرزکردنەوەی توانای کێڵگەکانمان، ئەمەش لەڕێگای دامەزراندنی کۆمپانیای بچوک و هێنانی کۆمپانیای گەورە و بەشداریکردنی کەرتی تایبەت دەبێت لەبواری کشتوکاڵ و ئاودا، وەگرنگی دانی زۆریش بەبەروبومی خۆماڵی یەکێکە لەفاکتەرە گرنگەکانی گەشەکردن وپێشکەوتنی  کشتوکاڵ .

ماوەتەوە بڵێم هەرەسهێنانی کەرتی کشوکاڵ بەهەموو پێوانەیەک جۆرێکە لەداڕمان و هەرەسهێنانی ژێر خانی ئابوری کۆمەڵگە، بۆیە دەبێت بەهەموان کشوکاڵ و ئاو بپارێزین و ببینە پارێزەرێکی ڕاستەقینەی ئەم سێکتەرە گرنگەی ژیانی کۆمەڵگە .

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.