ئەزهەر یش کەوتە تەڵەی ڕەگەزپەرستنی وناهەقی یەوە!؟

‌ئەبوبەکر هەڵەدنی

ئێمە لەمێژە دەزانین دامودەزگا ودامەزراوە ئاینیەکان لەووڵاتانی بەناوئیسلامی بەسیاسی کراون وهەرگیز بێ لایەن نەبوون وبەمەیل وخواستی دەسەڵات داران جوڵاونەتەوە وفتوایان داوە وکارە ناڕەواکانی ستەمکارانیان شەرعاندوە یاخود قوڕوقەپیان لێکردوە,باشترین نمونەش ئەو هەموو جینۆسایدو ئەنفال وکیمیا باران و سوتماک کردنی خاکە بەسەر گەلی کوردا هات هەڵوێستی شەریفانەمان لەوبەناو دەزگا ئایینیانە نەبینی لەسەد ساڵی ڕابردوودا.

ئاخر ئەزهەرێك لەبەرامبەر سەربڕێنی دیموکراسی وویستی گەل وکوشتارگەی ڕابعە وورتەی لێوە نەیەت,دەبێت ئێمە لەو دوورەوە چ شاییەکمان پێی بێت.

لەدوا فەتوای ناشەریف وگوێ لەمستەکانی سیسی لەئەزهەرەوە لە بە رواری 2/10/2017کەلەسەر ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان دەریانکردوە, شەکریان شکاند بەوەی ئەوە پیلانێکی ئیستیعماریە وئامانچ پەرتەوازە کردنی ئومەتی عەرەبی وئیسلامیە.

جارێ ئەوە ئێمەین قوربانی دەستی ئیستیعماری کۆن و نوێین وبەسەر چوار ووڵاتدا دابەشیان کردوین ولەهەزارەی بیست ویەکیش دا هێندەی ووڵاتی( مالاوی)کە دانیشتوانەکەی پڕگۆڕەپانی تیپێکی پلە سێی فتبوڵە مافمان پێ ڕەوانابینن.

پاشان ئێمە هەرگیزاو هەرگیز بەشێک نین ونە بوین لە ئومەی عەرەبی ,ئەوئومەی عەرەبیەی کە وەک شێخ مەحمودی نەمر لەنامەکەی دا بۆبەریتانیا دەڵێت(ئێمە مافی خۆمانە سەربەخۆ بین,پاشان عەرەب هەرگیز قەدرومافی ئەوانەیان نەداوە کەلە گەڵیاندا دەژین).

سەبارەت بەبالۆرەی ئومەی ئیسلامی ئەو ڕۆژگارە بەسەر چوو کەکورد بەناوی برایەتی ئیسلامی بخەڵەتێت,ئەوبراتورک وعەرەب وفارسە ئیسلامیانەی ئەوەی خوا پێی ناخۆشە بەناوی ئاینەوە بەرامبەر کورد کردویانە.

کاتێک ئێمە بەشێکین لەئومەی بەناوئیسلامی کەڕێزلە بەشداری کوردلەژیاری ئیسلامی بگیرێت کە چ ڕۆڵێکی کارای لەبواری زانستی وسەربازی وشارستانیەتی ئیسلامیدا گێڕاوە.

یەکێکی تر لە ناماقوڵیەکانی ناشەریفەکانی ئەزهەر گوایە ئاڵای ئیسرائیل لەئاهەنگەکانی ڕیفراندۆم هەڵکراوە,ئەزهەر چاوی کوێرایی داهاتوە کە ئاڵای ئیسرائیل لە قاهیرە وشەرم ئەلشێخ وپایتەختی دەوڵەتانی عەرەبی نابینێ,یاخود ئەوە وڵاتانی عەرەبین یان کوردە کە دەیان ڕێکەوتنی سیاسی سەربازی وئابوری پێکەوەیان دەبەستێتەوەلە گەڵ قەوارەی جولەکەدا.

نەزانەکانی ئەزهەر ئەوهەموو ئایەت وفەرمودە نابینن کەباس لەکەرامەت وئازادی وشکۆی مرۆڤ دەکات,یاخود ئیرادی خوایی لەدروست کردنی گەل ونەتەوەو زمانە جیاوازەکان بۆتەواوکاری ویەکتر ناسینە نەک سرینەوەو نکوڵی لێکردن.

لەکۆتاییدا ڕوودەکەمە ئیسلامیەکانی کوردودەڵێم بائێمەش ئاین ودینمان بۆ پاریزگاری لەشکۆی گەلەکەمان ودروست کردنی قەوارەی پڕدادوهەیبەتی خۆمان بەکاربێنین,وەک چۆن زڕ براعەرەب وتورک و فارسەکانمان دەیان دەولەتیان پێ دروست کرد,بەسە خەڵەتاندن وخۆشباوەڕی وفریودانمان بەناوی برایەتی ئاینی یەوە.



PM:11:16:05/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 4245 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی