خۆپیشاندانەکانی عێراق و دوو دیدگای جیاواز

‌هاوژین عومەر


ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی بەرفراوان، زۆر بە سانایی؛ لە دوو دیدیگای جیاوازەوە خوێندنەوە و لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، ھەر وەھاش نەخشەڕێگای چارەسەری بۆ دەخرێتە روو، ئەو دوو دیدگایەش تەواو لەیەک جیاوازن، کۆمەڵگەی عێراقییان بە سەردا دابەش بووە، ھەریەکیشیان پشتیوان و ھاوسۆزیی دەرەکیشی ھەیە، بۆ کوردیش پێویستە کە یەک لە ھەردووکیان تەبەننی بکات.

خوێندنەوەی یەکەم، لە گۆشەنیگای لایەن و ھێزە باڵادەست و پێکھێنەرەکانی رژێم و دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەوە، سەرچاوەی گرتووە، لەم خوێندنەوەیەدا ئەگەرچی دان بەوەدا نراوە کە عێراق گرفتی سیاسی و خزمەتگوزاریی و ئابووریی ھەیە، بەڵام ڕووداو و خۆپیشاندانەکان بە ئەقڵیەتی (نڤریە المۆامرە) لێک دەدەنەوە، پێیان وایە دەستی دەرەکیی ڕۆڵی گەورەی لە ئاڕاستەکردن و توندکردنەوەی خۆپیشاندانەکان ھەیە، پارە و میدیا و پشتیوانیی ماددیی و مەعنەویی ھێزگەلێکی ناوخۆیی وەکو بەعسییەکان و دەرەکیی وەکو ھەندێک دەوڵەتی کەنداو، ئەمە جگە لە ئەمریکا و چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، لەپشت بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانەوە وەستاون.

ھەڵگرانی ئەم گۆشەنیگایە، باوەڕیان بە گۆڕانکاریی گەورە و ڕیشەیی نییە لە جۆری سیستم و بەدەمەوەچوونی داواکانی خۆپیشاندەران و بنەبڕکردنی گەندەڵی و کۆتاییھێنان بە وەلائاتی دەرەکی و مەزھەبی، بەڵکو بۆ پارێزگاریی لە سیستمی ئێستا و بەرگرتن لە خۆپیشاندانەکان، ھێزە ئەمنییەکانیان وێنایەکی ناشیرینیان لە بەکارھێنانی ھێزی زیادلەپێویست پیشانی جیھان دا.. ئەو گرووپە زۆر بە ئەستەم بڕیاری چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەدەن، کاتێکیش بڕیار دەدەن، بڕیارەکەیان درەنگوەخت دەبێت و متمانەی خۆپیشاندەرانیش بەدەست ناھێنێت. ھەموو ئەوانەشی ھەڵگر و خاوەنی ئەم دیدگایەن بۆ دۆخی ناھەمواری ئێستای عێراق، تەنھا بە خۆیانەوە ناوەستن، بەڵکو ھەوڵیان بۆ ئەوەیە لایەن و ھێزەکانی دیکەی عێراقیش ناچار بەو نەخشەڕێگایانەی خۆیان بۆ چارەسەر بکەن.

خوێندنەوە و دیدگای دووەمیش؛ ھی ئەو لایەن و توێژ و کەسایەتییانەیە، کە زۆربەیان لە دەرەوەی لایەنە پێکھێنەرەکانی دەسەڵاتی ئێستای عێراقن. ئەمان جگە لەوەی پێیان وایە کە عێراق قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووریی و خزمەتگوزاریی و ئاوەدانیی ھەیە، ھاوکات پێشیان وایە ھەموو گرەوکردنێک لەسەر کات بۆ کۆتاییھاتن بە خۆپیشاندانەکان و ئەنجامنەدانی گۆڕانکاریی، تەنھا خۆھەڵخەڵەتاندنە و ئیدی عێراق ناگەڕێتەوە پێش خۆپیشاندانەکان.

ئەوانەی ئەم دیدگایەیان ھەیە، داوای وەرچەرخانێکی گەورە و بڕیاری بوێرانە لە بواری چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتێکی مەدەنی و دادگاییکردنی گەندەڵکاران و ھەڵبژاردنی بێگەرد و ئازادانە و ئاوەدانی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزاریی و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت و ھتد، دەکەن. ئەمان ھاوسۆزیی و پشتیوانیی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوخبەی وڵات و سەندیکاکان و زۆرینەی خەڵک و بەشێک لە ھێزە سیاسی و ھەروەھا ھەندێک لایەنی دەرەکیشیان ھەیە. ئەگەرچی بەشێک لە خۆپیشاندانەکان پشێوییان تێدا ھەیە و بەشێک لە داواکارییەکانیش زەمینەی جێبەجێکردنیان ئەستەمە و مەرجیش نییە ھەموو دەستتێوەردانە دەرەکییە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکان لە بەرژەوەندیی راستەقینەی خۆپیشاندەران و خەڵکی عێراق بن، بەڵام ھەموو ئەمانە لە رەوایەتیی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان و حەتمییەتی گۆڕانکاریی کەم ناکەنەوە.

ئەوەی لەم نێوەندەدا جێگەی لەسەروەستانە، ناڕوونیی ھەڵوێستی فەرمیی حکومەت و دامودەزگا پەیوەندییدارەکانی ھەرێم و زۆرینەی نوێنەرانی کورد لە بەغدایە، بە تایبەتیش پەرلەمانتاران، سەبارەت بە پشتیوانیی سیاسی و ئەخلاقیی خۆپیشاندەران و داواکانیان، بە تایبەتتریش دوای دەستلەکارکێشانەوەی دکتۆر عادل عەبدولمەھدی و کابینەکەی، ئەمە لە کاتێکدا ھاوسۆزیی و پشتیوانیی ئاشکرا و بیستراوی ئەوان، بە تایبەت لە دوای شکستی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی و دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو، گرنگی و کەڵکی سیاسیشی دەبێت. ئەمساڵی ٢٠١٩ حکومەتی ھەرێم بەشەنەوتی دیارییکراوی رادەست نەکرد، پێشتریش دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە فەرمی پشتیوانیی حکومەتەکەی دکتۆر عادلیان کرد لە بەرانبەر خۆپیشاندانەکان، ئێستاش ھیچ ھاوسۆزیی و پشتیوانییەک بۆ داوا رەواکانی خۆپیشاندەران رانەگەیەنن و بەشداریی ھەندێک لە ھەوڵەکانی گۆڕانکاریی و چاکسازیی نەبن، ئیدی ھەموو ئەمانە وێنایەکی لێڵتر و بەدحاڵیبوونی گەورەتر بەرانبەر داواکانی ھەرێم لە ناوەند دروست دەکەن، بە تایبەتیش کە رۆژ لە دوای رۆژ کاریگەریی خۆپیشاندەرەکان لەسەر شێوەی عێراقی دوای خۆپیشاندانەکان و پێکھێنانی حکومەتی نوێ روونتر دەبینرێت.

بەغدا
٢٠١٩/١٢/٤  


PM:10:05:05/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 2188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی