پەرلەمانەکەی سەردەمی کودەتا!

‌هاوژین عومەر


پەرلەمانی کوردستان، لە خولی یەکەمی کودەتایدا، واتە لە مێژووی ۱۵ی ئەیلولەوە تا ئێستا، لە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پەکخستن، تەنها سێ دانیشتنی ئەنجام داوە، بێگومان ئەویش بەبێ ئامادەبوونی سەرۆک و سکرتێر و هەردوو فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵ، لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار و فراکسیۆنی دیکە..

دانیشتنی یەکەم بڕگەکانی بریتیبوون لە: کودەتا بەسەر سەرۆکایەتیی پەرلەماندا و تێکدانی هاوکێشەکەی و تەسلیمکردنی قەڵایەکی دیکەی دەسەڵات بە پارتی. پاشانیش دەرکردنی ڕاسپاردە بۆ ڕیفراندۆمە حیزبییەکە و شەرعییەتدان پێی، کە دیارە کێ لە بنەڕەتدا بڕیاری ڕیفراندۆم و ڕۆژەکەی و وردەکارییەکەشی دا، دیاریشە کە ئەنجامەکەی بەچی گەیشتووە!

دانیشتنی دووەم: بڕگە سەرەکییەکەی قەبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارێکی پارتی (بەڕێز بەیار دۆسکی) بوو، چونکە بەڕێزیان پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی پۆستێکی گەورەتر لە بەغدای داگیرکەری کوردستان، لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەگەڵ تاووتوێی یەک دوو یاسای بێڕوح و گیان!

لە دانیشتنی سێیەمیشدا کە ئەمڕۆ بوو (۲٠۱۷/۹/۳٠) و بەڕێز ئومێد خۆشناو دەستپێشخەریی بۆ کردبوو، تیایدا وەڵامی ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق درانەوە کە دژی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بڕیاربەدەستانی ڕیفراندۆم دەری کردبوون، ناوەڕۆکی وەڵامەکەش لانی کەم بە (۲٤) سەعات پێش کۆبوونەوەکە، لە لایەن میدیا و ئەندام و کادرانی ئاسایی پارتییەوە بە کۆرس دەوترانەوە.

ئەگەر بە هەڵەشدا نەچم، ڕەنگە بەم نزیکانەش کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم ئەنجام بدەن و ئامادەبوانیش بە کۆرس و بە چەپڵەلێدانەوە، تەمەنی ئەم دەسەڵاتە و خۆشیان بۆ ماوەیەکی دڵگیر درێژ بکەنەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم کۆبوونەوەیان بە ویست و بۆ بەرژەوەندیی پارتی نەبێت بە تەنها!

ئەوەی جێگەی سەرنج و لێوردبوونەوەیە، یەک دانە خاڵ لە پشت هەموو کۆبوونەوەکانی خولی یەکەمی کودەتاکەوە دەبینرێت، ئەویش هاتنەدیی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی پارتییە، کە پێشتر لە میدیا سێبەر و بەرهەتاوەکانی خۆیاشیانەوە خستبوویاننە ڕوو. فاکتەرەکانی پشت کردنەوەی پەرلەمان (نەک کاراکردنەوەی) ئەو ئامانجانە بوون، نەک مووچە و بودجە و مافەکانی دیکەی هاووڵاتیان، وەک ئەوەی بانگەشەیان بۆ دەکرا!

کۆبوونەوەکەی یەکەم شەرعییەت بوو بە بڕیارەکەی پارتی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و تێکدانی هاوکێشەکەی ناو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کە گرێی دوو ساڵی ڕابردووی پارتی بوو. کۆبوونەوەکەی دووەمیش دیارە کێ لێی سوودمەند بووە. ئەوەی سێیەمیش دیسانەوە دیارە کە کێ ڕەشنووسەکەی ئامادە کردووە و کێش دەستپێشخەریی گرێدانەکەی کردووە و چ لایەنێکیش پێشتر ئەو خاڵانەی ناو وەڵامنامەکەی خستبوونە ڕوو، دیاریشە ناوەرۆکی ئەو وەڵامنامەیە بە پلەی یەکەم ئۆخژنە بۆ کێ و فشاری سەر چ لایەنێک کەم دەکاتەوە!

تا ئەم ساتەوەختە، سەبارەت بە دۆخی چەقبەستووی هەرێم و چۆنێتیی چارەسەری قەیرانەکان، ئەوانەی خوێندنەوە و ڕەخنەکانیان بۆ هەموو هەنگاوە سیاسییەکان و بەرنامەی هێزەکانی دەسەڵات دروست و واقیعی و ڕاست دەرچوون، کۆمەڵی ئیسلامیی و بزووتنەوەی گۆڕان بوون بە پلەی یەک، ئەوان نە شەرعییەتیان دا بە ڕیفراندۆمە حیزبییەکە، نە شەرعییەتیشیان دا بە کودەتاکەی سەر پەرلەمان، نە بە چەقەنەی دەسەڵاتیش هەڵپەڕین و نە بە سەرابەکەشی هەڵخەڵەتان. ئەم دوو هێزە دەمێکە لەوە تێگەیشتوون کە ئەم دەسەڵاتە بۆگەن و کرمتێدراوەی هەرێم لەوەدا نەماون بتوانن مافە بنەڕەتی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دابین و مسۆگەر بکەن، هەرکەسیش باوەڕ بە درۆ و بانگەشە و بەڵێنە ناڕاستەکانیان بکات، ئەوا پێویستە تەنها گلەیی لە خۆی بکات، چونکە ئەوان زیاتر لە جارێک هەموومانیان گەستووە!


PM:12:00:01/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 2705 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی