بافڵ تاڵەبانی هاتەوە.. ئێ دوای ئەوە؟

‌ره‌حمان غه‌ریب


گەرانەوەی كوڕە گەورەی مام جەلال، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، (بافڵ تاڵەبانی) لەدەرەوەی وڵات، هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكردنی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئینجا هاتنی هەردوو سەرۆكی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سلێمانی.
ئەو لێرە نەبوو، كە كۆرۆنا هات، ئینجا كۆرۆنای ئابوری بەدوایدا، ئینجا ناكۆكییەكانی یەكێتی لە زینی وەرتێ، پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانی عێراق، رویاندا، دورنەبووە لەو رووداوانە، بەڵام بۆچوونی نەزانرابوو.

لە غیابی تاڵەبانیدا جوڵانەوەی سیاسی یەكێتی لەسەر چەند ئاستێكدا زۆر چالاكبوو، لەوانەش: بەرزكردنەوەی سەقفی داخوازییەكانی بۆ ئیدارەدانی كوردستان تا سیستمی لامەركەزی، جیاوازی لەگەڵ پارتی لە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ، هەروەها دەرخستنی دیدی جیاواز لە چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا تا تۆخكردنەوەی جیاوازییە مێژوییەكانی رابردوو، بەڵام بێ ئەوەی بگاتە مریشكە رەشە، چەند كۆبونەوەیك كە بریار بوو ئەنجام بدرێن، دواخراون.

ئەمانە هەندێ دەرئەنجامن بە بێ ئەوەی باس لە هۆكارەكانی بكەین، یان بەشداریكردنی لە پرۆسەی بریاری ناو یەكێتی بەكەم تەماشابكەین، هەقە بپرسین هاتنەوەی هاوسەرۆك، چی دەگۆڕێ؟ 

وەڵامە ئاسانەكە ئەوەیە لەگەڵ ئەم جوڵانە سیاسییە تازەیە خۆی دەگونجێنێت رێگا ئاسانەكە هەڵدەبژێرێت و لەگەڵ رەوتەكەدا دەڕوات. رێگا قورسەكەیش رۆشتنە بەپێچەوانەوەی رەوتەكە، كردنەوەی دەرگای ترە بەرووی ئاساییكردنەوەو چارەسەر، بێ ئەوەی ئەو هەنگاوانەی ببنە هۆی هاتنە ناوەوەی رەشەبای ناكۆكی نێوخۆی بۆ ناو حزبەكەی. 

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەبێت ئەو راستییە سادە بزانێت كە جوڵانەوەی سیاسی هەرێمی كوردستان پێویستی بەهاوبەشی بریاری هاوڵاتیان و نوێنەری راستەقینەی هێزەكانی كۆمەڵگا هەیە، كرێكارێك، جوتیارێك، مامۆستایەك، هونەرمەندێك، كە فەرامۆشكراون و دەنگیان تێكەڵی موزایەداتی سیاسی كراوە.

كۆبونەوەی حزبێك و دوان بە جیاو پێكەوە رەنگە دەرگا بە رویی چارەسەری هەندێ لە كێشەی ناوخۆیی و نۆژەنكردنەوەی پەیوەندی دوو قۆڵی، بكاتەوە، چارەسەری بنەرەتی گەڕانە بە شوێن باشترین میكانیزمی بەشداری هێزی زیندوی كۆمەڵگا لە بڕیارەكانتاندا.

كۆبونەوەی ئەو حزبانە "بەجیاو و پێكەوە"، جگە لەپەخشكردنی وێنەی بێدەنگراوی پێكەنین و زەردەخەنەی سیاسییەكان، ئاوێك ناكات بە بازاری گڕگرتووی بژێوی هاوڵاتیان.

كۆبونەوەی یەكێتی و پارتی، یان كۆبونەوەی لوتكە، كۆبونەوەی خێزانێكی سیاسیین كە تا هەنووكە بە رێكەوتنامەی ستراتیژی و پاشانیش رێكەوتنی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی حكومەت، هەندێ خاڵی ناكۆكی نێوانیان نابێتە هۆی ماڵ جیایی.
هەر هەنگاوێكی یەكێتی بەجیا، یان پارتی بەجیا، یا هەردوولایان پێكەوە، گەر هاوتەریب نەبن لەگەڵ داخوازیەكانی خەڵك و گەڕان بە شوێن دۆزینەوەی بیرۆكە و دیدی نوێی چارەسەر كە فاكتەرێك بن بۆ  سەقامگیری سیاسی و كەمكردنەوەی بارگرانی ئابوری لەسەرشانی خەڵكی فەقیرو كەمدەرامەتانی كوردستان،  شكستدێنێت .


PM:07:06:10/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 41776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی