لە بارەی هەڵەی وتاربێژان و هێرشی نەیارانەوە!

‌هاوژین عومەر

هەروەکو چۆن پێویستە میدیاکار و ڕۆژنامەنووس لە پاڵ پیشەی ڕۆژنامەنووسییدا شارەزایی تەواو و پێویستیان لە یاسا و یاسای ڕۆژنامەنووسیی هەبێت، بۆ ئەوەی بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕینەوە دووچاری سنووربەزاندنی یاسایی و تەشهیر و ناوزڕاندن و پێشێلکردنی ئادابی گشتی نەبنەوە، بە هەمان شێوەش مامۆستایانی ئاینی و بانگخواز و وتاربێژان بە ئەندازەی پێویست و لە پاڵ شارەزایی لە زانستە شەرعییەکان، پێویستە شارەزایی و ڕۆشنبیریی تەواویشیان بە تایبەت لە سێ بوار و زانستی پەیوەندییدار بە کار و پیشەکەیان هەبێت، ئەوانیش:
ــ یاسا و بڕگە یاساییە پێویست و پەیوەندییدارەکان.
ــ زانستی کۆمەڵناسیی.
ــ دەروونزانیی.

هەر مامۆستایەکی ئاینی، یان بانگخواز و وتاربێژێک توانی خۆی بەو زانستانەش تەیار بکات، لە پاڵ زانستە ئیسلامیی و شەرعییەکاندا، خاوەنی گوتارێکی کاریگەرتر و بیرێکی فراوانتر و دیققەتی زیاتر دەبێت لە حاڵەتی وتاردان و خستنەڕووی بۆچوونەکانی و قسەکردنی لەسەر دیاردە و قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و هتد..

بە پێچەوانەشەوە، هەریەک لەو کارەکتەرە ئاینییانەی سەرەوە، نەیتوانی خۆی بەو زانستانە تەیار و پڕچەک بکات، ئەوا لە زۆر حاڵەتدا دەکەوێتە هەڵەی گەورەوە و دەبێتە پارێزەرێکی خراپی ئیسلام و خۆشی ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئیداریی دەکاتەوە، هەروەک ڕوویەکی ناشارستانیی ئیسلام و مسوڵمانانیش پیشانی دەرەوەی خۆی دەدات، بە تایبەت کە لە ئێستادا دەیان میدیا و ڕێکخراو و لایەنی نەیار بە دنیای ئیسلام و مسوڵمانان هەن و لە کەمیندان بۆ هەر هەڵەیەکی کارەکتەرە ئاینییەکان، جا ئەو کارەکتەرانە بانگخواز و مامۆستای ئاینی بن، یان سیاسیی ئیسلامیی، یان نوخبەی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیی ئیسلامیی، یان هتد.. زۆرجار لە لایەن ئەو کەسایەتی و ڕێکخراو و میدیا نەیارانەوە، هەر هەڵەیەکی کارەکتەرێکی ئاینی و ئیسلامیی، لەسەر ئیسلام ئەژمار دەکرێت و دەکرێتە بەهانە بۆ هێرشکردنی ناڕەوا بۆ سەر ئاین و پیرۆزییەکانی مسوڵمانان..

ئیسلام هەمووی جوانییە، دەقەکانی پڕن لە بەها شارستانی و ئینسانییەکان، هەر مسوڵمانێک نەیتوانی ئەو جوانییانە وەکو خۆیان پیشانی کۆمەڵگە و دەوروبەر بدات، ئەوە مسوڵمانێکی تەواو و پێوانەیی نییە و بە تەواویی لە ئیسلام نەگەیشتووە.. هەر نامسوڵمانێکیش بەدەر لە ڕەچاوکردنی ئەو جوانییانەی ئیسلام، قسەی لە هەڵە و کەموکورتیی مسوڵمانان کرد و تەجاوەزی بەرانبەر خودی ئیسلام کرد، ئەوە نە ڕەخنەگرێکی بابەتییە، نە کەسێکی ڕۆشنبیر و شارەزاشە، بەڵکو تەنها کەسێکی نەشارەزا و قینلەدڵە و لە بەهانەیەکی بچووک دەگەڕێت بۆ تەجاوەزکردنە سەر ئیسلام و پیرۆزییەکانی مسوڵمانان!


PM:03:52:15/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 2492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی