چۆن ڕێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخ بکرێت ؟!
عەبدولستار مەجید
"مریشک و تەماتە" وەک نمونەی ئێستای ھەرێم
لە زانستی ئابووریدا "خواست و خستنەڕوو" ھەیە .
کاتێک پێداویستییەک لە ئاستی بازاڕ زیاتر دەبێت، ئەوە نرخەکەی دادەبەزێ و پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا بدۆزێتەوە .
ئێستا کە باس لە گرانبوونی چوند خۆراکێک دەکرێت لە نمونەی "مریشک و تەماتە" کە خۆراکی ڕۆژانەی ھاوڵاتیانە، دەبێ ھەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار بە پلانی ئابوریی و بەپەلەوە داخڵی بابەتەکە ببێت .
ئەگەر ھۆکاری نرخ بەرزبوونەوەکە، کەمی بەرھەمی ناوخۆیە لەو بابەتە خۆراکییەدا، ئەوا ھانی ھاوردەی بیانی دەدرێت بە بڕێکی دیاریکراو و بە دانانی باج لەسەری تا ھاوسەنگی دەگەڕێتەوە .
خۆ ئەگەر زانرا بەرھەمە ھاوردەکە گرانتر دەکەوێ لەسەر خەڵک، ئەوا باج لەسەری ھەڵدەگیرێت .
خۆ ئەگەر بەرھەمی ناوخۆ زۆرە و بازرگانی ناوخۆ بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیەوێ بارگرانی بخاتە سەرشانی خەڵک و بازاڕ ئاڵۆز بکات، ئەوە دیسان ھاوردەی بیانی و لێپرسینەوە و ھۆشداریی ناوخۆ چارەسەرئکی بەپەلەی باشن .
لە ھەر حاڵەتێکدا پێویستە گرنگی بە بەرھەمی ناخۆ بدرێت، تا نەکەوینە ژێر ھەڕەشەی ھیچ وڵاتێکی بێگانە و خاوەنی بەرھەمی خۆمان بین .
حکومەت بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی نرخی ھەر پێداویستییەک لە بازاڕدا، چونکە دواجار دەبێ کڕیار سەنتەر بێت و ڕەچاوی دۆخی بازاڕی ناوخۆ و ئاستی گوزەرانی ھاونیشتمانیی بکرێت .
پشتگوێخستنی ھەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی نرخ لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە ھۆی ھەڵاوسانی نرخ و ڕووتاندنەوەی گیرفانی خەڵک و باری شان قورسکردنیان، لەگەڵ ھەڵتۆقینی بازرگان و دەوڵەمەندی چاوچنۆک.
AM:11:05:08/10/2018
ئهم بابهته 3303
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی