ڕووبەڕوو لە بەردەم دووڕیاندا
خه‌بات عه‌بدوڵا
"پێش خوێندنەوە .. چەند بڕگەیەک لە وتارەکەوە:
• ئەگەرچی پڕۆسەی بیناکردنی دەوڵەت پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە، بەڵام بیناکردن لەناو دەوڵەتدا زۆر ئاسانترە وەکو بیناکردن لە دەرەوەی دەوڵەت خۆیدا. نەک هەر بیناکردن و ڕیفۆرم، تەنانەت خودی شۆڕشیش هەر لەناو دەوڵەتدا بە ئەنجام دەگات.
• ناسیونالیزمی ئێرانی، عەرەبی و تورکی سەدەی بیستەم سێ پڕۆژە بوون لەسەر دژایەتیکردنی کورد و دژ بەو دامەزران.
• دروستكردنی وێنه‌ی دوژمن/كورد، به‌شێكی گه‌وره‌ی ئایدۆلۆژیای ناسیونالیزمی نەتەوەی سەردەستی له‌سه‌ر دامه‌زراوه و كورد له خه‌یاڵدانی ئه‌م جۆره بزوتنه‌وه فاشیستییه‌دا دارده‌ستی بێگانه و رێگری یه‌كێتی خاكی ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانەن.
• لەوەتەی ڕوخانی فاشیزمی بەعسی، کورد تاکه کۆمیونیتییه له عێراق که لێبڕاوانه له هه‌وڵی بانگەشەکردنی فیدراڵیزمدایه، پێداگرتنی كورد له‌سه‌ر فیدراڵیزم وه‌كو شێوازێك بۆ پێكه‌وه‌ژیان له عێراقدا، لەڕاستیدا بوو بە جۆرێک لە سه‌پاندنی زۆره‌ملێیانه‌ی فیدراڵیزم به‌سه‌ر باقی كۆمیونیتییه‌كانی تری عێراقەوە.
• سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، فیدراڵیزمی نه‌ک هه‌ر به‌سه‌ر عه‌ره‌ب، به‌ڵکو به‌زۆر به‌سه‌ر کوردیش‌دا سەپاند.
• پرسیاری ئەوەی کە گەلێکی کۆڵۆنی وەکو گەلی کوردستان دەیەوێت سەربەخۆ بێت یان نا، لەڕاستیدا پرسیارێکە پڕی جەهل. پرسیاری لەو جۆرە پاش مێژوویەکی تاریک لە ستەم و قڕکردن، گاڵتەکردنە بە چارەنووسی نەتەوەیەک.
• ئەوەی حاڵی حازر لە عێراق دەگوزەرێت شکستی دیموکراسی نیە وەکو هەندێک لێی بەد حاڵی بوون، لەڕاستیدا ئەوەی شکستی هێناوە خودی دەوڵەت خۆیەتی.
• هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا و لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە وەکو هەموو دەوڵەتانی تری دنیا لە پایەکانی دەوڵەت؛ خاک، خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی بەهرەمەندە، تەنانەت تا ڕادەیەکی زۆر دەوڵەتێکی ڕانەگەیەندراوە."
ڕووبەڕوو لەبەردەم دووڕیاندا
(١)
کوردستان کۆڵۆنییەکی دابەشکراو و بەزۆر لکێنراو (ملحق)ە، کوردستان بەزۆری چەک و سوپا داگیرکراوە. بەم پێیەش کوردستان کۆڵۆنییەکی دابەشکراوی بەزۆر لکێنراوە. ئەم خەسڵەتە ناوازەیەش واتە (بەزۆر لکاندن)، مافی کۆڵۆنی لە کوردستان سەندۆتەوە و ڕەوایەتییەکی نێودەوڵەتی داوەتە داگیرکردنی کوردستان.
له‌وه‌ته‌ی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كورد لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە سه‌ریهه‌ڵداوه، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری گەلانی سەردەست به چاوی خائین و نۆكه‌ری بێگانه له كورد ده‌ڕوانن. ئه‌م دیده پان ئیسلامی ـ قه‌ومییه ره‌گوڕیشه‌ی مێژوویی هه‌یه، هەر بۆ نمونە عه‌ره‌به‌كان له چڵه‌پۆپه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا، هه‌میشه به چاوی گومان و بێگانه ته‌ماشای نه‌ته‌وه و كه‌مینه ئیتنی و ئاینییه‌كانی وه‌كو كورده‌كانی عێراق و سوریا، مارۆنی و ئۆرتۆدۆكسه‌كانی لوبنان، قیبتییه‌كانی میسر، به‌ربه‌ره‌كانی جه‌زائیر و تونس و مه‌غریب، فه‌ڵه‌كانی سوریا و سودان و ئوردون و عێراق و ئه‌نیمیسته‌كانی سودانیان کردوه و هه‌وڵیانداوه ته‌عریبیان بکه‌ن(١). لەسەرده‌مانێکی کۆنه‌وه عه‌ره‌به‌كان میلله‌تانی تری ناو قه‌ڵه‌مڕۆی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی جاران و "نیشتمانی عه‌ره‌بی"ی ئێستا به ده‌سنده‌خۆری خۆیان تێده‌گه‌ن.
ناسیونالیزمی ئێرانی، عەرەبی و تورکی سەدەی بیستەم سێ پڕۆژە بوون لەسەر دژایەتیکردنی کورد و دژ بەو دامەزران. لە هەمان سۆنگەوە و بەپێچەوانەی کۆڵۆنیالیزمی مێژوویی سەدەکانی نۆزدە و بیست، داگیرکەرانی کوردستان وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە وڵاتانی داگیرکەر مامەڵەیان لەگەڵ کوردستان و گەلەکەیدا کردوە. لە هەمان سۆنگەوە خەباتی کورد زیاتر گوزارە بووە لە (شەڕی بەرگری) وەک لەوەی گوزارە بووبێت لە پڕۆژەیەکی ناسیونالیزم، ڕاستییەکەی خەباتی کورد خەبات بووە بۆ (مانەوە) بەرامبەر بە پرۆسەیەکی قڕکردنی سیستماتیکی.
هیچ شتێك بۆ ناسیونالیزمی نەتەوەی سەردەست هێنده‌ی دژایه‌تیكردنی كورد جێگه‌ی بایه‌خ نیه، ئاخر ته‌نها له‌و رێیه‌وه ئەم پڕۆژە فاشییە درێژه به شه‌ڕه‌كانی و له‌وێشه‌وه درێژه به مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات. دروستكردنی وێنه‌ی دوژمن/كورد، به‌شێكی گه‌وره‌ی ئایدۆلۆژیای ناسیونالیزمی نەتەوەی سەردەستی له‌سه‌ر دامه‌زراوه و كورد له خه‌یاڵدانی ئه‌م جۆره بزوتنه‌وه فاشیستییه‌دا دارده‌ستی بێگانه و رێگری یه‌كێتی خاكی ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانەن.
وه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو مەیلە جیاوازه‌ی عه‌ره‌بی سوننه و شیعەی عێراق دژ به داواكارییه‌كانی كورد له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ته‌نها له‌ڕێی كورده‌وه ده‌كرێت بیرۆكه‌ی دروستكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ركه‌زیی توڕ هه‌ڵدرێت.
دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان کە نمونەی بچوککراوەی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامین، نه‌ك هه‌ر نه‌یانتوانیوه گه‌شه بكەن، تا رۆژی ئه‌مڕۆ به‌رگرییه‌كی گه‌وره‌ی هاتنه كایه‌ی مۆدێرنه بۆ ناو پایه‌ی دەوڵەتەکانیان ده‌كەن.
(٢)
عێراق وەکو دەوڵەت بریتیە له مۆزایكێكی گه‌لان و ئاین و تایه‌فه‌ی جیاجیا. ئه‌م مۆزایكه ته‌نها له سایه‌ی سه‌ركوت و سیستمه ستەمکارەکاندا وڵاتێكی یه‌كگرتویان پێكهێناوه. عێراق هه‌رگیز ته‌عبیر نه‌بووە له ده‌وڵه‌ت/نه‌ته‌وه بە چەمکە مۆدێرنەکەی. پێكهاته و تایه‌فه جیاجیاكانی ئەم دەوڵەتە هه‌ر ده‌رفه‌تێكیان بۆ ره‌خسا بێت شوناسی خۆیان به‌رامبه‌ر به شوناسی ڕەسمی دەوڵەتەکە زه‌ق كردۆته‌وه.
کێشه‌ی کورد کێشه‌ی گه‌لێکه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاکه‌که‌ی داگیر و به‌زۆر به عێراقەوە لکێنراوه، به‌درێژایی مێژووی ئه‌م ده‌وڵه‌تەش هه‌وڵی سڕینه‌وه و قڕکردنی ده‌درێت. سه‌رکردایه‌تی سیاسی و حیزبە کوردییەکان لە چەند ساڵی پێشودا و بەتایبەتیش پاش ڕوخانی فاشیزمی بەعسی، لە خۆشباوەڕی و نەزانییەوە کێشه‌که‌یان له ناوه‌ڕۆکه سیاسییه‌که‌ی داماڵی و کردیانە کێشه‌یه‌کی ناوخۆیی و قانونی و وه‌کو زۆرێک له کێشه لاوه‌کییه‌کانی تر به ده‌ستوریان سپارد.
کێشه‌ی کورد له عێراق بەهەمان شێوەی وڵاتانی تری داگیرکەری کوردستان، کێشه‌یه‌کی سیاسییه نه‌ک کێشەیەکی قانونی. کێشه‌ی کورد جیاواز له کێشه‌ی گه‌لان و پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانی تری وڵاتە داگیرکەرەکان، کێشه‌یه‌کی تولانییه و ره‌گوڕیشه‌ی مێژوویی قوڵی هه‌یه. كێشه‌ی کورد کێشه‌ی پشکداریی نیه له ده‌سه‌ڵاتدا. هەر بەو پێیەش کێشەی کورد کێشەی دیموکراسی نیە. ئیسرائیل، ئیسپانیا، هندستان سێ دەوڵەتی دیموکراسین، بەڵام وەکو سێ دەوڵەتی داگیرکەر هیچ کامیان ئامادە نین مافی گەلانی فەلەستینی، کەتەلۆنی و کشمیرییەکان دەستەبەر بکەن.
لەوەتەی ڕوخانی فاشیزمی بەعسی، کورد تاکه کۆمیونیتییه له عێراق که لێبڕاوانه له هه‌وڵی بانگەشەکردنی فیدراڵیزمدایه، پێداگرتنی كورد له‌سه‌ر فیدراڵیزم وه‌كو شێوازێك بۆ پێكه‌وه‌ژیان له عێراقدا، لەڕاستیدا بوو بە جۆرێک لە سه‌پاندنی زۆره‌ملێیانه‌ی فیدراڵیزم به‌سه‌ر باقی كۆمیونیتییه‌كانی تری عێراقەوە. ئاخر هه‌روه‌كو چۆن كورد مافی خۆیه‌تی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات، ئه‌وانی دیش مافی خۆیانه فیدراڵیزم له‌گه‌ڵ ئێمه یان له‌ناو خۆیاندا ره‌تبكه‌نه‌وه.
عێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیە‌وه، ده‌وڵه‌تێک بووە هه‌میشه له‌سه‌ر بنه‌مای سێنترالیزه‌کردن (به‌مه‌رکه‌زیکردن)ی ده‌سه‌ڵات درێژه‌ی به مانه‌وه‌ی خۆی داوه. مه‌رکه‌زیکردنی ده‌سه‌ڵات له فیدراڵیزمی نه‌ته‌وه‌ییدا ته‌نها یه‌ک مانای هه‌یه، ئه‌ویش ده‌سه‌ڵات خستنه‌وه ده‌ست نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته. هه‌ڵه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌وه‌دا بوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ده‌یویست فیدراڵیزم وه‌کو باشترین شێوازه‌کانی حوکمکردن بۆ عێراق وێنا بکات و بیکاته تاکه ئه‌لگۆی داهاتوی ئەم دەوڵەتە، تا دەهات لای کوردیش ده‌یکردە دوا چاره‌سه‌ر. به‌م پێیه‌ش سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، فیدراڵیزمی نه‌ک هه‌ر به‌سه‌ر عه‌ره‌ب، به‌ڵکو به‌زۆر به‌سه‌ر کوردیش‌دا سەپاند.
(٣)
کێ مافی بڕیاردانی چارەنووسی هەیە؟
تا دەمە دەمی کۆتایی جەنگی سارد لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا وا باو بوو کە تەنها وڵاتانی کۆڵۆنی و وڵاتانی مانداتی نێودەوڵەتی مافی بڕیاردانی چارەنووسیان سەلمێنراوە. هەرچی ئەو نەتەوانەی بەشێکن لە گەلانی دەوڵەتانی سەربەخۆ و دانپێدانراو، لەو مافە بێ بەشن. پاش کۆتاییەکانی جەنگی سارد و داخوازی گەلانی ژێردەستە و چەوساوەی زۆرێک لە وڵاتان، بەتایبەتیش ئەوانەیان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەژادی ببوونەوە، پڕەنسیپی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی چالاک کرد و ژمارەیەکی زۆری گەلان بە مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ شاد بوون.
بەگوێرەی راپۆرتى كریتسكۆ كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له‌ساڵى ١٩٨١دا بڵاوى كرده‌وه، چوار مه‌رج کراونەتە پێوەر بۆ ئه‌و گروپ و گه‌لانه‌ی كه داواى مافى چاره‌نووس ده‌كه‌ن، ئەوانیش:
1. پێویستە ئه‌و گروپه خاوەنی زمان یان رۆشنبیرى یان ئاینى جیاواز بێت.
2. پێویستە تاكه‌كانى ئه‌و گروپه هه‌ستى مێژوویى هاوبه‌شیان هه‌بێت.
3. پێویستە تاكه‌كانى ئه‌و گروپه پابه‌ندبن به‌پاراستنى ناسنامه‌ى خۆیان.
4. پێویستە گروپه‌كه خاوه‌نى هه‌رێمى تایبه‌ت به‌خۆى بێت (٢).
لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، ئەمە سێیەم جارە گه‌لى كوردستان له عێراق بەشێوەیەکی ئاشتیانە پەنا بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی دەبات. جاری یەکەم لەڕێی بڕیارى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانیى كوردستانەوە بوو کە لە ساڵی ١٩٩٢دا بڕیارى دا په‌یوه‌ندى یاسایى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌ماى فیدراڵى رێك بخات. جاری دوەم پاش ڕوخانی فاشیزمی بەعسی بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ کە لەڕێی دانووستانی سیاسییەوە مافەکانی گەلی کوردستان بە دەستوری کران و هەر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بڕیار درا سیستمى ناوه‌ندیى عێراق كۆتایى پێ بهێنرێت و سیستمى فیدراڵى ببێتە سیستمى ره‌سمى ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكى فیدراڵ له یاساى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تى عێراق بۆ قۆناغى گواستنه‌وه له‌ساڵی ٢٠٠٤ و دواتر له ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عێراقدا له ساڵى ٢٠٠٥ به ره‌سمى بناسرێت(٣).
شایانی وەبیرهێنانەوەیە، هەر دوابەدوای لکاندنی زۆرەملێیانەی باشور بە دەوڵەتی دروستکراوی عێراقەوە، گەلی کوردستان لە ڕێی تێکۆشانی مەدەنی و سیاسی جیاجیاوە؛ دروستکردنی کۆمەڵە و حیزبی سیاسی، نووسینی یاداشت، خۆپیشاندان و مانگرتن، شۆڕش و دانوستان، داوای سەلماندنی مافەکانی خۆی کردوە.
لە دوای ڕوخانی فاشیزمی بەعسییەوە ئەمە دووەمین جارە گەلی کوردستان پەنا بۆ ڕیفراندۆم دەبات؛ جاری یەکەم بۆ یەکلاییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، ئەم جارەشیان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی گەلی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان. ئەوە دروستە کە ڕیفراندۆم میکانیزمێکی بڕیاردانی چارەنووسە، بەڵام پەنابردن بۆ ڕیفراندۆم لە هەر دوو بارەکەدا، دەکرێت بە هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی سەرکردایەتی سیاسی کورد ئەژمار بکرێت.
هەڵەی یەکەم: ڕیفراندۆم بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکان
ئاشکرایە كه به‌عس روخا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بێ سێ و دو ئاماده بوو هه‌مان ئه‌و سنوره‌ی ساڵانی ١٩٩١_٢٠٠٣ کە هێڵی هودنەیەکی ڕانەگەیەندراو بوو لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقدا، بكات به سنوری نێوان خۆی و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان و هه‌ر به‌و پێیه‌ش ئاماده بوو هه‌موو ناوچه كوردستانییه‌كانی تر هه‌ر له گۆتره و له میانه‌ی مادده‌ی ٥٨ی قانونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق و پاشان مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوردا، وه‌كو "ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر" دابنرێن. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه چاره‌نووسی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌شی له‌گه‌ڵ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كێشه له‌سه‌ری نێوان شیعه و سوننه‌دا گرێدا و ئاماده‌ش بوو له‌رێی (ڕیفراندۆم)ەوە یه‌كلایی بكرێنه‌وه.
ڕیفراندۆم وه‌کو میکانیزمێک بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی ناوچه‌یه‌ک یان هه‌رێمێک، میکانیزمێکی یەکجار هه‌ڵه و پڕ مه‌ترسییه. ئاخر مه‌رج نیه ناوچه‌ی کێشه له‌سه‌ر ته‌نها ئه‌و ناوچانه بن که خه‌ڵکیان تێدا نیشته‌جێیه و بۆ به‌لاداخستنی کێشه‌که پرسوڕا به خه‌ڵکه‌که‌ی بکرێت. ده‌شێت ناوچه‌یه‌ک (بۆ نمونه: هه‌ندێک ناوچه‌ی بیاباناوی، روبه‌ره ئاوییه‌کان، چیا به‌رزه‌کان، ... هتد)، به ناوچه‌ی کێشه له‌سه‌ر دابنرێن و هیچ که‌سێکیشی تێدا نه‌ژی. کوردستانیبوونی ئه‌م یان ئه‌و ناوچه به‌وه یه‌کلایی ناکرێته‌وه که سبه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی بڕیار ده‌ده‌ن بێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان یان نا، ئه‌مه گه‌مه‌یه‌کی ترسناکه و نه‌ده‌کرا سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد چاره‌نووسی به‌شێکی گه‌وره‌ی خاکه‌که‌ی به ڕیفراندۆمێک بسپێرێت که هیچ که‌سێک ناتوانێت گه‌ره‌نتی ئه‌نجامه‌که‌ی بکات. ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی دیشه‌وه تا ئێستاکه رۆشن نیه ئاخۆ ئه‌گه‌ر کارێکی له‌و جۆره بچوایە واری کارپێکردنه‌وه، ڕیفراندۆم له‌سه‌ر چ ئاستێک ئه‌نجام ده‌درا؟ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا یان قه‌زا و ناحیه؟
راستیه‌که‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد خۆشی نازانێت و بێئاگایه له چۆنێتی سازدانی ریفراندۆم له‌و ناوچانه‌ی كه به‌پێی مادده‌ی ١٤٠ به "ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر" ناوزه‌د كراون، له‌كاتێكدا هه‌ندێك پێیانوایه كه پێویسته ریفراندۆم له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌ندێكی تر پێیان باشه له‌سه‌ر ئاستی قه‌زا و ناحیه بێت.
ئه‌گه‌رچی سازدانی ریفراندۆم له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا ده‌شێت له پارێزگایه‌کی وه‌کو كه‌ركوكدا له خزمه‌تی كوردا بێت، به‌ڵام سازدانی هه‌مان پرۆسه له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا له پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا و سه‌لاحه‌دین و واسیت، نه‌ك له خزمه‌تی كوردا نابێت بگره چه‌ندین قه‌زا و ناحیه‌ش كه حاڵی حازر به ده‌ست كورد خۆیه‌وه‌ن، ئه‌وانیش له ده‌ست ده‌درێن. به‌هۆی ئه‌وه‌ش كه تا حاڵی حازر سنوری كارگێڕیی پارێزگاكان و به‌تایبه‌تیش پارێزگای كه‌ركوك هه‌ر هه‌مان ئه‌و سنوره‌یه كه فاشیزمی به‌عسی له ساڵی ١٩٧٧دا و له روانگه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه، هه‌موو قه‌زا كوردنشینه‌كانی كفری و كه‌لار و چه‌مچه‌ماڵ و دوزخورماتوی لێ جیاكرده‌وه و به‌سه‌ر پارێزگاكانی سلێمانی و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله دابه‌شیكرده‌وه، بۆیه مه‌حاڵه گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاش له كه‌ركوكدا ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، پڕۆسەکە بە گەرەنتی به دڵی كورد به‌ڕێوه بچێت.
هەڵەی دووەم: ڕیفراندۆم بۆ بڕیاردانی چارەنووس
پرسیاری ئەوەی کە گەلێکی کۆڵۆنی وەکو گەلی کوردستان دەیەوێت سەربەخۆ بێت یان نا، لەڕاستیدا پرسیارێکە پڕی جەهل. پرسیاری لەو جۆرە پاش مێژوویەکی تاریک لە ستەم و قڕکردن، گاڵتەکردنە بە چارەنووسی نەتەوەیەک. ئەمە تێنەگەیشتنێکی قوڵ و خەتەرناکی سەرکردایەتی سیاسی کورد دەردەخات بە دۆزی کورد خۆی. ڕاستییەکەی ئەمە گومان کردنە لەوەی کە کوردستان وڵاتێکی داگیر و بەزۆر لکێنراوە.
جەهلی ئەم سەرکردایەتییە هەر لەوەدا نیە کە لە کرۆکی دۆزەکە تێنەگەیشتوە، جەهلە گەورە و مەترسیدارەکە لەوەشدایە کە لەڕێی سەپاندنی تاقیکردنەوەیەکی لەو جۆرە بەسەر گەلی کوردستاندا لەم ساتەوەختەدا کە یەکڕیزی نیشتمانی لەسەر دەستی خۆیاندا هەلا هەلا بووە، کوردەواری دوچاری دابەشبوونێکی یەکجار مەترسیدار دەکاتەوە. دابەشبوونێک کە سەرەڕای ئەوەی لە باری ئەنجامدانی کارێکی لەو جۆرە لە ئێستادا بەشێکی گەورەی کوردەواری پێ تەخوین دەکرێت، ڕەنگە دواجار کرۆک و چەقی دۆزەکەش کە سەربەخۆییە، بخاتە مەترسییەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دانانی وادە و جاڕدان بۆ پڕۆسەیەکی لەو جۆرە، ڕێگە بۆ داگیرکەران خۆش دەکات بە ئاسانی هەوڵی بنکۆڵکردن و لەبەینبردنی بدەن.
سەرکردایەتی سیاسی کورد دەیتوانی پاش ڕوخانی فاشیزمی بەعسی، ئەو دەمەی گەلی کوردستان یەکڕیز و تەبا بوو، جاڕی ڕیفراندۆم یان تەنانەت سەربەخۆییشی بدایە. سەرکردایەتی سیاسی کورد لە توانایدا بوو لە بری خۆخەریککردن بە ئاواکردنەوەی عێراقەوە لانی کەم بڕیاری چارەنووس لەڕێی ڕیفراندۆمەوە بکاتە بەندێکی دەستوری، بەمەش عێراق و دەوڵەتانی داگیرکەری بێلایەن دەکرد. سەرکردایەتی سیاسی کورد نەک ئەمانەی نەکرد، دواجار لەڕێی هەوڵە دپلۆماسییەکانییەوە عێراقی لەژێر بەندی حەوتدا هێنایە دەرەوە و بەمەش سەروەری تەواوی بۆ عێراق گەڕاندەوە.
بۆیە لە بری خۆخستنە داوی ڕیفراندۆمەوە، دەبوا سەرکردایەتی سیاسی کورد لەڕێی دانوستانی سیاسییەوە، ئەگەر نەکرا لەڕێی کۆدەنگی پەرلەمانی کوردستان وەکو باڵاترین دامەزراوەی شەرعی گەلی کوردستان بڕیاری یەکلاییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان و جاڕی سەربەخۆیی بدایە.
(٤)
ئەوەی حاڵی حازر لە عێراق دەگوزەرێت شکستی دیموکراسی نیە وەکو هەندێک لێی بەد حاڵی بوون، لەڕاستیدا ئەوەی شکستی هێناوە خودی دەوڵەت خۆیەتی. ئەڵبەتە ئەو مۆدێلە شکستخواردوەی دەوڵەت کە ئەوەندەی لە خەونی پێکەوەنانی ئیمپراتۆریایەکی ستەمکاردایە، هێندە سەروکاری بە دیموکراسی و مافی ئەوانی دییەوە نیە. کێشەی کورد نەک هەر لە عێراق، بەڵکو لەو دەوڵەتانەش کە کوردیان تێدا دەژی، کێشەی هەبوون یان نەبوونی دیموکراسی نیە، چونکە لەبنەڕەتدا دیموکراسی پێوەندی بە دەستەبەرکردنی مافی چارەنووسی گەلانەوە نیە. دیموکراسی فۆرمێکە لە فۆرمەکانی خۆبەڕێوەبردن.
حاڵی حازر دوای تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر دابەشکردنی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتانی ناوچەکە، دەوڵەتانی داگیرکەر بەشێوەیەکی گشتی و عێراق بەتایبەتی، ڕووبەڕووی شکست بوونەتەوە. لەهەمان سۆنگەوە، ئەوە گەلی کوردستان نیە کە پێویستە لە داهاتوی خۆی بترسێت، لەڕاستیدا ئەوەی ترسی لە داهاتوی خۆی هەیە، دەوڵەتانی شکستخواردو و داگیرکەری کوردستانن. لەبەرئەوەش لە دوبارە داڕشتنەوەی سنوری ناوچەکەدا کورد ڕۆڵێکی میحوەری و گرنگ دەگێڕێت، بۆیە جگە لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، قسەکردن لە هەر چارەسەرێکی تر، ڕەنگە کورد بۆ سەردەمێکی دوورتر لە بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی بێ بەش بکات.
هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا و لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە وەکو هەموو دەوڵەتانی تری دنیا لە پایەکانی دەوڵەت؛ خاک، خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی بەهرەمەندە، تەنانەت تا ڕادەیەکی زۆر دەوڵەتێکی ڕانەگەیەندراوە. کێشەی گەورەی ئێمە غیابی پڕۆژەیەکی ناسیونالیستییە، هەر بۆیەشە نەمانتوانیوە بەئاڕاستەی سەرخۆبوون هەنگاو بنێین. سەربەخۆیی چەمکێکی فراوانترە لە دەوڵەت. سەربەخۆیی لە ڕووە سیاسییەکەیەوە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن و سەروەری نەتەوەیە لە میانەی دەوڵەتەکەی خۆیەوە، توانای بڕیاردانە بە بێ گەڕانەوە و وابەستەیی بە هێز و دەوڵەتانی ترەوە. سەربەخۆیی تەنانەت لە چەمکی ئازادیش فراوانترە. ئازادی هی تاکەکەس بێت یان نەتەوە، بەشێکە لە سەربەخۆیی.
سەرەڕای غیابی دامەزراوە و پڕۆژەیەکی ناسیونالیستی کە هاوڵاتیانی کوردستانی لە دەور کۆبووبێتەوە و سەرەڕای هەموو ئەو نەزانییە گەورەیەی کە لە خودی پڕۆسەی سەربەخۆییەوە ئاڵاوە، بەڵام ئێستاشی لەسەر بێت پاش دابەشبوونی کوردەواری لەسەر دەستی حیزبە سیاسییەکانی، سەربەخۆیی خواستێکی میللی و خەونێکی زیندوی تاکەکانی گەلی کوردستانە.
دۆخی سەربەخۆیی/دەوڵەت لە دۆخی ژێردەستەیی/نادەوڵەت زۆر لە پێشترە. سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەتەوەیی گواستنەوەی کوردەوارییە لە قۆناغی ناشارستانییەوە بۆ قۆناغی بەشارستانیبوون. پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ ئامڕازی پێکهێنانی دامەزراوە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و هۆکاری ڕاماڵینی پاشماوە و داوودەزگا ئیستیعمارییەکانە.
ئەگەرچی پڕۆسەی بیناکردنی دەوڵەت پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە، بەڵام بیناکردن لەناو دەوڵەتدا زۆر ئاسانترە وەکو بیناکردن لە دەرەوەی دەوڵەت خۆیدا. نەک هەر بیناکردن و ڕیفۆرم، تەنانەت خودی شۆڕشیش هەر لەناو دەوڵەتدا بە ئەنجام دەگات.
دواجار پێویستە بووترێت، ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیى و بڕیاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سەربەخۆی کوردستان، پێش ئه‌وه‌ى ده‌نگدان بێت بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى مۆدێرن و خۆشگوزه‌ران، ده‌نگدانه بۆ پشتكردنه ئه‌و دۆزه‌خه‌ى مۆدێلى ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بی کە عێراق سەرمەشقیانە. لە هەمووشی گرنگتر ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیى و بڕیاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نیشتمانی کوردستان(٤)، دەنگدانە بۆ پێ خستنە ناو مێژووەوە.
پەراوێزەکان:
1. د. ئەلبێرت عیسا: خوێندنەوەی بەعس بۆ فاشیزمی مێژووویی، چاپخانەی ڕوون، سلێمانی، ٢٠٠٤.
2. خەلیل عەبدوڵا: مافی چاره‌نوس وه‌ك تیۆری و شێوه‌كانی به‌ده‌ستهێنان و جێبه‌جێكردنی.
3. هەمان سەرچاوە.
4. دەربارەی چەمکی (دەوڵەتی نیشتمانی) بڕوانە: نەجمەدین فارس: هەوڵیک بۆ دروست بوونی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستان http://birkrdnawa.com/Article-139.
PM:04:10:19/09/2017
ئه‌م بابه‌ته 2889
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی