نابێت یەكێتی سازش بكات

‌چیا هاوار

لەدووای راپەڕینی بەهاری 1991 و هەڵبژاردنی یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی یەكەمی حكومەت، كۆمەڵێك كێشەی بنەڕەتی لە كوردستان دروستبوون و تا ئێستاش جگە لە تجمید كردن چارەسەری واقعیان بۆ نەدۆزراوەتەوە و پێ ناچێ‌ ئەو كێشانە بە ئاسانیش چارەسەر بكرێن. یەكێك لەو كێشانەی كە تائێستاش كورد و حكومەتەكەشی باجی لەپێناودا ئەدات مەسەلەی پەنجا بەپەنجای پشكەكانی حكومەتە یان حكومەتی تەوافوقی. بێگومان شەڕی ناوخۆ یەكێك بوو لە دەرهاویشتەكانی پەنجا بە پەنجا و نەگەیشتنە رێكەوتنێكی واقعی نێوان هەردوو هێزی سەرەكی كوردستان بوو، كێشمەكێشمەكانی ئێستای كوردستانیش بەهەمان شێوە لەسەر ناواقعی حكومەتی تەوافوقیە.

پارتی بەهۆی كورسیەكانیەوە ئەیەوێ‌ زۆرینەی رەها بێت بەڵام حكومەتەكەشی بۆ ئەوەی حكومەتێكی بێكێشە بێت ناوی بنێت حكومەتی تەوافوقی و بەشێوەیەكی لاواز و دەستەمۆ بەشداری بە هێزە براوەكانی تری هەڵبژاردن بكارت. ئەمەش وایكردووە بێمنەتانە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و گیرفان و جانتاكانیان پڕبێت لە بڕیاری پێشوەختە كە تێكڕایان لەبەرژەوەندی پارتیدابن و داواش لەبەرامبەرەكانیان بكەن بەمەرج و بڕیاری ئەوان بەشداری لە حكومەتی تەوافوقی بكەن!

گرتنەبەری ئەو شێوازە لە سیاسەت و دانوستانانەی پارتی لە لایەن یەكێتی رەتكراوەن، وەك نمونە دووا رێكەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و كێشەی پارێزگاری كەركوك و وەزیری دادی عیراقی و كۆمەڵك گرفتی تر و پاشگەزبونەوە لێیان بەڵگەی ئەوەن كە پارتی ئەیەوێ‌ تەنها ئەجێندای خۆسەپێنی خۆی لە كوردستان و عیراق جێبەجێ‌ بكات، ئەمەش رەنگە لە روكەشدا پارتی بێمنەتی نیشان بدات و ئەندام و لایەنگرانی خۆی وا تێبگەیەنێت كە لەعەمەلیەی پێكهێنانی حكومەت ئەجێنداكەی سەركەوتووە بەڵام لە واقعدا پێچەوانەكەی راستە چونكە پارتی و سەركردایەتیەكەی لەهەر كەس و لایەنێك باشتر ئەزانێت ئیدارەدانی ئەم وڵاتە بەتها بە پارتی ناكرێت و هاوسەنگی هێز و ئیدارە لەدەستی لایەنێكی تردایە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، رەنگە پارتی بەرنامەكەی وابێت كە یەكێتی لەبەرامبەر چەند پۆست و پلەیەك چۆكدائەدات و ئەچێتە كابینەیەكی حكومەتەوە كەبەتەواوی لەلایەن پارتی دەستی بەسەرداگیراوە، خۆ ئەگەر سەركردایەتی یەكێتیش ئامادەی نەرمە سازشێك بن، ئەوا ئەندام و لایەنگر و كادرەكانی یەكێتی ناچنە ژێر ئەو بارە و بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەن.

ئەوەی گرنگە لە روانگەی یەكێتیەكان، حزبەكەیان بڕیارە دروستەكەیداوە، بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لەكۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم  بڕیارێكی دروست و لەجێی خۆیدابوو، چونكە پارتی هیچ نیەتێكی روونی بەرامبەر رێككەوتنەكە نیشان نەداوە هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی یەك خاڵ لەرێكەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی لەكاتێكدا پارتی چاوەڕوان بوو یەكێتی تەواوی خاڵەكان جێبەجێ‌ بكات و تەنانەت دانانی پارێزگاری كەركوكیش كە پشكی یەكێتیە كەسێك دابنێن بەمەرجی پارتی. 

ئەم هەنگاوەی یەكێتی هەنگاوێكی دروست و لەجێی خۆیدایە، ئەشێ‌ یەكێتی تا سنوری ئۆپۆزیسیۆن بڕوات و گوێ‌ بەوە نەدات كە پارتی بە سەدەقە وەزارەتێك یان چەند پۆستێكی پێبدات، یەكێتی خاوەن پێگە و جوگرافیا و هێزی خۆیەتی، ئەوەش وا ئەكات هەم هەڕەشە لەكەس قبوڵ نەكات و هەمیش ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز بێت، لەبەرامبەریشدا پارتی ئەتوانێ سەرۆكایەتی حكومەتێك بكات كە دەسەڵاتەكەی تەنها لە دهۆك و بەشێكی شاری هەولێر هەبێت و ئۆباڵەكەشی وە ئەستۆ بگرێت.


PM:01:55:29/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 2808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی