دیسانەوە زمانی هەڕەشە لە مامۆستا سەربڵندەکان!

‌ئەبوبەکر هەڵەدنی

هەر مامۆستایەک ۳٠ ڕۆژ دەوام نەکات فەسڵ دەکرێت، وەڵامی ووتەبێژی حکومەت بۆمامۆستایان، ئەی بۆ پرسیار لەدۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران ناکەن؟

مامۆستای گرێبەست و وانەبێژ کواموچەکانیان؟ بۆهەست بەژیانی نالەباریان ناکەن؟ جاران خەڵک باش و ئێوە هەژار بەجوتێ ئەدیداسەوە خۆتان کرد بەشارا کەچی ئێستا ئێوە دەوڵەمەند و خەڵک هەژار! لەکوێی دونیادا بەرپرس و گەلی لەو جۆرە هەیە؟!

کەسێک لەمەلیک حوسەین پادشای ئەردەنی پرسی قوربان بۆچی سواڵکەر لەووڵاتماندا نەماوە ئەویش وەڵامی دایەوە حەیفت نەکرد "ئەوەنیە من گەورەترین سواڵکەری گەلەکەمم بەدونیادا دەگەڕێم و سواڵ دەکەم بۆئێوە". ٢٥ ساڵە دیناری ئەردەنی لەشوێنی خۆیەتی.

دەزانن بۆ باوەڕ بەدۆخی خراپی خەڵک ناکەن؟ چونکە باخەڵتان خاڵی نیە، منداڵەکانتان ڕووت و ڕەجاڵ نین، بێئاو کارەبا نین، گرفتی جلی جەژنتان نیە، ساحێب خانوو هەڕەشەی فڕێدانی شڕوشیتاڵتان لێناکات، دوکانی سەوزە و میوە هەراسانی نەکردوون بۆ پارەی قەرز، جەڕەسی کۆمپانیا خاوەن قیستەکان خەوی لێنەزڕاندوون، فلپەمپی سەیارەکانتان ناسوتێ، بەدیار ئاوگرتنەوە خەونەیبردوونەوە، معەدەل ماسیحەیەکتان بەدەستەوە نیە وەک ئێمەی کڵۆڵ بۆ هەڵدانەوەی جۆزەی موەلیدەکە.

ئێوەیەک هەر ڕۆژەی قاتێ جلی گرانبەها لەبەردەکەن و هەروەرزە لەهۆتێلێکی پێنج ئەستێرەی ئەوروپا و ئەمەریکا ڕۆژبکەنەوە و بەسەیارە درعەکانتان بەلامانا تێپەڕن و بەپاڵنانی حیمایەکانتان دوورمان خەنەوە و دوونیایەک زوڕناژەن شانامەتان بۆبهۆننەوە و بتانکەنە پاڵەوانی نەتەوەیی و کەس لەسەرژیانە هایلایفەکەتان نەڵێ چاوتان کلی پێوەیە، بەخواهێشتا باشین لەکوێمانە بەدەست ئێوەوە.

بەڕێز وتەبێژی حکومەت دوای سی وشەش ساڵ بەخزمەت مامۆستایەکی پۆلی پێنجەمی سەرەتاییم گەیشتمەوە (کەخۆم بەقەرزاری هەموو مامۆستاکانم دەزانم و لەسەرووی هەموویان ئیبراهیم ئەمین باڵدار)ئەوەندە گوزەرانی خراپ بوو سەرەڕای نەخۆشیەکەی کرێچیش بوو، هەرئەوەندەم لەدەستهات دەمانچەکەی باخەڵمی بۆ بفرۆشم کەلەدونیادا هەرئەوەندە داراییم هەبوو.

بەڕێزان کاربەدەستان چیرۆکەکانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە کە فڵان سواڵ دەکاو فڵان پارەی نەستەلەی بۆمنداڵەکانی پێنیە بەخوا هەمووی حەقیقەت و ڕاستین و سەبەبکاری ئەوەڵ و ئەخیریش هەرئێوەن.

*سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان.


PM:01:38:17/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 3499 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی