ئەم شێوازە لە حوکمڕانی بەرەو داڕمانمان دەبات!

‌ئەبوبەکر هەڵەدنی




لەمنداڵیەوە پرسیارێک لە مێشکمدا جینگڵی دەدا بۆچی ئێمە لەو نەتەوە دەگمەنانەین نەبوینە خاوەنی قەوارەی خۆمان، چەند ساڵێکە لەسایەی دەسەڵاتە بکوژ و ببڕ و بخۆرەکەی باشوری کوردستاندا وەڵامەکەم وەرگرتەوە کە هۆکاری ئەوەڵ و ئەخیر هەر خۆمانین و لۆمەی کەس نەکەین.

کورد واتەنی ئەوە ئەرز و ئەوە گەز چیمان چنیەوە لەم بیست و شەش ساڵەی دوای ڕاپەڕین؟ نمونەیەکی ئەوەندە خراپ و قێزەونی دەسەڵاتمان پیشاندا کە دەیان ساڵی تری دەوێ بۆ بنیات نانەوەی ئەوەی بەقوڵینگی دەست و مەچەکی خۆمان ڕووخاندومانە.

کەسەیری دۆخی ئێستای هەرێم دەکەی وادەردەکەوین کە نەپەندمان لەڕابردوو وەرگرتووە و نە ئێستا باش دەخوێنینەوە، نەخۆشمان بۆ ئەگەرە مەترسیدارەکانی قۆناغی داهاتوو ئامادە کردووە.

نە دوژمنەکانمان یەکمان دەخەن، نەمەترسیەکانیش بە هۆش خۆمان دێننەوە، تەنانەت دەسەڵاتدارە ملهوڕەکانی ئەم هەرێمە لەئاستی ئاهو نزوڵەی ئەم میللەتە بەش مەینەتە کەڕوکوێر ولاڵن، دابەزینی مۆڕاڵ گەیشتۆتە ئاستێکی هێندە ترسناک تائەو ڕادەی ئۆغرکردنی کەڵە تێکۆشەرێکی وەک کاک نەوشیروان مستەفا نەمانهەژێنێ کەبڕیارێکی جوامێرانە بەئاقاری ئاشتەوایی نیشتیمانی و چارەسەری کێشەکان بدەین.

ئەوهەموو گۆڕانکارییانەی ناوچەکە و خۆکۆکردنەوەی زلهێزان و ئامادەسازی دەروجیرانەکان پاڵمان پێوە نانێت بۆ بیرکردنەوەیەکی دوور بینانە و وردبینانە کەئێمە لەکوێی ئەم هاوکێشە سیاسیانەداین و خەریکی چین و خەمسارد بە دوای خەونی بچوک و پرۆسەی بێشەرمانەی دزین و بەهەدەردانی سامانی گشتیەوە و وزە و کاتی میلەتەکەمان بەفیڕۆ دەدەین.

بەدرێژایی مێژوو ئەوەی هۆکاری مانەوەی دەسەڵات و شارستانیەتی و ژیارەکان بووە پاراستنی مۆڕاڵ و بەهاکانی دادپەروەری و ئازادی و مرۆڤ سەروەری بووە، کەهەموو ئەو مۆڕاڵ و بەهایانە ئەمڕۆ لەدەسەڵاتی کوردیدا بزرە.

بۆیە بەهەموو پێودانگێک ئەم دەسەڵاتە ئێکسپایەرە پەلكێشمان دەکات بەرەو هەڵدێر و داڕمان، چونکە بیست وشەش ساڵی ڕابردوو پێمان دەڵێت، داواکردنی دادپەروەری لەمانە وەک ئەوە وایە بەشێتێک (لەگەڵ خۆشەویستی و ڕێزم بۆ ئەو جۆرە مرۆڤانە)بڵێی ژیر و عاقڵ بە.
تاقە ئومێدێک و تروسکایی هیوایەک مابێتەوە سۆزی پەروەردگاری ستەملێکراوان و نەخێری میلەتەکەمانە.

 





AM:10:23:29/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 3928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی