برایەتی ڕاستەقینە لە شتە بچووکەکانەوە دەست پێدەکات!

‌هاوژین عومەر


بۆ هێنانەدیی برایەتیی ڕاستەقینە لە نێوان هێز و لایەن و قوتابخانە و ڕێبازە ئیسلامییە جیاجیاکاندا، پێویستمان بە ئەنجامدانی کاری مەحاڵ و قورس نییە.. برایەتیی ڕاستەقینە لە پێشدا بە نیاز و دڵپاکیی بەرانبەر بە یەکتر دەست پێدەکات، پاشانیش بە خۆدوورگرتن لەو باس و بابەتانەی بەدگومانی و بێمتمانەیی بەرانبەر یەکتر دروست دەکەن، کە ئەوانەش بەڵگەن لەسەر بوونی باوەڕێکی دامەزراو و ڕاستەقینە.

ئەوەی ئەمڕۆ و چەندین ساڵیشە ئیسلامییە جیاجیاکان لە بارەی برایەتیی دروستکردنەوە هەوڵی بۆ دەدەن و نایەتەدیی، بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە بوونی بەدگومانی و بێمتمانەییەوە هەیە بەرانبەر بە یەکتر، ئەوەشی وا دەکات ئەو بەدگومانی و بێمتمانەییانە پەرەی زیاتر بسێنن و پرۆژەی گەورەی پێکەوەیی ئیسلامیی لەبار بەرن، دیاردەیەکی قێزەون و ناڕەوای وەکو شەڕی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، بە تایبەتیش فەیسبوک.

گرفتێکی گەورەی ئەو شەڕ و ململانێیانەی نێو فەیسبوکیش ئەوەیە، لە لایەن کەسانی نەفام و ناتێگەیشتوو لە ڕوحی ئیسلام و پەروەردەنەکراو بە بەها و ئاکارە ئیسلامییەکان، بەڕێوە دەبرێن. برایەتی مانای ئەوە نییە هەموان ببن بە یەک هێز و یەک ئۆرگان و، یەک جۆر سیاسەت و بیرکردنەوە پەیڕەو بکەن، بەڵکو بریتییە لەوەی هەر لایەک ڕێز لە بوون و دید و تێڕوانینەکانی ئەوی دیکە بگرێت، ئەگەر چی جیاواز لەوەی خۆشی بن، مادامێک هەموویان لە چوارچێوەی ئیسلامدا دەخولێنەوە. گرفتێکی ململانەی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەیە کە تیایاندا سنووری ئەو ڕیزگرتنە دەبەزێنرێت.

ئەوانەی لەپشت هێرشەکانی فەیسبوک و تۆڕەکانی دیکەوەن بۆ سەر یەکتر، جا بە ڕاستەوخۆ بێت یان دەستلەپشتدان، بەرپرس بن یان کەسانی ئاسایی، ئەوانە لای خوا و لای مسوڵمانانیش بەرپرسیاری یەکەمن لە بەدینەهاتنی برایەتیی ڕاستەقینە، ئەوانە بە خۆیان زانیبێت یان نا، کارێکی شەیتانی و ناپاکییەکی گەورەیان ئەنجام داوە. ناکرێت کەسێک لە ئاشکرا بانگەشەی برایەتیی ئیسلامیی بکات و لە پەنهانیش کاری پێچەوانەی برایەتی ئەنجام بدات. لە ئێستادا بە داخەوە، لە ژێر باڵی هێز و لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان (کۆمەڵ، یەکگرتوو، بزووتنەوە، سەلەفی و سۆفی و هتد)، چەندین کەسی لەو شێوەیە خۆیان مەڵاس داوە و بەردەوام تۆوی بەدگومانی و ڕقبوونەوە لە یەکتر و بێمتمانەیی بەرانبەر یەکتر دەچێنن. زۆرجار هەوڵی ئەو جۆرە کەسانە، بۆ دژایەتییکردنی بەشێک لە ئەندامانی خۆشیان بووە، لە نێو ئەو حیزب و ڕەوتەی کاری تێدا دەکەن!

ئەگەر بە هەموو لایەک توانیمان زاڵ ببین بەسەر ئەو گرفتانەی سەرەوەدا، ئەوە بێگومان قۆناغێکی گەورە لە برایەتی نزیک بووینەتەوە، هەروەها هەست بە دابەزینی فەڕ و بەرەکەتی خواییش دەکەین لە کارەکانماندا. بۆ قۆناغەکانی دیکەش، پەیڕەوکردنی دیدی هاوبەش و لێکنزیککردنەوەی تێگەیشتنەکان دێت، جا چ بۆ بابەتی سیاسی بێت، یان غەیرە سیاسیی. گرنگ سەرەتایە، کە بریتییە لە ڕاستبوون لەگەڵ خوا و پاشان لەگەڵ بەندە ساڵحەکانی خوا.


PM:07:23:12/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 15800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی