قسەیەکی تر لەسەر ھەوڵی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان

‌ لەتیف مستەفا ئەمین

قسەیەکی تر لەسەر ھەوڵی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان
گرنگ ئەوەنیە کام لە « شۆڕشگێڕەکان»  کردویانە؟ ئەوەی ئەکیدە کە ئەو ھەوڵە دراوە.

ئالان شەوکەتی حاجی موشیریش  لە سەرزاری باوکیەوە ، جەخت دەکاتەوە کە کراوەو بەبڕیاری بەرەش بوە، بەقسەی ئەوبێ بە بڕیاری فەرەیدون عەبدولقادرو بە جێبەجێکردنی مەحمود سەنگاوی بوە ،  وەک تۆڵە سەندنەوەیەک لە رژێمی بەعس  .

قسەکە لەسەر ئەوەیە ئەگەر سەری بگرتایە ئاکامەکانی چی دەبوون؟
ھەموومان دەزانین ڕژئمی بەعس ڕژێمێکی شۆڤێنی دڕندەبوو ، لە تۆڵەکردنەوەدا بەزەیی نەبوو بۆ نموونە :
- رائید صباح الحەمدانی ئەفسەری ئاسایشی سەر بە ڕژێمی بەعس لە بەرنامەی شەھادات دەڵێ  لە کاتی ئەنفالەکان نزیکەی١٧ ھەزار خەڵکی مەدەنی گوندەکان ھێنرابوونە ھەردوو سەربازگەی خالیدو دبس ، بڕیار بوو دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان ئازاد بکرێن ، بەڵام لەوکاتەدا یەکێتی دووچالاکی دژ بە دووگوندی تەعریب کراولەپردێ و کفری ئەنجامداو نزیکەی ١٠٠ ژن و منداڵ و خەڵکی  عەرەبی ھێنراوی ئەودوو گوندە کوژران، بۆیە بەفەرمانی عەلی حەسەن مەجید و لەتۆڵەی ئەواندا بڕیاری لەناوبردنی ١٧ ھەزار گوند نشینە کوردەکە دراو ھەمویان کوژران

- دوای ئەوەی پێش لەشکری ئێران کەوتن و لەچاڵە نەوتەکانی کەرکوکیان دا رژێمی بەعس دوای ئاگادار کردنەوە کە ئەوە ھێڵی سوورە بڕیاری ئەنفالی کوردیدا ، بەڵام بۆ ماوەی مانگێک ئاگاداری خەڵکی دەکردەوە کە ئەو ناوچانە چۆڵ کەن ، ئەگەر نەیکەن ھەموویان حیسابی پێشمەرگە « موخەریب» یان بۆ دەکرێ، پێشمەرگەش لەجیاتی رێخۆشکردن بۆ خەلکی مەدەنی بۆ راکردن لەو ناوچانە رێگریان دەکرد بەتایبەتی لەگەرمیان، بۆیە قوربانیەکان لەوێ یەکجار زۆرتر بوون لە ناوچەکانی دی. 

-ئاشکرایە کە لێدانی ھەڵەبجەش بەچەکی کیمیاوی  و شەھید بوونی بەکۆمەڵی شارەکە دەرەنجامی پەلکێش کردن و  پێشکەوتنی پاسداری ئێرانی بوو بۆ ناو ھەڵەبجە .

- کاتێکیش پارتی پێش پاسداران کەوتنو چیای گردەمەند داگیرکرا،  لەتۆلەی ئەوە ڕقی پیسی خۆێ بەخەڵکی مەدەنی بەرزانیەکان ڕشت کە لەئۆردوگاکانی ھەولێر نیمچە دەستبەسەربوون.

جا ئەگەر ئەو ھەوڵە سەریبگرتایەو بەراستی ژمارەیەکی زۆری خەلک بەتایبەتی عەرەب تیا بچونایە بەدڵنیاییەوە پەرچەکرداری بەعس لە ئەنفال و ھەڵەبجەش دژی خەڵکی مەدەنی کورد زیاتر دەبو، بەتایبەتی کە دەستی کرابۆوە بۆ سەرکوتکردنی راپەرینی بەھاری سالی ١٩٩١وە شەرعیەتێکی نێودەولەتیشی بۆ کارەکەی وەردەگرت


AM:11:41:16/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 3560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی