دەسەڵات و ڕیفراندۆم و هەڕەشە دەرەکییەکان!

‌هاوژین عومەر


ئەگەر بە وردی گوتاری میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە گرفتەکانی دوای ڕیفراندۆم و دەرکەوتەکانی ئەو پڕۆسەیە لێکبدەینەوە، دوو خاڵی گرنگ زۆر هەست پێدەکەین:

یەکەم: ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی بۆ سەر هەرێم لە ئارادایە و ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، بە تایبەتیش لە لایەن عێراق و تورکیاوە، ڕەنگە ئەم ڕاستییەش سەرانی پارتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم دەمێک بێت لە وردەکارییەکانی ئاگادار بن، بەڵام لە خەڵکی و هێزەکانی دیکەشیان شاردۆتەوە.

دووەم: بێئیرادەیی و تەنازولکردنێکی زۆر لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردەوە بەرانبەر عیراق و تورکیا بەدی دەکرێت.. ئەم بەڕێزانە بەر لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە و هەر لە سەرەتای بەکردارییکردنی هەڕەشەکانەوە، کەوتنە تەنازولی گەورە و پەشیمانبوونەوە لەو قسە و بەڵێن و گوتارانەی سێ مانگ زیاترە مێشکی ئێمەیان پێ بردووە و خەریکی موزایەدەکردنن پیێیانەوە.

کاتێک گوتاری بەشێک لە میدیای نزیک لە دەسەڵات گوێبیست دەبیت، تێدەگەیت ئەم دەسەڵاتەی هەرێم چەند دەسەڵاتێکی بوودەڵە، ئەو هەموو تەنازولەی لە دوای ۲۵ی ئەیلوولەوە بۆ تورکیا و عێراق کردوونی، ئەگەر نیوهێندەی ئەوەی بۆ هێزەکانی ناوخۆی هەرێم بکردایە، ئێستا شوێنەواری هیچ قەیرانێکی سیاسی و دارایی و فەرمانڕەوایی لە هەرێم بوونی نەمابوو.

سەیر لەوەدایە، دەسەڵاتدارانی هەرێم لە دوای یەک چارەکە سەدە لە حوکمڕانی، تا ئێستاش ناتوانن خوێندنەوەی دروست بۆ هەڵوێست و سیاسەتەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزان بکەن و لێیان تێبگەن، ئەگەر لێشی تێدەگەن، ئەوە بە پێچەوانەوە بە خەڵکییان ڕاگەیاندووە و خەڵکییان پێ چەواشە کردووە، هەر ئەوەش وای کرد زۆر بە زەقی بکەونە هەڵەی گەورەوە لە بەرانبەر هەڵوێستی ئەو دەوڵەتە زلهێزانە لە بەرانبەر پرسێکی وەکو ڕیفراندۆم.

من لای خۆمەوە هیوادارم هەڕەشە و گوڕەشە و ڕێکارەکانی عێراق و تورکیا و وڵاتانی دیکە بەرانبەر هەرێمی کوردستان بەکۆتا بگەن و خەڵکی بەشمەینەتی هەرێم لێیان زیانمەند نەبن. هەروەک هیواخوازیشم ئەمجارەیان ئەو فاکتەرە بابەتی و ئەو فشارە هەرێمییانە دەرئەنجامی پێچەوانە بۆ دەسەڵاتدارانی کورد بدەن بە دەستەوە و ببنە هۆکاری چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان و کۆتاییهاتن بەو قۆرخکاریی و تاکڕەویی و یاساشکێنییەی ساڵانێکی زۆرە لە لایەن گرووپە باڵادەستەکانەوە ئەنجام دەدرێن، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی ئەوەندەی دەسەڵاتدارانی کورد گوێ بە داوا و فشاری دەرەکی دەدەن، نیوهێندە ئەرزش بۆ داوا و فشاری هێزەکانی ناوخۆ دانانێن.


PM:10:05:29/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 2954 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی