یەکێتی ئەوحزبەی حیساب بۆ پەیڕەوەی خۆی ناکات

‌چیا هاوار

پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی جگە لە نامیلکەیەکی نەخشێنراو بە پیت و وشەکان شتێکی تر نیە، بێگومانم لەوەی جێگرانی سکرتێری گشتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی نە خوێندویانەتەوە و نە بڕواشیان پێیەتی، تەنھا ئەوکاتە پەنای بۆ ئەبەن کە کارێکیان پێی ھەبێت و بڕگەیەکی بۆ ئەدۆزنەوە تا کارە شەخسی و بەرژەوەندییەکانیان لەنێو ئەو نامیلکەیە جێ بکەنەوە و شەرعیەتی پێ وەرگرن ئەگینا ئەم ھەموو پێشێلکاریە و حساب بۆنەکردن بۆ پەیڕەوی ناوخۆ بۆ؟.

نۆساڵی رێکە یەکێتی کۆنگرەی نەبەستوە، واتا پێنج ساڵە پێشێلی بڕگە ئەساسیەکەی پەیڕەو ئەکرێت کە ئەڵێ (پێویستە ھەموو چوار ساڵ جارێک کۆنگرە ببەسترێت) با واز لەوەش بێنین و سەیرکەن کام لە سەرکردەکانی یەکێتی بڕوایان بە پەیڕەو ھەیە؟ کامیان پێیەوە پابەندن؟ تا چەند کاریان بە پەیڕەو کردووە؟ ئەمانە پرسیارە جەوھەریەکانن خۆ ئەگەر ئیمتحانیشیان بکرێت لەسەر پەیڕەو دڵنیام ھەموویان ئیکمال ئەبن!.
دوو سێ مانگێکە سەرکردایەتی یەکێتی بە بیانوی جۆراوجۆر و بێ بنەما سەرقاڵی شێواندن و وێرانکردنی یەکجارەکی ئۆرگانەکانی یەکێتین بە بەخشینی پلەی بەرز بەبێ سانسۆر و ھەڵسەنگاندن بەشێوەیەک رۆژانە بڕیار بۆ چەند کەسێک دەرئەکرێت بە دانانیان بە پلەی ئەندام مەکتەب و ئەندامی ئەنجومەن و جێگری لێپرسراوی مەڵبەند و کارگێڕ و ئەندام مەڵبەند و تا خوارەوەتریش.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ھەر مەکتەبێک پێک دێت لە حەوت ئەندام مەکتەب و ١٢ بۆ ١٤ ئەندامی ئەنجومەن، ئێستا لەسایەی سەری تەکەتولەکان مەکتەبی وا ھەیە ٣٥ ئەندام مەکتەب و ١٢٠ ئەندامی ئەنجومەنی ھەیە، مەڵبەند پێک دێت لە ٢ جێگر و ٧ کارگێڕ و چەند ئەندام مەڵبەندێک کەچی مەڵبەندی واھەیە نزیک بە ٦٠ جێگر و ١٣٠ کارگێڕ و زیاتر لە ٣٠٠ ئەندامی مەڵبەندی ھەیە.

ئێستاش مەکتەبی سیاسی ماوەبەسەر چوو بەردەوامە لە بەخشینی ئەو پلانەی ئاماژەم پێ کرد خۆ رەنگە بەشێک لەو کەسانەی پلەیان پێ ئەدرێت شایستە بن بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پەیڕەوی ناخۆی حزبەکەت زیاتر پێویستی بە ریعایەتکردنە یان ئەوانەی پلەیان وەک نوقڵی جەژن بەسەردا دابەش ئەکرێت؟.
ئەوەی بەلاشمەوە جێی سەرنج و تێڕامانە بێدەنگی ئەنجومەنی ناوەندی و رێکخستنەکانی یەکێتیە کە رازین بەو ھەموو سەرپێچی و حساب نەکردن بۆ پەیڕەوی ناوخۆ ئاخر لانی کەم پێویست بوو ئەنجومەنی ناوەند ھەڵوێستی ھەبووایە و لە دژی ئەو بڕیارانە بوەستایەتەوە کە بە پێی پەیڕەو نابێت دەربکرێن تا ئەنجومەنی ناوەندی رەزامەندیان لەسەر نەدات.

دڵنیاشم لەوەی ھەریەک لەو بەرپرسانە باش ئەزانن ئەم پلە دابەشکردنە بێڕێزییە بەرامبەر حزب و خەبات و مێژووەکەی بەڵام ھەریەکە لەو بەرپرسانە سەرقاڵی توندکردنی پێگەی خۆیانن و ھەریەکەیان ئەیانەوێ دەست بەسەر کۆنگرەی داھاتوودا بگرن (ئەگەر بکرێت) بۆئەوەی زۆرترین تەکەتولی خۆیان بخزێننە نێو کۆنگرە و دەرەنجامیش لەو رێگەیەوە بەتەواوی دەست بەسەر یەکێتیدا بگرن.


AM:10:01:25/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 3328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی