پێویستە ئەم كەسە ببێتە پارێزگای هەولێر

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

برادەرو هەڤاڵێكی خوێندەوار و بەڕێزم كە خەڵكی  هەولێرە، لێی پرسیم: بە ڕای تۆ كێ دەبێتە پارێزگای هەولێر؟… بە پێویستم زانی كە وەڵامی ئەو هەڤاڵەی خۆم چۆن دایەوە، لە دووتوێی گوتارێكدا بینوسمەوە.  

ئەو كەسەی كە دەبێتە پارێزگاری هەولێر پێویست ناكات ئەندامی سەركردایەتی پارتی بێت، چونكە كاكە فرسەت ئەندامی سەركردایەتی نەبوو. پێویستیش ناكات لە بنەماڵەیەكی ناسراوی خەڵكی هەولێر و دیسانەوە معامەلەی تەوریسی سیاسی  بێت، چونكە فرسەت ئەویش نەبوو. پێویست ناكات (د)الێك لە پێش ناوەكەیەوە بێت، چونكە فرسەت بە دوكتۆراكەیەوە شت نەبوو. 

فرسەت بە بێ دوكتۆراكەشی هەر شت  بوو. هەرچەندە فرسەت دوكتۆراكەی وەك شیری دایكی خۆی پێ حەڵاڵ بوو، چونكە بەرهەمی حەز و ماندووبوونی خۆی بوو. شەهادەی زانكۆ نەتیجەی جوهدێكی شەخسیە و هیچ پەیوەندیەكی بە پریستیژی سیاسیەوە نیە. هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان زۆرن ئەو شەهادانەی كە بە واستە، بە پارە و بە زە بری هێز وەرگیراون، هەر بۆیەش ناچنە ڕیزی شەهادە كەی كەسانی وەك كەمال مەزهەرەوە و هیچ قیمەتێكی زانستیان نیە. سەرچاوەی زۆربەی ئەم شەهادانەش بە مەرامی بەدەستهێنانی ئیمتیازی شەخسیە، نەك خولیاو خۆشەویستیەكی زانستی.

ئەو كەسەی كە ئەبێتە پارێزگاری هەولێر، ئەبێت نە خۆی و نە كەسێكی نزیكی، مولاحەزاتی گەندەڵی لەسەر نەبێت. ئەو كەسە ئەبێت خاوەن خەون و مەبدە ئی چاكسازی و ڕیفۆرمی ئیداری و كۆمەڵایەتی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بێت. ئەو كەسە ئەبێت هەولێر تەنیا بە شاری كورد نەزانێت و، لەو ئەركەدا حیزبایەتی نەكات، بەڵكوو دوای دەوام و، لە بارەگای (لق) و (ناوچە) پارتایەتی بكات. ئەو كەسە ئەبێت پردەكانی پاش خۆی، لە پێناو خزمەتی گەل و نیشتیماندا ڕوخاندبێت و، خەت ڕەجعەی خانەنشینێكی چەوری دانەڕشتبێت. 

بە كورتی: ئەو كەسە ئەبێت ئینسانێك بێت كە شەخسیەتی، نەك نوسخەی فرسەت، بەڵام لە چوارچێوەی مەنزومە ی سیاسی و ئەخلاقی كوردایەتیدا قابیلی تەعریف كردن بێت و، بێ ئەندازە ئازابێت.

ئیتر هەر كەس دەبێت با ببێت…  

ئەو هەڤاڵە بەڕێزە گوتی: كەواتە كەسێكی وەك نێچیرڤان ئەحمەد. 
منیش گوتم: خۆزگە.


PM:04:14:24/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 3748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی