دڵ خۆش مەبن گۆڕان شکست بهێنێت!؟

‌ئەبوبەکر هەڵەدنی

لەگەڵ ئەوەی ئەوانەی لەناو گۆڕاندا سیاسەت دەکەن مرۆڤن وهەڵەدەکەن وەک هەر کەسێکی تری ئاسایی ,بەڵام دەبێ ڕۆڵی ئەم بزوتنەوەو سەرکردە کاریزماکەی کاک نەوشیروان نادیدە نەگرین کە چ گوڕو تینێکیان دا بە ئۆپۆزسیۆن,گۆڕان وەک ئەو گرێدەرە بوو ڕێگای خۆش کرد شۆفڵەکانیش کاری خۆیان بکەن,بۆیە ئێستا دەبینم هەندێک کەیف خۆشن بە وەی گۆڕان نوقمی قەیران بێت وهەلا هەلا بێت,ئەمە جگە لەنەفەسی حزبی تەسک وکورتبینی هیچ ئاماژەیەکی تر هەڵناگرێت.

شکستی گۆڕان شکستی بەرەی ئیسڵاح وچاکسازیە,نائومێدبوون لەگۆڕان دەست شتنە لەهەنگاو نان بەرەو ئایندەیەکی باشتر,ئەودەنگانەی لە گۆڕان دوور دەکەونەوە نایەن بەرەو یەکگرتوو وکۆمەڵ وشاسوار عبدالواحد وبەرهەم ساڵح,بەڵکو بەرەو تونێڵە تاریکەکانی دەسەڵات ملی ڕێ دەگرن کە ئەوان جگە پارە هەڵڕشتن وچاوسوورکردنەوەو خەساندن چی دیان پێ نیە وخاڵی بونەتەوە لەڕاستگۆیی وپەرۆشی بۆ گەل ونیشتیمان.

هەزاران کادیر وبەرپرس وئەندام هەن دەزانن ئەو حزبە دەسەڵات دارانەی بیست وشەش ساڵە چی ناشیرینی هەبوو ئەنجامیان دا بەکەڵکی حوکمڕانی نایەن وناشبن بەڵام لەبەر تیکەی چەور وهەڵبژاردنی سەلامەتی بێدەنگن وسەری خۆیان کزدەکەن.

دەبێت گەر خەمی ئایندەمانە ودەمانەوێت کاروانی چاکسازی بگاتە مەنزڵی خۆی,دەبێت دەستمان بەگۆڕانەوە بێت تاکێشەکانیان چارەسەر بکەن,وەک چۆن کاتی خۆی بۆیەکێتئش هەمان ڕامان هەبوو کەلاواز بونی یەکێتی بەقازانجی تێک چوونی باڵانسی دیموکراسی وکەڵەگابونی پارتیە ,بۆ چوونەکەمان هەر وادەرچوو.

لە گەڵ دونیایە سەرنج و ڕەخنەم لە گۆڕان و سیاسەت کردنیان بەڵام وەک ڕکابەر بۆیان دەروانم نەک دوژمن,بەململانێی مەدەنیانە لەگەڵیان بجوڵێینەوە نەک  حەزکردن بە ئاودیو بونیان لە شانۆی سیاسەت.



AM:10:06:20/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 3643 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی