دەسەڵاتدارانی هەرێم لەنێوان دەوڵەتداری و حوکمڕانیدا!؟؟

‌ئەبوبەکر هەڵەدنی

لەم بیست و شەش ساڵەی ڕابردودا ئایا  بەردی بناغەی دەوڵەتداریمان دامەزراندوە یان حوکمڕانیمان کردوە, چونکە لە نێوان ئەو دوو چەمک و دەستەواژەیەدا جیاوازی ئاسمان و ڕێسمان هەیە.

دەوڵەتداری بەمانای کارکردن دێت بۆ دروستکردنی سیستم, بۆ ژیانی دامەزراوەیی, چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەت, حوکم و سەروەری بۆ قانون, بەرجەستە کردنی بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی و شکۆمەندی بۆ مرۆڤ.

دەوڵەتداری هاوڵاتی بوون دەکاتە تەنها پێوەر, کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ گەشتوگوزار گەشە پێدەدات, داهاتی نیشتیمانی دەپارێزێت و نەشونمای پێدەکات.

دەوڵەتداری گەل دەکاتە سەروەر و خاوەن بڕیار, سامان دەکاتە موڵکی گشتی و هەموان لێی بەهرەمەند دەبن, دەوڵەتداری پلان دادەنێت بۆ داهاتویەکی باشتر, سوپا دەبێتە هی هەموان و پارێزەری دەوڵەت و خاک و خەڵک نەک پارێزەری دەوڵەتمەدار و خاک فرۆشان.

بەڵام حوکمڕانی بیرکردنەوەیە لەپاراستنی پێگە و بەرژەوەندی حوکمڕانان, زەمینە خۆشکردنە بۆ هێنانە پێشەوەی بنەماڵە و نەوەی حوکمڕانان, لەحوکمڕانی حکومەت دەکرێتە قوربانی پیسخۆری حوکمڕانان, لەحوکمڕانیدا حکومەت دەبێتە خزمەتکاری حوکمڕان, حوکمڕان خۆی لەسەرووی یاساوە دەبینێ.

بۆیە ئەوەی لەهەرێمی کوردستان ئەزمون کرا حوکمڕانی بوو نەک دەوڵەتداری, بیست ساڵ کێشەی کارەبات پێ چارەسەر نەکرێت, سوپایەکی نیشتیمانیت پێ دروست نەکرێت, قانون نەچەسپێنیت, هاوڵاتیەکانت و نەوەی نوێت نائومێد بکەیت, هەرچی بەهای گەورەی کوردەواری بوو تێکی بهاڕیت, خیانەت بکەیتە کەلتور و شانازی, بەکورسیەوە بنوسێیت و مەرگ جیات بکاتەوە لێی, بۆ میلەتەکەی خۆت شێر و بۆ دوژمنانیشت ڕێوی بیت و تێی قوچێنی, ئەمانە ئەتوار و ئاکارت بێت کەچی ڕۆژانە ئەوەندە ڕو قایم بیت بەردەوام بیت لەدرۆکردن لەگەڵ هاونیشتیمانیەکانت.

گەلی براینە بۆیە بەردەوام قەیران و کێشە و گەندەڵی و پاشەکشە و شکست لەدوای شکست بەشمانە چونکە دەسەڵاتدارانمان حوکمرانیەکی چەوتیان کردین نەک دەولەتداریەکی تۆکمەیان بۆ فەراهەم هێنابین.


AM:12:01:17/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 4261 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی