گومان ناكرێت یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ساڵانێكه دووچاری كێشه‌ی ناوخۆیی هاتووه و تادێت كێشه‌كانی خه‌ریكه یه‌كێتی له‌په‌لوپۆ ئه‌خات، ساڵانێكه ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی له‌چاوه‌ڕوانی چاره‌سه‌ری كێشهكانیدان و به‌وهیوایه‌ن كه یه‌كێتیه‌كه‌یان له‌و قه‌یرانه كوشنده‌یه ڕزگاری بێت. ڕه‌نگه كات زۆر دره‌نگ بوبێت بۆ چاره‌سه‌ر و بنبڕكردنی كێشه‌كان، به‌ڵام هێشتا هیوایه‌ك ماوه. هه‌رچه‌نده سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له گوتاره‌كانیاندا ئه‌ڵێن هه‌موومان ئه‌زانین كێشه‌كان له كوێن و چین، به‌ڵام پێده‌چێت ڕوحیه‌تی ته‌كه‌تول و ده‌سته‌گه‌ری هێنده زاڵ بێت كه ڕێگره له‌به‌رده‌م به‌كۆتا هێنانی كێشه‌كان.
نایه‌مه سه‌ر كێشه‌كان و په‌نجه ناخه‌مه سه‌ر برینه‌كان، چونكه زۆری له‌باره‌وه وترا و هه‌موومان له‌به‌ر كردووه. به‌ڵام ڕووداوه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو پێویستی به هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه و ده‌بێت یه‌كێتیه‌كان هه‌ندێك ڕاستی تر هه‌ن بیزانن به‌تایبه‌ت سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه.
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، دوو لایه‌ن له‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌هۆی ناكۆكیهكانیانهوه كه‌وتنه جموجۆڵ له دژی یه‌كتری و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له دژی یه‌كتری. ئه‌ڵبه‌ته من نامه‌وێت شه‌ن و كه‌وی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بكه‌م، به‌ڵكو ئه‌مه‌وێت بابه‌تێكی تر بوروژێنم ئه‌ویش هه‌بوونی ئاراسته‌ی سێهه‌مه له‌ناو یه‌كێتی.
هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی ناو یه‌كێتی كێشه و بێشه گه‌وره‌كه‌یان له‌سه‌ر كه‌مینه و زۆرینه‌یه، ئه‌مه‌شیان كردۆته خاڵی شه‌رعیه‌تدان یان ناشه‌رعی بوون، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌كه بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه له‌نێو یه‌كێتیدا ئاراسته‌یه‌كی تر هه‌یه، كه ڕه‌نگه شه‌رعیه‌تی موتڵه‌ق لای ئه‌وان بێت و زۆرینه‌ی ڕه‌هاش هه‌ر ئه‌وان بن، ئه‌و ئاراسته‌یه‌ش ئاراسته‌ی بێ لایه‌ن و بێ سه‌ر پهرشتهكانه.
به‌داخه‌وه وه‌ك چۆن سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به هه‌ردوو باڵهكهوه زۆرینه و كه‌مینه له نێو قیاده‌دا ئه‌كه‌نه پێوه‌ر، ئاوه‌هاش ڕاگه‌یاندنه‌كان كه‌وتنه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه و پێیان وایه ته‌واوی یه‌كێتی له‌ئه‌ندام و لایه‌نگرانی دابه‌ش بوونه‌ته سه‌ر ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌وه و ئاماده نین ڕاو سه‌رنجی ئاراسته‌ی سێیه‌م له‌سه‌ر كۆی كێشه‌كان و ڕووداوه گه‌رمه‌كانی نێوخۆی یه‌كێتی بخه‌نه‌ڕوو. لەڕاستیدا ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قه و غه‌درێكی گه‌وره‌شه له ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی، چونكه وه‌ك به‌رچاو ئه‌كه‌وێت بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی هێنده‌ی بێلایه‌نی تیایه هێنده په‌یڕه‌وكارانی ته‌كه‌تول و باڵه‌كانی تێدا نیه، ڕاسته هیچ به‌رپرسێك قیاده‌ی بێلایه‌نه‌كان ناكات، به‌ڵام خۆئه‌گه‌ر تێڕوانینێكی واقعی بكه‌ین بۆ بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی، ئه‌وا بێ دوودڵی بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێت زۆرینه‌ی ڕه‌ها له دژی ته‌كه‌تول و دژی باڵباڵێنن به‌ڵكو ئه‌وان له‌م كێشمه‌كێشانه‌دا ده‌وری بینه‌رێكی غه‌مبار ئه‌بینن و داخ بۆ بارودۆخی یه‌كێتی ئه‌خوازن.
لێره‌دا پێویسته ئه‌و ڕاستیه بڵێین، كه تێكۆشه‌رانی یه‌كێتی، پێشمهرگهدێرینهكان، كه‌م ئه‌ندامان، زیندانیانی سیاسی، ڕێكخستنه دێرینه‌كان، ئه‌ندام و لایه‌نگران و ده‌نگده‌رانی یه‌كێتی، ئه‌وانه‌ی پۆست و ئیمتیازی یه‌كێتیان لانیه، ئه‌وانه‌ی نه‌بوونه‌ته كاراكته‌ری كوتله‌كان، ئه‌وانه‌ی ڕاستگۆیانه پابه‌ندن به مه‌بده‌ئو پره‌نسیپه‌كانی یه‌كێتی و ئه‌وانه یه‌كێتین و پابه‌ندنین به په‌یامی هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك هێنده زۆرن كه ڕه‌نگه ژماره‌یان له هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی ناو یه‌كێتی زیاتر بێت.
به‌داخه‌وه كه هه‌م دوو باڵه‌كه‌ی ناو یه‌كێتی و هه‌م ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی كوردستان ئاراستی سێیه‌م نادیده ئه‌گرن و پێیان وایه بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیش دابه‌ش بۆته سه‌ر ئه‌م دوو باڵه، له ڕاستیدا وانیه، ئاخر بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بریتی نییه له مه‌كته‌بی سیاسی، سه‌ركردایه‌تی، ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی، مه‌كته‌ب و مه‌ڵبه‌نده‌كان، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بریتی نیه له كادیره پێشكه‌وتوه‌كان، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بریتی نییه له‌و كاراكته‌رانه‌ی له كه‌ناڵ و سۆسیال میدیاكان بانگه‌شه بۆ باڵ و ته‌كه‌توله‌كان ئه‌كه‌ن، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی له خانووه قوڕهكاندایه، له كوێره دێ و لادێ پشتگوێ خراوهكاندایه، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی له قه‌زا و ناحیه فهرامۆشكراوهكاندایه، له‌نێو پێشمه‌رگه و تێكۆشه‌ره دێرینه‌كان و كه‌مئه‌ندام و زیندانیانی سیاسیدایه، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی له‌نێو شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاردایه، زۆرینه‌ی یه‌كێتیه‌كان نه‌فره‌ت ئه‌كه‌ن له ته‌كه‌تول و ملشكاندنی یه‌كتری، ئه‌وانه‌ی دڵسۆزی یه‌كێتین و فرمێسكی ڕاسته‌قینه‌ی بۆ ئه‌ڕێژن ده‌یان هه‌زارن و خۆیان به ته‌كه‌تولی هیچ كه‌سێك نابینن جگه له یه‌كێتی.
بۆیه ئه‌ڵێم ئاراسته‌ی سێیه‌م له نێو یه‌كێتیدا هه‌یه و ئه‌و ئاراسته‌یه زۆرینه‌ن، ئه‌و ئاراسته‌یه ڕاسته نه‌خوێندراونه‌ته‌وه و گرنگیان پێ نه‌دراوه، به‌ڵام لێره به‌ولاوه گوشاری ئه‌و ئاراسته‌یه ئه‌یسه‌لمێنێت كه ئاراسته‌ی سێیه‌م له هه‌موو باڵه‌كان به‌هێزتره. بۆیه پێویسته به‌ر له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیش بێ‌باك نه‌بن له به‌رامبه‌ر ئاراسته‌ی سێیه‌م، هه‌وڵ نه‌ده‌ن ته‌نها له به‌رنامه‌كانیاندا كادرانی ئه‌و دوو باڵه بێننه گۆ به‌ڵكو كرنگیش به ئاراسته‌ی سێیه‌م بده‌ن كه پابه‌ند نین به په‌یامی هیچ ته‌كه‌تولێك و ڕای ئه‌وانیش وه‌رگرن كه ڕای ڕاست و دروستی یه‌كێتیه و ته‌نها و ته‌نها پابه‌ندن به په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی یه‌كێتی.
PM:09:18:03/09/2016
ئه‌م بابه‌ته 3745
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی