یەكێتی ئەیەوێ‌ چی بكات؟

‌چیا هاوار


كێشمەكێشی دروستكردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان  حەوت مانگی تێپەڕاند و  تا ئێستاش خۆیان وتەنی هەنگاوەكان بەردەوامن، ئەگەرچی حزبەكان تەواو رێككەوتوون بەڵام هێشتا هەنگاوی عەمەلی بۆ دروسبوونی حكومەت هەڵنەهێنراوە و ئەوەی ئەشبینرێت كە لەمپەر بێت لەبەردەم خێراكردنی هەنگاوەكان كێشەی یەكلانەبوونەوی كاندیدیی حزبەكانەی بۆ پۆستە جیاجیاكانی حكومەت.

ئەوەی لێرەدا بەگرنگی ئەبینم خودی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كێشەی یەكلا نەبوونەوەی كاندیدەكانیەتی كە چاوەڕوان ئەكرێت حكومەت پێك بێت و بەشێك لە پۆستەكانی یەكێتی بە بەتاڵی بمێننەوە تا كاتی یەكلا كردنەوە و رێككەوتن لەسەریان. ئەوەش بەهۆی رێك نەكەوتنی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیە لەسەر خودی خۆیان، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمە زیاتر لە 30 كەس لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و سكرتاریەتی ئەنجومەنی ناوەندی  و چەندین كوڕ و كچان و كەسوكاری بەرپرسە باڵاكان خۆیان كاندید كردووە، جگە لەمانەش سەدان كادری تری یەكێتی بۆ پۆستە وەزارییەكان خۆیان كاندید كردووە، كە ئەمەش بۆ یەكێتیەكی بێ‌ مام جەلال سەختە و ئاسان نیە بۆ یەكلاكردنەوە و بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە. ئەمەش نیگەرانیەكی زۆری لای یەكێتیەكان بەتایبەت كادرەكان دروست كردووە و بۆتە جێی سەرنج و تێڕامانێك كە ئایا یەكێتی ئەیەوێ‌ چی بكات؟ ئایا یەكێتی رێگا درووستەكە ئەگرێتەبەر یاخود بەڕێگا هەڵەكەدا هەنگاو ئەنێ‌؟.

لە دیدی كادران و ئەندامانی یەكێتی رێگا دروستەكە ئەوەیە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی كەمترین پۆست بۆخۆیان دابنێن و لێگەڕێن كادری بە ئەزموون و شارەزا و خوێندەوار پۆستەكانیان پێ بدرێت و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیش وەك چاودێر و بەرنامە بۆ دانەر  پاڵپشتیان بكات بۆ سەرخستنیان لە ئەركەكانیان و خۆیان بە دوور بگرن  لەقۆرغكاری پۆستە باڵاكان بۆ خۆیان و منداڵ و كەس و كاریان.

رێگا هەڵەكەش ئەوەیە كە ئێستا گرتویاتەبەر و شەڕی بینراو و بیستراو ئەكەن بۆ خۆیان و منال و كەس و كاریان كە ئەمە هەم نائومێدی لای یەكێتیەكان دروستكردووە و هەمیش زیانێكی گەورە بە یەكێتی ئەگەیەنن و وائەكەن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بەرهەمەكەی بچننەوە!.

هەموو ئاماژەكان بەوئاقارەدان كە چەند كەسێك لەمەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و منداڵا و كەسوكارەكانیان تەواوی پۆستەباڵاكانی حكومەت وەربگرن، لەكاتێكدا بەشی هەرەزۆریان پێشتر لە حكومەت پۆستی باڵایان هەبووە و زۆرینەی هەرە زۆریشیان بە پلەی وەزیر خانەنشین كراون، بەڵام دەستبەردار نین و هەریەكەیان شەڕیی بەدەستهێنانی كورسیێكی دەسەڵات ئەكەن و ئەیانەوێ‌ نەهێڵن كادر و ئەندامانی یەكێتی ئەوانەی ساڵانێكی زۆرە زەحمەت بۆ ئەو حزبە ئەكێشن پلەیەك سەر بكەون. ئەوان ئەیانەوێ‌ بڵێن ئەوە تەنها ئێمەین لیاقەتی بەڕێوەبردنی ئەو پۆستانەمان هەیە.

هاوڕێیەكم هەیە كە كادرێكی خوێندەوار و ژیر و بەتونایە ساڵانێكە ئەڵێ (ئەم حزبەی ئێمە بە دەست سی كەسێكەوە گیری خواردووە)، ئەو راست ئەكان حزبێكی خاوەن 43ساڵ خەبات، حزبێكی خاوەن 20.000 بیست هەزار شەهید، حزبێكی خاوەن دەیان هەزار پێشمەرگە، حزبێكی خاوەن هەزاران كەم ئەندام و زیندانی سیاسی حزبێكی خاوەن لەشكرێك لە كادری خوێندەوار و پێگەیشتوو و سەدان هەزار ئەندام و لایەنگر گیری خواردووە بەدەست بیست سی كەسێكەوە. ئەم سەركردایەتیە رۆژ بەرۆژ خەریكی چنگ گیركردنن لە دڵی ئەو حزبە و بەرەو هەڵدێری ئەبەن.
ئەوەی گرنگە لە ئێستاوە پێویستە مەكتەبی سیایی و سەركردایەتی بیزانن نارەحەتی و توڕەیی یەكێتیەكانە بە شێوەیەك كە رەنگە ئێستا هیچیان لەدەست نەیەت بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا وڵامەكەی وەرئەگرنەوە، چونكە یەكێتیەكان پێان وایە شەونخونیان بۆ حزب و مێژووەكەیان كردووە نەك بۆ بەرپرسەكان و منداڵەكانیان، ئەوان ئەڵێن دەنگمانداوە تا یەكێتی بەڕێگەیەكی دروستدا بڕوات نەك رێگای هەڵە، ئەوان ئەڵێن ئێوە لە كابینەی یەكەمی حكومەتەوە پۆستەكانتان بۆخۆتان قۆرغكرد، هەمووتان خانەنشین و بەرپرسن ئەی بۆ رێگرن لەسەركەوتنی هەندێك كاردی حزب كەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی نین، ئەوان ئەڵێن ئێوە رێگرن لەبەردەم كۆنگرە و ئەتانەوێ‌ تا رۆژی قیامەت خۆتان سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و هەر خۆشتان وەزیر و پەرلەمانتار بن، ئەوان ئەڵێن چی خانەنشینی باڵاتان تیایە لە سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت ئەیانكەنەوە بە راوێژكار، كادرانیش ئەبێ‌ بزەی چاویان بێت و نەهیڵن لە شوێنی خۆیان هەنگاوێك بەرەوپێشەوە بچن، ئەوان ئە كورتی پێتان ئەڵێن هەڵەن ئەگەر پێتان وابێت دەنگمان بە ئێوەداوە بەڵگو دەنگمان بەیەكێتیدا تا رێگای دروست بگرێتەبەر و لە دەستی ئێوەش رزگاری بكەین.

ئیتر كاتی ئەوە هاتووە بڕوا بەوە بێنن كە ئەو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیە بەپێی هەموو عورفێك كۆتاییان بە ژیانی سیاسی و ئیداری هاتووە، بۆیە كادر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی ئیتر قبوڵی ناكەن لەمپەر بن لەبەردەم كۆنگرە و قۆرغكاری پۆستەكانیش بن.


PM:01:40:19/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 4320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی