گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لەبەردەم بەرپرسیاریەتیەکی مێژوییدان

‌عەلی حەمەساڵح

ئێوە پشتیوانی چوار کۆمسیارتان کردووە، قبوڵکردنی ساختەکاری و زوڵم ئێستا لەدەستی ئەواندایە، دەتوانن زوڵم و ساختەکاری ڕەتبکەنەوە و ئومێد بۆ خەڵک و بەھا بۆ ھەڵبژاردن بگەڕێننەوە.

لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژویداین

خۆتان لەبریکارەکان و کارمەندەکانی کۆمسیۆن بپرسن.. باش دەزانن ئەمە ھەڵبژاردن نەبووە و گاڵتەجاری بووە بە ھەڵبژاردن. 

١-ھەڵکوتانە سەر بنکەکانی دەنگدان بەھێزی چەکدار، ساختەکاریکردنی دەنگ و لێدان لەبریکارەکان و کارمەندەکانی کۆمسیۆن، سیمای ئەم ھەڵبژاردنە بوون. 

٢-دەسەڵاتداران نزیکەی ٢٥٠ ھەزار ناسنامەی ساختە دروستبکەن، چۆن دەھێڵن بدۆڕێن! چۆن ساختەی گەورە ناکەن، ھەر خۆتان وێنەو بەڵگەی سەدان ناسنامەی ساختەتان لەبەردەستدایە لە سەرتاسەری کوردستان.

٣-گۆڕینی ڕێژەی دەنگدەران لە ٣٥٪ بۆ ٥٥٪ لە پارێزگای سلێمانی چیمان پێدەڵێت؟

٤-لە ھەندێک بنکە لە کۆیەو شەقلاوە ڕێژەی بەشداری ١٢٠٪. بووە. بۆچی دەستیان گەشتووە بەو دوو بنکەو بەوانی دیکە نەگەیشتووە؟ بەڵێ بەھووی گەشتوە، ھەندێک کەم و ھەندێک زۆر.

٥-لە بریکارەکانتان لە قەزای سۆران و دوروبەری ھەولێر بپرسن چیان دیوە، چۆن تەھدیدکراون و دەرکراون و لێیان دراوە، چۆن ساختەکراوە. 

٦-بپرسن بزانن چۆن لە کەرکوکەوە خەڵک ھێندراوە بۆ چەمچەماڵ و لە شارەزورەوە بۆ سلێمانی و لە گەرمیانەوە بۆ کۆیەو چۆن ساختەکاری کراوە.

٧-بەڵگە لەبەردەستە مولازمی ئاسایش لە ھەولێر بە چەکدارەوە ھاتووە و چەندین جار دەنگی داوەو وتوویەتی ھەرکەس قسە بکات بێسەروشوێنی دەکەین!.

٨-بەیاسا دەنگدەر ئازادە، بەڵام فشار لە دەیان ھەزار دەنگدەرکراوە کە وێنەی دەنگەکانیان نەگرن فەسڵ دەکرێن. باشترین بەڵگەش ئەو ١٩ ھەزار دەنگدەری تایبەتەیە کە دەنگیان بە دەسەڵاتداوەو وێنەیان گرتووەو سوتاندوویانە. 

٩-بڕۆن بە وردی ئەو سەدان سکاڵایە بخوێننەوە ئەوجا دەزانن ئەمە ھەڵبژاردن نەبووە، تەنیا شانۆگەریەک بووە بۆ شەرعیەتدان بە حوکمی دیکتاتۆر.

بەڕێزان، ئێمە بەشێک نین لەم ساختەکاریە، ساختەی گەورەمان لێکراوە، سوکایەتی و لێدان بە بریکارەکانمان کراوە بۆ قوبوڵی بکەین!

ئەو چوار نوێنەرەی ئەم سێ ھێزە ئەگەر واژوو لەسەر ئەنجامەکان نەکەن پەسەند ناکرێت بە دڵنیایی، ئەگەر واژووش بکەن بەشێک دەبن لەو تاوانە گەورەی دەسەڵات کردوویەتی.

ھیچ ساختەکاریەک وەک ئەمە نەبووە، پارتی و یەکێتی دوای ئەم ھەموو نەھامەتیەی بەسەر ئەم میللەتەیاندا ھێنا، ١٠ کورسی زیاد بکەن!

سوتاندنی دەیان سندوقیش ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە پرۆسەکە ھەمووی ئیھانەی ھەڵبژاردنە، خۆتان نەتانوتووە نابێت ھێزی چەکدارو ئاسایش بچێتە ناوەندەکانی دەنگدان، ئەوان نەک چون، بەڵکو سندوقیان پڕکرد و ھەڕەشەیان دەکرد و لە خەڵکیان دەدا..

خۆتان کاتژمێرێک پێش کۆتای دەنگدان نەتانوت دەیان ناوەند لەدەست کۆمسیۆندا نەماوە، ئێستا چی؟

داواکەی ئێمە قورس نیە، تەنیاو تەنیا ئەم ئەنجامە ساختانە واژوو مەکەن..

ئەگەر ئێستا ڕەتکردنەوەی ساختەکاری لەدەست ئێمەدا بێت و نەیکەین ئیدی خەڵک نە متمانەی بە ھەڵبژاردن دەبێت نە بە ئێمە. ئەم چوار کۆمسیارە بەڕێزەی ئەم سێ لایەنە پشتیوانی کردوون بەڕەتکردنەوەی ئەنجامی ساختە بەھا بۆ دەنگی خەڵک و ھەڵبژاردن دەگەڕێننەوە.

ئەگەر یەکێتی و پارتیش لەدەرەوەی ڕێنمایی بە زۆر ئەنجام پەسەند دەکەن باوەک قەزافی و موبارەک ٩٨٪ پەرلەمان ھی ئەوان بێت. 


AM:10:33:05/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 3383 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی