دەروێشەکان مەکەنە ئامانج!

‌ره‌حمان غه‌ریب

ساڵانە سەدان جۆر مەراسیمی ئاینی جۆراجۆر لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن، بە سەدان جۆر راپۆرتیان لەسەر کراوە، لەوانەش زیکرو جۆری مەراسیمی دەروێشەکانی تەریقەتی قادری کە تەکییەکانیان لە شارەکان جمەی دێت.

دەروێشانی تەریقەتی جیاوازی ئەم وڵاتە،  کەسانێکی نامۆ نین بە ژیانی کۆمەڵایەتی، بە بینین راستەوخۆبێت یان لە رێگەی  لە شاشەی تەلفزیۆنەکانەوە،ھەم بە روخسارو جۆری پۆشاکیان ھەم بەجۆری مەراسیمەکانیان ئاشناین.

وەک ئەوەی کەپێشتر دەروێشت نەبینیێت بە شمشێرو خەنجەرەوە، دەیانکەین بە دڕندەو سەدان پۆستی ناشرینیان لەسەر دەکرێت ، ئەمە راست نییە.

تۆ کە ئازادیی بە خۆت  دەدەیت  سەر بەھیچ  دێنێک  نەبیت، ئەبێت  بروات  بە ئازادی  ئەویتر ھەبێت لە دینداری، ئەبێت  قبوڵی جیاوازی بکەین،  ئەبێت ئازادی ئەوانیش فەراھەم بێت لە دەربڕین، بە تایبەتیش کە شیخی تەریقەتیان فەوتی کردوە.

بەڵام با قسە لەسەر ئەوە بێت، کە ئەم ھەموو بودجە زەبەلاحەی بۆ ھێزی ئەمنی تەرخان دەکرێت تا ئەمنیەتی گشتی بپارێزن، کەچی لە تاقیکردنەوەیەکی ئاوادا شکست دەھێنن و بەم شکستەیشیان  ژیانی ھەمووان دەخەنە مەتەرسییەوە. با قسە لەسەر ئەوە بێت چۆن پلانی خۆپارێزیو شکۆی ئەو ھێزە شکا.

قسە لەسەر ئەوە بکەین کە پرسە قەدەغەیە، بۆ رێگەی پێدەدەن و ئینجا بەرپرسە باڵاکانیش بەشداری تیا دەکەن وەک ئەوەی بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بڵێیت: ئێمە لەسەروو خۆپارێزین.

دەروێشی بەدبەخت مەکەن بە ئامانج، ئەوانە دڵیان گەرمە، ئەو پلانە ئەمنییە بکەنە ئامانج  کە بەرگەی ھیچ شتێ ناگرێت چونکە بروای بەوە نەماوە ئەسڵەن شتێک ھەبێت ژیانی بۆ بخاتە مەتەرسییەوە.

دەروێشەکان مەکەنە ئامانج ئەوان بریاریان داوە دەروێشی شیخی خۆیان بن، بە بێ ئیمتایزات، ئەو ھێزانە بکەنە ئامانج کە رێگەیان دەدات  شوێنە گشتیەکان (نەک تەکییەکانیان)ھەندێ جوڵی ترسناک نمایش بکەن و ترس بخەنە دڵی مناڵەکانمان.

کە خۆت بە رۆشنبیر ئەزانیت و  دونیات پڕکردوە لە ئازادی و پێکەوە ژیان، بۆ لایک و خۆدەرخستن بەھاکان مەدۆڕێنە.


PM:11:39:09/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 1984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی