‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان
PM:01:51:29/01/2019
عەلی حەمەساڵح


جارێک، هاوڕێیه‌کمان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی باسی پێشمه‌رگه‌ی کردبوو، ڕه‌خنه‌ی توندی گرتبوو له‌ خه‌باتی شاخ، کاک نه‌وشیروان وتی: قسه‌کانت خراپ بوو، من و هاوڕێکانیشم پێشمه‌رگه‌بوین، وازمان له‌ خوێندن و هه‌موو خۆشیه‌کانی ژیان هێنا، ١٩ هه‌زار شه‌هیدمانداوه‌، ئێستا چه‌ند که‌س به‌ناوی پێشمه‌رگایه‌تی دزی و بێناموسی ده‌کات؟، ئه‌وه‌تا له‌ شاریش له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌مان کە لە پێشمەرگایەتی چه‌ندین جار له‌ مردن گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ هه‌ر دژی دزی و گه‌نده‌ڵی ئه‌وانه‌ین به‌ناوی خه‌باتی شاخ خه‌ریکی بازرگانین، کاک نەوشیروان ‌ وتی: کێ دزه‌ ناوی بهێنه‌ مه‌ڵێ پێشمه‌رگه‌ی کۆن.

ڕه‌خنه‌ی من له‌ پێشمه‌رگه‌ی کۆن ئه‌مه‌یه‌؟

زۆرتان له‌ ژوری سێداره‌ هاتنه‌ ده‌ر، زۆرتان
ده‌یانجار له‌مه‌رگ گه‌ڕانه‌وه‌، زۆرتان له‌ژێر
ئه‌شکه‌نجه‌ی قورسدا هیچتان نه‌درکاند، ته‌سلیم نه‌بوون و خیانه‌تتان نه‌کرد فایلدار نه‌بوون و خۆتان نه‌فرۆشت. به‌ڵام... 
دوای ڕاپه‌ڕین قوبوڵتان بوو جاشێک له‌پێشتانه‌وه‌ بێت، دزێکی شاخ یان جاسوسێکی به‌عس(فایلدار) به‌رپرستان بێت. 
من شاهیدی ده‌یان کرده‌وه‌ی قیزه‌ونم، که‌ کۆمه‌ڵێک به‌ناوی پێشمه‌رگه‌و خه‌باتی ڕابردوو؛ ئه‌وه‌ی ناشرین بوو کردیان، به‌ڵام ڕۆژێک نه‌مان بینی ڕێپێوانێک بکه‌ن وبڵێن: بۆ ئه‌مه‌ خه‌باتمان نه‌کرد. 
ئێمه‌ له‌ زه‌مه‌نی ئێوه‌دا نه‌ژیاوین، به‌ڵام یاداشته‌کانتان ده‌خوێنینه‌وه،‌ ده‌یان وێنه‌ی ناشرینی شاخیش ده‌بینین. 
ئێمه‌ ڕێز له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ ده‌گرین به‌ ڕه‌مزی شۆڕشی ده‌زانین، به‌ڵام ناکرێت خۆتان ڕێز له‌ خه‌باتتان نه‌گرن!، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش ڕێزی لێده‌گرن بۆ به‌خه‌باتی ئێوه‌ یه‌کێک دێته‌ سه‌ر حوکمو ملیۆنان دۆلاری خه‌ڵک ده‌دزێت، قسه‌ ناکه‌ن؟

تو ویژدانتان کامه‌ی ئازاری زۆره‌؟

گه‌نجێک له‌ تاو ئازاری ژیان بڵێت: به‌شێک له‌ پێشمه‌رگه‌ کاتی خۆی قه‌لو قازیان ده‌دزی؟ یان به‌ فعلی به‌ناوی خه‌باتی شاخ ؛ شۆفڵ و ته‌ل و نه‌وت و زه‌وی و داهات و گومرگ بدزرێ؟ ده‌ی یه‌کێک ئێستا ئه‌م هه‌موو دزیه‌ بکات، پێشتریش هه‌ر دز بووه‌. 
کامیان ئازاری زۆره‌؟ 
به‌ته‌نیشته‌وه‌ جاشێک موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرین وه‌ربگرێت(واته‌: فه‌رقی پێشمه‌رگایه‌تی و جاشایه‌تی نیه‌) یان گه‌نجێک ده‌رده‌دڵی خۆی بکات( به‌شێک له‌ قسه‌کانی ڕاستن و پێدا هه‌ڵدان به‌ به‌عس و سه‌دام هه‌ڵه‌یه‌)؟ 
به‌ناوی خه‌باتی ئێوه‌وه‌ ٢٧ ساڵه‌ دزی ده‌کرێت و ده‌رمانی خراپ ده‌رخواردی خه‌ڵک ده‌درێت بۆ قبوڵتان کرد؟ ئه‌ی بۆ ئه‌م ڕه‌خنه‌ تونده‌ی ئه‌م ھاوڵاتیە که‌ دڵنیام 
مەبەستی ھەموتان نیە، قوبوڵی ناکەن ؟

جا کارەساتەکە ئەوەیە بەشێک بەناوی خەباتی باوکی خەرکی دزیو راوڕوتەو پێشەمەرگەی دێرینیش بێدنگە
سڵاو رێز بۆ ڕۆحی پاکی هه‌زاران شه‌هیدی 
دڵسۆز، سڵاو له‌خه‌بات و ماندووبونی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی که‌ خیناته‌یان نه‌کردو به‌ پاکی مانه‌وه‌، نه‌فره‌ت له‌وانه‌ی له‌ شاخ و شار خه‌ریکی دزی بوون. 
ئه‌وه‌شی نیگه‌رانه‌ بچێت کتێبه‌که‌ی هه‌ڤاڵ کوێستانی بخوێنێته‌وه‌( ئه‌و ڕۆژه‌ی نیشتیمان هی هه‌موان بوو)، چه‌ندین چیرۆکی قیزه‌ونی تێدایه‌.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح


ئه‌م بابه‌ته 1088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.