بەشی یازدەیەم جاردان و پاراستنی سەربەخۆیی خۆم لەگەڵ گۆران

‌ لەتیف مستەفا ئەمین

١
گۆڕان دروشمی گۆڕینی حوکمڕانی ھەڵگرت ، وتیان ئێمە کێشەمان لەگەڵ کەسەکان نیە کێشەمان لەگەڵ سیستەمی حوکمرانی ھەرێمە ، تا ئەم سیستەمە نەگۆڕێت و چاکسازی نەکرێت ھەرلایەک بەخۆشمانەوە بەشدار بێت گەندەڵ دەبێت ، بۆیە ئێمە کاردەکەین بۆ گۆڕینی ئەو شێوازی حوکمڕانیەی یەکێتی و پارتی لە رێگای کاری ئۆپۆزسێۆنی مەدەنیەوە.

لەبەر ئەوەی براوی تەواوم ھەیە کە حیزب ئامانج نیە و ئامرازە نەشمویستوە حیزب وەک ئامرازێک بەکاربێنم بۆ خۆم گەیشتن بە پۆست یان ویستەکانم ، بەڵکو لای من حیزب بەتایبەتی حیزبی ێۆپۆزسێۆن ئامرازێکی فشاری بەھێزە بۆ گۆرانکاری و چاکسازی ، وە پێشتریش خۆم کارم کردوە بۆ دروشت بوونی ێۆپۆزسێۆن و لەسەر ئەو بنەمایەش رازی بووین لەگەڵیان کار بکەین.

٢
لەو روانگەیەوە دوای ئەوەی رازی بونم پیشاندا بە کاندید بوونم لەگەل گۆڕان نەمویست ببمە حیزبی ، بڕیارمدا تا ئەوکاتە لەگەڵ گۆڕان بم کە پابەندو راستگۆیە لەگەڵ دروشمە سەرەکیەی خۆی کە گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیە .
ئەگەر ئەوان پەشیمان بونەوە ڕێگایەکی تریان ھەڵبژاردو پێم وابوو لادانە لەو دروشمە ستراتیجیە ، ئەوان بەڕێی خۆیان و منیش بەرێی خۆم.بۆیە ویستم ئەوە بۆ خەڵکیش و دەنگدەری گۆڕانیش بەدیار بخەم.

٣
رۆژێک پێش دەسپێکردنی دەسپێکردنی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن لە بنکەی ھەلبژاردنی کارێزەوشک ، وەک سەرۆکی لیستی سلێمانی ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیم بەست ، بۆ رونکردنەوەی بەرنامەی لیستەکەو خۆشم
ئەوەی پەیوەندی بەخۆمەوە ھەبێ وتم من گۆران نیم و کەسێکی سەربەخۆم ، ئەمەوێ وەک کەسێکی سەربەخۆ کار لەناو گۆڕاندا بکەم، بۆ رۆژیی دوایی کە دەیکردە یەکەم رۆژی کەمپەین ھەندێک لە رۆژنامە پڕ خوێنەرەکانی ئەو سەردەمە بەتایبەتی ئاوێنە بە مانشێت و بەخەتی گەورە لەلاپەرەی یەکەم نوسیان « حاکم شێخ لەتیف : من گۆڕان نیم »
لەو پەیامە دوو دەققەیەش کە بۆ ھەموو کاندیدەکان تۆمار کرا لە کەی ێێن ئێن و بەدرێژایی کەمپەینی بانگەشە لێدەدرایەوە ئەوەم دووپات کردەوە .

٤
دیارە من دەمزانی زۆربەی ھەرە زۆری دەنگدەری شار روی لە گۆرانە دەشم زانی من کاندیدم و پێویستە کار بکەم بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ دەشم زانی من کاندیدی ئەو حیزبەم بەڵام من مەبەستم بوو ھیچ دەنگدەرێکی گۆڕان ھەڵنەخڵەتێنم ، ئەوەی دەنگم پێ دەدا بابزانێ دەنگ بەکێ دەدا، دیارە ھەموو کاندیدێک پێش ھەلبژاردن سواڵی دەنگ دەکات و دەیەوێ بەھەموو شێوەیەک سەرنج و سۆزی زۆرترین دەنگدەرا رابکێشێ .

٥
ئەگەر یەکێک بلێ ئەی چۆن بووی بەسەرۆکی لیست ، دەڵێم من ئاگام لێ نەبوو ، دوای رەزامەندی پیشاندان لەسەر ئەوەی کاندیدی گۆڕان بم لە ١٥/١١/٢٠٠٩ ، پێم وتن من دادوەرم ئەمەوێ راستگۆ بم لەگەل خۆم و پیشەکەشم ، نابێ لەگەل ھیچ حیزبێک کار بکەم تا ئەو رۆژەی ئیستیقالە ئەکەم بۆیە من نایەم بەلای گردەکەدا تا ئەو رۆژەی کەمپەینی ھەلبژاردن دەست پێ دەکات ، کەمپەینی ھەلبژارن لە ١٠/٢/٢٠١٠ دەستی پێکرد من رۆژێک پێش ئەوە داواکاری وازھێنانم پێشکەش کرد بە سەرۆکایەتی دادگای سلێمانی
لەو بەینەی کە رەزامەندیم دابوو تا رۆژی ئیستیقالە لەدادگا دەوامم دەکرد رۆژێک کاک رێبین ھەردی تەلەفۆنی کرد وتی ئەوە تۆیان کردوە بەسەرۆکی لیستی سلێمانی ، دوایی زانیم سەرۆکی ھەمو لیستی پارێزگاکان خەلکی سەربەخۆو بێلایەنیان دانابوو ، مەبەست لەم ھەنگاوەش بۆ کۆکردنەوەی دەنگی خەلک بوو ، کە کاک نەوشیروان زۆر باش دەیزانی چۆن ھەر جارەو بە تەکتیکێکی جیاواز سەرنجی دەنگدەران بۆ بزوتنەوەکەی رابکێشێ، دەیویست بەخەلک بلێ ، ئەوەتا ئێمە راستگۆین کە وتومانە بۆ پۆست و پارە ئەم بزوتنەوەیەمان دروست نەکردوە بەلکو بۆ گۆرانکاری دروستمان کردوە ، بەڵگەی ئەوەی خۆمان ھیچمان نەبووین بەسەرۆکی لیستەکان و خەلکی سەربەخۆمان داناوە، بەلام لەناو لیستەکە زۆربەی ھەرە زۆری کاندیدەکان کادری خۆیان بون بگرە و بە پشکپشکێنەش لەلایەن ئەندامە بالاکانی گۆران دانرابون ، بەس دیارە خەلک چاوی تەنھا لەسەر سەرۆکی لیستە
کەواتە وەک وەڵامێک بۆ ئەوانەی دەلێن گۆڕان ئێوەی ناساند یان گۆران ئێوەی کرد بە پەرلەمانتار ، لەراستیدا ئەوەش راستە کە گۆرانیش پێویستی بە ئێمەومانان ھەبوو بەکاری ھێناین بۆ کۆکردنەوەی دەنگ ، کە بەشانازیەوە پێم خۆش بوو تا ئەو رۆژەی گۆران لەبەرەی گەل بوو دلسۆزبوو بۆ دروشمە سەرکیەکەی لەگەلیان کار بکەم.

٦
دوای دەرچونیشم و ھێنانی دەنگێکی زۆر بەردەوام لە چاوپێکەوتنەکانمدا بە بۆنەو بێ بۆنە باسی سەربەخۆیی خۆمم دەکرد
کە لەسالێ ٢٠١٠ ، ٥٠٠ ئیمزاکۆکرایەوە بۆدامەزراندی گۆران کە دکتۆر زاناو دکتۆر شاھۆ پێی ھەلدەستان و کاک نەوشیروان پێشی وتم ئیمزای بکەم نەمکرد
لەدوای ھەلبژاردتنم بۆ پەرلەمان سەرۆکایەتی فراکسێۆنەکەشم رەت کردەوە
لە سالی ٢٠١٣ کە گۆران یەکەم کۆنگرەی خۆی کەھەولێر بەست ھەرچەند بەناچاری کرابوشم بە سەرۆکی فراکسێۆن و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیش بووم ، چونکە لە ئەنجامی ناکۆکی نێوان ھەندێ لەبرادەرانی فراکسێۆن و تەنازول نەکردن بۆ یەکدی بەرپرسانی گۆران تەکلیفیان لێ کردم وەک چارەسەر ئەو پۆستە قبوڵ بکەم ، دوای رۆژێک کاک نەوشیروان وەک گلەییەک وتی لەسەرەتاوە پێم وتی بیکە نەتکرد.

بەلام لەگەڵ ئەوەش رەتم کردەوە بەشداری کۆنگرەی حیزبەکە بکەم ، چونکە من نەبووم بەحیزبی نەشم دەویست ببم چونکە ھەستم بەنەفەس کورتی دەکرد لە ئۆپۆزسێۆن بوونی گۆران و پێم وابوو زۆردرێژخایەن نابی لەیەکەم دانیشتنم لەگەل کاک نەوشیروان ھەستم کرد پەشیمانە ، چونکە وتی ، لە ئۆپۆزسێۆن کەس بەدەمتەوە نایەت وشتەکان قورسن ، بمزانیاێەیە ھەر لەناو یەکێتی دەماوەوەو لەوێ ئەو چاکسازیەم دەکرد، ھەر ئەو کات مەترسی خۆم لە بەردەوام نەبوونی گۆران و نەفەس کورتیان بۆ ھاورێکانم ئەوانەی لە ھەتاکەیەوە ھاتبوینە ناو گۆڕان بەتایبەتی دکتۆر یوسف باسکرد، وتم کاک نەوشیروان لەوەتای ھەبوە لە شارو لەشاخ لەدەسەلاتدا بوەوخەلک لێی ترساوەو بە پیریەوە ھاتوون ، ئێستا لە ئۆپۆزسێۆن ئەوەی نەماوە ئەترسم لە نزیک ترین دەرفەتدا بۆی ھەڵکەوێ بەشداری لەدەسەلات بکاو بەرەی ئۆپۆزسێۆن چۆڵ بکات ، بەداخەوە دواتر وادەرچوو بۆیە ئەوە زیاتر وای لە من کرد ھەمیشە مەسافەیەک لە نێوان خۆم و گۆراندا بھێڵمەوە


PM:09:21:29/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 4092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی