ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستان!

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

ساڵانە ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتی خۆی بڵاودەکاتەوە و تێیدا ڕێژەی زۆری شەفافی و گەندەڵی لەڕادەبەدەر لەوڵاتانی جیهان دیار و ڕیزبەندی دەکات.
 بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی( ۲۰۱٦ )ی ڕێکخراوەکە دانیمارک و نیوزلەندە بە بەدەستهێنانی ڕێژەی (۹۰٪ )ی بونی شەفافی و کەمی گەندەڵی و لێپرسینەوە تێیدا بەشەفافترین وڵات دیاریکردووە و سۆماڵیش بەناشەفافترین و گەندەڵترین وڵات لەڕیزبەندییەکەدا هاتووە، کەلەو ڕووەوەتەنها لە (۱۰٪)ی بەدەستهێناوە .

 ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ و جێگای بایەخ و لێوردبونەوەیە بونی عێراقە لەو ڕاپۆرتەدا کەلەپلەی پێنجەمدا هاتووە لەنێو (۱۷٦)وڵاتی جیهاندا کەڕێژەی شەفافیەت تێیدا تەنها ۱۷٪ یەو بەپێنجەمین وڵاتیش هەژمارکراوە لەزۆری بوونی گەندەڵی تێیدا .
 بەواتایەکی تر وڵاتی عێراق کەهەرێمی کوردسانیش بەشێکی دانەبڕاوە لێی تاکو ئێستا لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لەڕیزبەندی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی یەکێک بووە لە (۱۰)وڵاتە یەکەمەکانی جیهان ونەیتوانیوە لەو (۱۰) وڵاتە یەکەمەی کەڕێژەی گەندەڵی تێدا فولە و ناشەفافی لەخاڵی خاڵیترە بێتەدەرەوە و هەنگاوێک لەو ڕووەوە بهاوێژێت بەرەوشەفافی.

لەگەڵ هەبوونی چەندین دەستەو ڕێکخراو و گروپی جۆراوجۆری دژبەگەندەڵی و کارکردن بۆ هێنانەدی شەفافیەت لە دامودەزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کەچی هێشتا شەفافیەت تێیدا( ۱۷٪) تێپەڕ نەکات و تەنها (٤)پۆینت لەپێش وڵاتێکی وەکو سوریاوە بێت کە هەموان دەزانین بارودۆخی سوریا لەئێستادا جگە لەناوچە کوردییەکان چۆنە و لەچ حاڵێکدایە، چۆن هەرگروپ و دەستەیەک خۆی بەبەرپرس و فەرمانڕەوای شار و ناوچەوتەنانەت گەڕەکێکیش دەزانێت.

ئایا هەرێمی کوردستان لە عێراق شەفافترە یان گەندەڵتر؟ زانیمان کەعێراق لە ڕیزبەندی ناشەفافترین و گەندەڵترین وڵاتانی جیهان پلەی پێنجەمی وەرگرتووە، واتا لەکۆی (۱۷٦) وڵاتی جیهان لە (۱۷۱)وڵاتیان ناشەفافتر و گەندەڵترینیانە بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی .

 پرسیارەکە لێرەدایە ئایا عێراقێک کە لەئێستادا خاوەنی پەرلەمانێکی چالاک بێت و بەردەوام بێت لەلێپرسینەوە و متمانەسەندنەوە لەبەرپرس و وەزیرەکانی، خاوەنی دەستەیەکی دەستپاکی بێت کەچەندین بەرپرسی ڕەوانەی دادگاکان کردووە بۆلێپێچینەوە، دەستاودەستکردنی دەسەڵات تێیدا ئاسایی بێت، فرۆش و هەناردە و داهاتی نەوتی ڕوون و شەفاف و دیار بێت، بودجەی دیار و پەسەندکرا و بێت و......هتد... ، کەچی هێشتا پێنجەم وڵاتی جیهان بێت لەناشەفافی وگەندەڵیدا .

 ئەی ئەگەر هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوایە تۆ بڵێیت لەڕیزبەندیەکەدا چ پلەیەکی پێدەدرا، چونکە نزیکەی ساڵێک و چوار مانگە پەرلەمانەکەی بەبڕیارێکی حیزبی پەکخراوە، حکومەتەکەی بێ چاودێرییە و چی بەخواستی خۆیەتی دەیکات، کەس نازانێ ڕێژەی تەواوی هەناردەی نەوت و داهاتی و خەرجکردنەکەی چەندەوچۆنە، ڕێگە نەدرێت دیوانی چاودێری داراییەکەی چاودێری و وردبینی داهاتی سامانە سروشتیەکانی بکات، بودجەی دیار و پەسەندکراو نەبێت و.......هتد.... ، بۆیە ناکرێت ڕاپۆرتێکی لەو شێوەیە کەلەلایەن ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە بڵاودەکرێتەوە بەهەند وەرنەگیرێت و نادیدەبکرێت، بەڵکو گەر گەرەکمانە بەرە و شەفافیەت بڕۆین و دژی گەندەڵی بوەستینەوە دەبێت خاوەنی پەرلەمانێکی کارا، دەستەیەکی نەزاهەی چالاک، دیوانی چاودێرییەکی ورد، داواکاری گشتیەکی جدی، ڕێکخراو گەلێکی کۆمەڵگەی مەدەنی دژی گەندەڵی بوێر بین .
 چونکە وڵات بەسەروەری یاسا و چاودێری ورد و لێپێچینەوەی یاساشکێن و گەندەڵکاران شەفافیەت تێدا دروست دەبێت و گەندەڵیش بەرە و بنبڕی دەچێت.


PM:12:49:27/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 3429 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی