لە بەر دڵی تۆ سلێمانی

‌ره‌حمان غه‌ریب

رەحمان غەریب
وێنەگرتنی سەپەرشتیاری یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی، سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە بەردەم كتێبی "هرگقات"ی جۆرج تەرابیشی و "استشراق"ی ئیدوار سەعید، یان هەندێ بیرمەندی تری جیهانی عەرەبی، ئەوە لە زهنی عاشقانی كتێب ناسڕێتەوە كە زۆرینەی پێشانگاكە یەك رەنگ بەسەریدا زاڵە، جۆرێك لە خانەی بڵاوكردنەوە بایەخیان پێدراوە.

چەند مەترێك لە شوێنی وێنەگرتنەكەی سەرۆكی عێراق بەلای چەپ و راستدا شۆڕبیتەوە و بگەڕێی، دەبینیت یەك جۆری دامەزراوەی چاپ و بڵاوكردنەوە بانگهێشتكراون، بیرمەندانی ئیسلامی بە رەوت و قوتابخانەو مەزهەب و وڵاتی جیا، دیمەنەكەیان داگیركردوە.

زۆربەی ئەو هاوڕێیانەی سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی لە شاری سلێمانی كردووە، لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەم چالاكییە رۆشنبیریە، نمایشی و ریكلامی كتێبی دینییە، پرسیار دەكەن بۆ ناو نەنراوە: یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی دینی لە سلێمانی؟.

ئاساییە لەشارێكدا زۆربەی موسڵمان بن، دەیان پێشانگای كتێبی دینی، رێكبخرێت، لەناو دینەكانیشدا، بە كتێبی بیرمەندان و زانایانی ئیسلامی/ ئیسلامی سیاسی، بڕازێننەوە، بەڵام دەكرێت بۆنەیەكەی تری بۆ هەڵبژێری كە بۆنە دینییەكان زۆرن، بەڵام ئێمە ساڵی یەكجار یادی دامەزراندنی سلێمانی (پایتەختی رۆشنبیری) دەكەینەوە، كە چالاكی رێكدەخرێت، ەەر لە بەردڵی زیندوی ئەم شارە، بیر لە فرە رەنگی دینی، فكری، رۆشنبیری، پەلكەزێڕینەی پێكەوەیی سیاسی، كۆمەڵایەتی بكرێتەوە.

یەك لە خاوەنی كتێبخانە دیارەكانی شاری سلێمانی، بەشداری پێشانگاكەی كردوە، رووداوی سەیری دەگێڕایەوە وەك ئەوەی كە بە چاوی خۆی ئەوەی بینیووە كە "هەندێ لە رێكخەران داوایان لە خاوەنی كتێبخانەیەكی كریستانی كردوە كتێبەكانی بپێچێتەوە نمایشیان نەكات" !.كە نمایشی كتێبی بیری دینی ئیسلامی رێگە پێدراو بوو، بۆ دەبێت كتێبەكانی بیری مەسیحی بەربەستی بۆ دابنرێ؟

كۆمپانیای ئەتلس ئەلئەسیل (اگس الاصیل)، گرێبەستی شەراكەتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ كۆمپانیای پێشانگاكانی عێراق مۆر كردوە، بە پێی گرێبەستەكە تەنها ئەو كۆمپانیایە بۆی هەیە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانیدا بكاتەوە، ئەم گرێبەستەش پارێزگای سلێمانی ئاگادارە.

بە پێی ئەو گریبَەستەی نێوان كۆمپاینیاكەو كۆمپانیای پێشانگاكانی عێراق، بێت ئیدی ئەوانەی لە ئایندە سەردانی چوار پێشانگاكەی سلێمانی دەكەن، دەبێت بۆنی بەهارات و ئەوەی پێی دەوترێ ئاڵەتی نێو چێشتی میسری بكەن، كە لە لای چەپی هۆڵەكە نازانم بۆ قوتكرابۆوە، جۆرێك بەهارات كە هێزی ئەوەی نەبوو، تامی پێشانگاكە لە عەرەبی - ئیسلامی، بۆ نێودەوڵەتی و فرەیی، بگۆڕێ.


PM:04:29:24/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 4164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی