ڕێککەوتنی نیشتمانیی چارەسەرە !

‌ عەبدولستار مەجید


هەرێمی کوردستان دۆخێکی هەیە کە ڕەنگە لە هیچ جێگەیەکی دونیا نەچێت، بەداخەوە باڵادەستی حزب و دابەشبوونی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە بەسەر ئەو ھێزانەدا، بارودۆخێکی وای دروستکردووە کە هەر جۆرە ناکۆکییەک لە نێوان دوو هێزی سیاسیی دیاریکراودا، ئاشتی کۆمەڵایەتیی دەخاتە مەترسییەوە .

بە مێژووی حزبە سیاسییەکاندا بچینەوە شتێک دەبینرێت کە پێیدەوترێت "ڕێککەوتنی دوو قۆڵیی" هەڵبەت ئەم ڕێکەوتنە حزبییە دوو قۆڵییانە دەرهاویشتەی بەرز و نزمیی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان دوو حزب یان زیاتر بووە و، سود و قازانجیشی تا ماوەیەکی دیاریکراو تەنها بۆ حزبە ڕێککەوتووەکان بووە و کۆمەڵگە سودی لێ نەبینیوە و هەندێک جاریش بە زیان بۆ کۆی کۆمەڵگە و خەڵک شکاوەتەوە .

ئێستا ئیتر قۆناغێکی تازە لە هەرێمی کوردستان دروست بووە کە چیتر ڕێکەوتنە حزبییە دوو قۆڵییەکان تەنانەت بۆ ئەو هێزە سیاسیانەشی دوو دوو سێ سێ دەچنە ناوی، سودی نیە تا ئاستی بێ ئەرزشی !

ڕێککەوتنی نیشتمانیی نێوان هەموو هێزە سیاسییە کاریگەر و خاوەن پێگە جەماوەریی و سیاسیی و پەرلەمانییەکان، ئیتر بۆتە زەرورەتێکی حەتمیی و بەدیلی ڕێکەوتنە دوو قۆڵییە حزبییەکان کە تا ئێستاش درێژەیان هەیە .

بەدیاریکراوی لە هەرێمی کوردستان چه‌ند حزبێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ر هەن و کێبڕکێ و ململانێ دەکەن، لە پێناو ساحەیەکی سیاسیی ئارام و پەڕاندنەوەی پرۆسەی سیاسیی و ئەوەی پێیدەوترێ "ئەزموونی حوکمڕانیی"، ڕێکەوتنی دەستەجەمعی گرنگ و پێویستی ئەم قۆناغەیە و بەبێ ئەم ڕێکەوتنە ناکرێ باس لە چاکسازیی و دروستکردنی کەشی ئارام و بونیادنانەوەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بکرێت .

بەدەر لەمە، ڕێککەوتنە حزبییە دوو قۆڵییەکان، پارتی و گۆڕان، یەکێتی و پارتی، کۆمەڵ و یەکێتیی و ..... هتد ناتوانێ ئارامی و خۆشگوزەرانیی و هاوسەنگیی سیاسیی دەستەبەر بکات و لە موزایەداتی بێڕەزای سیاسیی ڕزگارمان بکات !

لە ڕابردوودا ڕێکەوتنی حزبیی لە نێوان کۆمەڵ و یەکێتی، لە نێوان پارتی و یەکێتی، لە نێوان پارتی و گۆڕان یان پارتی و كۆمه‌ڵ هەبووە، بەڵام سەرەنجام بە موزایەدات و لەیەکدوورکەوتنەوە و هەڵوەشاندنەوە و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە، زیانەکانیشی بۆ خەڵک و تەنانەت کەمترین سودیشی بۆ ئەو لایەنانە خۆیان هەبووە .

بۆیە بەقەناعەتی من زۆر زەرورە هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێم "ئەوانەی خاوەن مێژوو و پێگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و بنکەی جەماوەرین" لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و بە ئیمزاکردنی پەیماننامەیەکی سیاسیی، ئەو قۆناغە سواوە تێپەڕێنن .

زۆر هەنگاو و پرسی گرنگ هەن کە ڕەهەندی نیشتمانیی و بەرژەوەندی گشتیی و سەلامەتی گوزەرانی خەڵک و ئۆقرەیی دۆخی سیاسییان پێوەبەندە و، هێنانەدیی ئەو بابەتانە بێ ئەم کۆدەنگیی و پەیماننامە سیاسییە نیشتمانییەی نێوانمان ناکرێ .

بەتایبەت بۆ ئەم قۆناغە کە پرسی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستانمان لەبەردەمدایە، ڕێککەوتنە حزبییە داخراوەکان مەترسی لەسەر ئاشتەوایی دروستتدەکات و دوریش نیە ناکۆکیی و ململانێکان لەسەر هەندێ پرسی وەک سیستمی حوکمڕانیی و چەند بابەتێکی دیکە، هەمان ئەزمونەکانی داخستنی پەرلەمان و تا ئاستی ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی ناوخۆ بەڵام بەجۆرێکی دیکە بگاتە لوتکە .

بەڵام لە بوونی ئەم هاوپەیمانێتییە سیاسییەدا کە وەک پەیماننامەیەک دەبێ لە نێوان هێزە سیاسییەکان، هەموو ئەمانە بەبێ ناکۆکیی و گواستنەوەی ململانێکان لە نوخبەوە بۆ شەقام و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە، تێدەپەڕێ .

وەک لەسەرەتادا ئاماژەم پێکردووە، دۆخی هەرێم لە هیچ جێیەکی دنیا ناچێ، ڕێککەوتنە داخراوە دوو قۆڵی و سێ قۆڵییەکان لە ڕابردوودا ئەوەیان سەلماندووە کە نەک هەر دۆخی سیاسیی بەڵکو ژیان و گوزەرانی خەڵک و ئابوری و کار و کەسابەتی خەڵکیشیان خستۆتە بەر مەترسیی وەک ئەوەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا بینیمان کە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی گۆڕان و پارتی و قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم، خەڵکی خستە چی تەهلوکە و نەهامەتیەکەوە کە ئێستاش درێژەی هەیە و باجەکەی دەدەین !

بۆیە بە قەناعەتی من و وەک پێشنیازێکیش بۆ بڕیاربەدەست و دەستڕۆیشتووەکانی ئەو هێزە سیاسییانەی پێگە و قورساییان هەیە، بەبێ ئەم ڕێکەوتن و پەیماننامە دەستە جەمعییە، لەسەرئێشەی موزایەدات و دەستشکاندنەوە و گومان لەیەکتر ڕزگارمان نابێ و دواجار خەڵکیش باجەکەی دەدات !


PM:03:51:14/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 3080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی