شەنگال، دێگەڵەیەکی تر لە جەستەی سیاسیماندا

‌ئاسۆ فەرەیدوون

پێش هەموو شتێک دەبێت لە جیاوازی نێوان هاوپەیمانی سیاسیی  و ڕێککەوتنی سیاسی  تێگەیشتبین، ئەوسا دەتوانین ڕێکەوین لەسەر جیاوازییەکانمان. زۆرجار تیکەڵکردنی ئەو جیاوازیەی نێوان هاوپەیمانی و ڕێککەوتن، ناحاڵێ بوونمان لەو دوو کایە جودایە، دەمانخاتە بەردەم مەسولیەتێکی گەورەتر لەوەی لەتواناماندایە.

ئێمە درۆیەکی گەورە لەگەڵ خۆمان و خەڵکیشدا دەکەین ئەگەر پێمان وابێت  حیزبە سیاسیەکان لەهەرێمی کوردستاندا بتوانن ببنە هاوپەیمانی سیاسی یەکتر. چونکە هاوپەیمانی دەکاتە یەک بوون لە بۆچوون و پلان و ستراتیژی هاوشێوەی یەکتر، بەمانایەکی تر هاوپەیمانی سیاسی نێوان دوو حیزب لە یەک وڵاتدا دەکاتە یەکگرتن و بوونەیەک حیزب لە نێوان دوو هێزی سیاسیدا. بەڵام ڕێکەوتن مانای قبوڵکردنی جیاوازی تەکنیکی و تاکتیکی نێوان دوو حیزب و پێکهاتنە لەسەر ئەوەی سەرباری جیاوازیمان ، چاوپۆشی لە خاڵەلاوازەکانی یەکتر بکەین.

ئەزموونی هاوپەیمانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ دا ، ئەوە دەسەلمێنێت تا چ ئاستێکی خراپ، ئێمە زیانمان بە هەردوو حیزب و بەخەڵکیش گەیاند . بەداخەوە تا ئێستاش نەتوانراوە لە ستراتیژدا ئەم دوو حیزبە ببنە یەک ڕا و یەک هەڵوێست لە پرسە نیشتمانیەکانەوە تا پرسە ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان . تەنانەت لە بۆچوونی هەرێمیشدا لە نێوان جەمسەرەکاندا دابەش بووینەتەوە بەسەر دووبەرەی تەواو جیاواز لەیەکتر کە ئەمەش کرۆکی جیاوازیە گەورەکەی نێوان ئەم دوو هێزە سیاسی و سەربازییەی ناوچەکەیە .

ڕاست و دروست، سەرچاوەی هەموو قەیران و نەهامەتیەکانی هەرێمی کوردستان، حیزبەکانی ئەم هەرێمەن. ئاسەواری ناکۆکی و کێشە و گرفتەکانی نێوانیان کاریگەری خراپی  بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و هاوڵاتیان خولقاندووە. بەڵام ڕێککەوتن و پێکهاتن و هاوپەیمانیان بۆ خۆیان و بەرژەوەندی مەکتەبە سیاسیەکانیانە.
لە ئێستادا قەیرانە ئابووری و سیاسیەکانی هەرێم ڕەگی گەیشتووە بە بنخێزانی تاک بەتاکی کۆمەڵگەی کوردی ، پێویستە خەڵک بەجۆرێکی تر حیزبەکان بخەنە بەردەم ئەو پرسیارە سەرەکیەوە کە ئایا جیاوازیەکانتان لەسەر چی یە ؟ لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟ بەهەمان شێوە ڕێکەوتنانتان لەسەرچی یە ؟ لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟ ئەم پرسە لە بابەتێکی ئیعلامیەوە بهێنرێتە دەرەوە ، ببێتە بابەتی ژیان و مانی خەڵک .   سیاسیەتی کوردی لە دەقێکی ئیعلامی و خەبەریەوە ببێتە بڕیارێکی زاتی و مەوزوعی تاکی کۆمەڵگە!

لە پێناو ڕوونەدانی کارەساتی کەمەرشکێنی نێوان حیزب و حیزبدا ،دەبێت چارەسەری  لەنێوان کۆمەڵگە و دەستەڵاتدا ڕووبدات ،  کۆتایی بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی بهێنرێت. هەموو شتێک بە جیاوازی و ڕێککەوتنەکانەوە بە  ئاشکرا بخرێتە بەردەم خەڵکەوە. بگوترێت ئەمەیە واقیع حاڵی سیاسی هەرێمی کوردستان. جورعە ئازار شکێنەکانی ڕابردوو ، چارەسەری ڕاستەقینەی ئێمە نەبوون ، پێویستمان بە نەشتەرگەریە هەنووکەیەکەی پێکهاتنە و تەنیا فریادرەسمانە .

بە کەمێک هەستی سیاسیەوە هەموومان دەزانین  کوردستان لە لێواری چەندین مەترسی گەورەدایە .  مەترسیە گەورەکان نێوخۆیین، بچوکترینیان  دەرکین. هێزە ئیقلیمیەکان دەتوانن شوێن و کاتی تەقینەوەی مەترسیەکان دروست بکەن، ئەگەر نێوماڵی کوردی خۆی مەترسی تیادا نەبێت ئەوان توانای دیاری کردنی کات و شوێنی تەقینەوەکانیان لەدەست نایەت . کەواتە دەبێت لە زووترین کاتدا ڕێکەوتن ڕووبدات . بەڵام پرسیارە گرنگ و سەرەکیەکە لێرەدایە ، ڕێکەوتن لەسەرچی و لەنێوان کێدا ؟!

 با شەنگال نەبێتە دێگەڵەیەکی تر!
ئاسەواری دابەشکردنی زۆنەکان لەمدیو و ئەودیوی دێگەڵەدا تا ئەمڕۆ لەهەموو جومگە و دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکانی هەرێمدا هەرماوە. هەندێک جار پەرتبوون ئەگەر لە فۆرمی لامەرکەزیەتی ئیداری و مالیدابێت بەخێر و چاکە دەشکێتەوە، بەڵام پەرتبوونی سیاسی، بەشەڕی دابەشبوون و پارچەبوونی جەستە و ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتمانی کۆتایی دێت.

هەموو ئاماژە سیاسی و سەربازیەکانی کارەساتی داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە و پارێزگاری و ئازادکردنی لەلایەن پێشمەرگە و شەرڤانانەوە، بابەتی جەنگێکی ئیقلیمی نێوان جەمسەرکانی جەنگەکەن . بەڵام پێکدادان و بەرکەوتنی سەربازی نێوان کورد و کورد. شەڕی نێوان کورد و کورد لەو دەڤەرەدا بەهەموو پێوەرە سەربازی و سیاسیەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی ( دیاریکردنی شوێنی شەڕەکە و هەڵبژاردنی تەوقیتی بەریەککەوتنەکە) کوردانە نیە . لەو سێ گۆشەیەدا کورد تەنیا ڕۆڵی ئەو جەنگاوەرە دەبینێت کە دەرهێنەری سیناریۆی شانۆگەریەکە بۆی دیاری دەکات.

لە ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوودا، دەرهێنەرەکانی دیمەنی سیاسی دێگەڵە توانیویانە شانۆیەکی سیاسی وەها لە کوردستاندا ئامادەبکەن، بۆ دەیان ساڵی تر لە شێوە و شێوازی نمایشی جۆراوجۆردا بەشی دەیان ساڵی تری جیاکردنەوەمان بکات.

لە ئێستاوە سەرەتاکانی شەڕی شەنگاڵیش بەشی دەیان ساڵی ناکۆکی و شەڕی ماڵوێرانکەری کورد و کوردی بەدەمەوەیە. دێگەڵە تەنیا جیاکردنەوە و دابەشکردنی حوکمڕانی نیە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکە لە تاران و ئەنقەرە و بەغدا و واشنتتۆن و مۆسکۆشدا دابەشی کردووین بەسەر دوو جەمسەری نەیار و ناکۆکی دژبەیەکدا. بۆیە شەنگالیش تەنیا بەریەک کەوتنێکی لەناکاوی نێوانمان  نییە، بەڵکە دابەشکردنەوەیەکی نوێ یە کە دەتوانین ناوی سایکس بیکۆی نێوماڵی کوردی لێ بنێنن ، بەڵام  لەنێوان کورد و کورد خۆیدا.

ئەگەر بمانەوێت ئاوەدانی و ئاشتی نێوماڵی کورد دروست بکەینەوە، دەبێت لەهەردوو چیای وشک و ڕەق و تەقی دێگەڵە و شەنگاڵەوە ئاشت بینەوە. ئەگەرنا، لە پێچەوانەکەیدا نەک هەر لەو دوو کێو و بەردەڵانەدا سیاسەتی کوردی زیاتر کەنەفت دەبێت و پەکی دەکەوێت، بگرە کەرکوک و خانەقی و سلێمانی و هەولێر و سەرجەم سەرزەمینی کوردستانمان لێ دەبێتە بەردەڵانێک مەحاڵە لەسێبەری دارێکیدا بحەسێینەوە.


PM:01:59:08/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 2898 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی