دوو پەیام لە ئاستی مەترسییەكەدایە

‌ره‌حمان غه‌ریب

بەیاننامەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لێدوانەكانی شەوی رابردووی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دوو پێوەری گرنگن تا بزانیت قەبارەی مەترسییەكە چەندە، دەبێت وای تەفسیر بكەن لێدانی زەنگی مەترسییەكی گەورەیە بۆ كوردستان.

شەوی رابردوو راشكاوانە بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند هەموو ژوورەكانی چاودێری ورد لە كوردستان 100 قەرەوێڵە تێناپەڕێت، جا گەر ژمارەی تووشبووان لە كوردستان هەڵكشا ئەوە ئەبێت بزانین سیستمی تەندروستیمان بەرگەی ناگرێ.
 
هۆشدارییەكەی ئەم كەسە ماندووە بەهەند وەرگرن، هەموو زانیارییەكان لای ئەون، ئەگەر زۆری بۆ نەهاتبێت ئەو زەنگی مەترسییە لێنادات.
 
بەیاننامەكەی سەرۆكی حكومەت كە لە دوای لێدوانەكەی بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانییەوە دەركراوە، نایەوێت لە قەبارەی مەترسییەكە كەمبكاتەوە، دەیەوێت بە كەمترین زەرەر دەربازبین لەم قۆناغە، چونكە "توانای سیستەمی تەندروستیی هەرێمی كوردستان سنووردارە و لەكاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە كێشەكان زیاتر دەبن و ئەو كاتیش گلەیی فریای كەس ناكەوێت".

متمانەی خەڵك بە پلانەكانی خۆپارێزی لە ئاستێكی باشە بەڵام باشتر دەبن كاتێك رێكارەكانی حكومەت خەڵكی دەستڕۆشتوو دەگرێتەوە وەك ئەو رێكارانەی بەرامبەر بەڕێوەبەری ئاسایشی مەرزی ئیبراهیم خەلیل ئەنجامدرا، باشتر دەبێت كاتێك بە ژمارە ئەو رێكارانەمان پێ بلێن كە لە مەرزەكان بەرامبەر بە سەرپێچیكاران ئەنجام ئەدرێن.

دەزانین مانەوە لە ماڵەوە، دیارترین شێوازی خۆپارێزییە، حكومەتی هەرێم پێش زۆر وڵاتی دونیا پەنای بۆ برد، ئەم شێوازە لە خۆپارێزی دوو رەهەندی هەیە، یەكەمیان ئەوەی خێزانەكان ئیلتزام بكەن لە ماڵەوە بمێننەوە، دووەمین حكومەت رێوشوێنەكانی بەرەنگاری توند بكات.

ئاخر ماڵەكەی من بەشێكە لە ماڵە گەورەكە كە كوردستان، سودی پابەندبوونی هاوڵاتیان بە رێنماییەكان كاتێك بەهای هەیە كە حكومەت لە شەقامەكان ئینجا سەر مەرزەكان ئامادەبوونی بەهێزی هەبێت.
 
یانی چی حكومەت گلەیی لە منی هاوڵاتی بكات كە كەسانێ هەن كە لە پێناوی "بەرژەوەندییەكی تایبەت" یاری بە ژیانی خەڵك دەكەن وەك لە بەیاننامەیكەدا هاتووە.

خۆ نابێت هاوڵاتی جدی بێت، لەولاوە دەزگاكانی حكومەت جدی نەبن لە جێبەجێكردنی رێنمایی و پلانی قۆناغی خۆپارێزی، كێ دەستی گرتوون ئیجرائات بەرامبەر چاوچنۆك و قاچاخچی و بازرگانی بازاڕی رەش، بكەن؟  بیكەن خەڵك پشتیوانتانە.

هەر دزە كردنێكی هاوڵاتییەكی بێگانە لەسەر سنورەكانەوە بە فیڕۆ چوونی شەونخونی ئەو هەموو كەسە دڵسۆزانەی تیمە تەندروستییەكان، پزیشك، كامەندانی تەندروستی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ  و كارمەندانی شارەوانی و كارەبا و هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەكانە.

بۆیە دەبێت بە رۆحی خەباتی شاخ چاودێری سنورەكانمان بكەین، ئەگەر وەزارەتی پێشمەگە پێی ناكرێ، باشترە ئەركەكە بە پێشمەرگە دێرینەكان بسپێرن.


PM:03:47:22/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 3024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی