دۆناڵد ترەمپ سوپرایزی گەورەی تۆمارکرد

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەو ڕۆژەوەی بۆتە کاندیدی سەرۆک کۆمار لەلایەن پارتی کۆمارییەکان، لەلایەن هەندێ لە سیاسی و شرۆڤەکار وچاودێر و تەنانەت زۆرێک لە هاوڵاتیانیشەوە بە کەسێکی بێ ئەزمون و تەنانەت شێتیش لەقەڵەم دەدرا، بەڵام ترەمپ ئەم قسەوتێڕوانینانە نەک کاری لێنەکرد و پەشیمانی نەکردەوە لەخۆکاندیدکردنی، بەڵکو بە پێچەوانەوە و بەلێدوانە جیاواز و سەرەنج کێشەکانی سەرەنجی زۆرێک لەخەڵکی بەلای خۆیدا ڕاکێشا .

 بەهەرحاڵ ترەمپ توانی لە هیلاری بباتەوە کە ئۆبامای سەرۆک کۆمار ڕیکلامێکی زۆری بۆدەکرد و بیل کلینتنی هاوسەریشی کە خۆیی و ئۆباما ۱٦ ساڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بوون نەیانتوانی ببنە فریاد ڕەسی هیلاری کلینتن و بینێرنە نێو کۆشکی سپی، ئەمە جگە لەوەی هیلاری بۆخۆی کەسێکی ناسراوە لەدنیادا.

ترەمپ چەند سوپرایزێکی گەورەی تۆمارکرد لەوانە ؛ ــ ترەمپ توانی لەنێو کۆمارییەکاندا و لەنێو ۱۷ کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، لەهەموویانی بردەوە و بووە تاکە کاندیدی هەڵبژێردراوی کۆمارییەکان لەگەڵ ئەوەی ترەمپ دەمێک ساڵ نیە لە نێو پارتی کۆمارییەکان کاردەکات وچۆتە ناوییەوە .
 ــ ترەمپ توانی ببێتە ٤٥ هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و زۆرترین دەنگی هاوڵاتیانی ئەمریکا بۆ خۆی مسۆگەر بکات .

ــ ترەمپ هەموو ئەو سەنتەر و پەیمانگا جۆراوجۆرانەی بەدرۆ خستەوە کەگرەویان لەسەر دۆڕاندنی دەکرد، دەرکەوت کەتەنها هاوڵاتیان و دەنگدەرانی ئەمریکا بڕیاردەدەن کێ سەرۆکە .

 ــ ترەمپ لەگەڵ سەرکەوتنی سوپاسی هیلاری کرد کە پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێکردوە، دوای کێبڕکێیەکی زۆر لەهەڵبژاردنەکاندا.

ماوەتەوە بڵێین ئەوە ئیرادەی بەرزی هاوڵاتیانی ئەمریکایە کە ناهێڵن حیزبێک زیاتر لە ٨ ساڵ بەردەوام بێت لەحکومڕانی، بەڵکو گەلێکی زیندون  و هەمیشە حەزیان بە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە.

لەکۆتایدا سەرکەوتنی هیلاری یان ترەمپ وەک ناو بۆ ئێمە گرنگ نیە، بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە هەگبەی کارنامە و هەڵوێست و تێڕوانینەکانیانە لەبەرامبەر گەلی کورد و دۆزە ڕەواکەی، دەبێت باشیش هەموان ئەو ڕاستیە بزانین کە وتە و لێدوانەکانی ساتی بانگەشە شتێکی ترە و کارکردن لە ئەرزی واقیعدا شتێکی ترە .


PM:01:42:09/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 3561 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی