ڕەفیقی ئازیزم قادری حاجی عەلی

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

هەر سیاسەتمەدارێک گوێی بیستنی مۆسیقای (هونەر بە گشتی) هەبێت و تەمەتوعی پێوە بکات، ئەوە تەعبیر لە فراوانی مەودای بیرکردنەوە و ئاستی ڕۆشنبیری ئەو سیاسەتمەدارە ئەکات. ئەویش چونکە جگە لەوەی کە موتابەعەی ڕیتم و ئاواز ئیشێکی ئاسان نیە، سیاسەت و مۆسیقا زۆر دوورن لە یەکترەوە و، دیارە ئەو کەسە ئینسانێکی چەند بوعدیە. کاک قادر گوێیەکی زۆر هەستیاری مۆسیقای هەبوو و، دەنگێکی زوڵاڵ و تایبەتیشی هەبوو. دەنگی ئەوەندە زوڵاڵ بوو، کە ئەگەر ڕێبازی هونەری لەجیاتی سیاسەت و پێشمەرگایەتی هەڵبژاردایە، ئەوا ئەبو بە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی گۆرانی و مۆسیقای کوردی. بەڵام بۆچی کاک قادر لەبری مۆسیقا، ڕێبازی کوردایەتی و پێشمەرگایەتی هەڵبژارد؟

هیچ گومانم لە نیشتیمانپەروەری گۆرانیبێژەکانی زمانی شیرینی کوردی نیە. بە ڵام زۆر جار ئینسان لە ژیاندا ئەکەوێتە بەردەم دوڕیانەوە و ئەبێت هەڵبژێرێت. کاک قادربەهرەکانی لە بواری مۆسیقا و گۆرانیدا، لە چوارچێوەیەکی شەخسیدا مەزندە ئەکرد، بەڵام کوردایەتی و پێشمەرگایەتی بە ئەرکێکی بەرزی ئەخلاقی و نیشتیمانی ئەبینی. بۆیە تەزحیە ی بەو دەنگە خۆشەدا لە پێناو شتێک کە لە مۆسیقا خۆشەویستر بو. کە ئەوەش خۆشبەختی گەل و سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان بوو.

ئەو کاتەی هەل و مەرجی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتی تەقینەوەدابوو، بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبەکەی بەندە سەنگەری توندمان بەرەوڕوی یەکتر گرتبوو، کاک قادر چەندین موبادەرەی کرد بۆ ئەوەی وەزعەکە ئەهوەن بکاتەوە، نەک هەر لەگەڵ پارتی، بەڵکو لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش. بەدرێژایی فەترەی ١٧ شوبات و هەتا سەرەتای پێکهێنانی کابینەی هەشتەم زۆر کاری هاوبەشی قورسمان پێکەوە کرد (لە دەرەوەی زومی کامێراکان و هەواڵە ڕۆژنامەوانیەکان) و خۆشبەختانە زۆربەیان ئەنجامی باشیان هەبوو. هۆکاری ئیشکردنی سیاسی باش لەگەڵ کاک قادر گوێگرتن و ڕێزلێنانی بوو لە بەرامبەر. هەم ڕەخنەی قوبوڵ بوو، هەم بە ڕاشکاوی ڕەخنەی ئەگرت.  

لە وڵاتی ئێمەدا هێشتا جیاوازی لە نێوان (دوژمن) و (مونافیس) ناکرێت. هەر بۆیەش مەنتیق لە هەرێمەکەی ئێمە ئەم ڕستە سادە یە یە: هەر کەسێک وەک تۆ بیری نەکردەوە دوژمنتە. بەڵام بە گشتیش و لە هەموو دونیا ئینسان کە سیاسەتی کرد حەتمەن دوژمن بۆخۆی دروست ئەکات. بەڵام ئەوەندەی من بزانم، هیچ نەبێت دوژمنەکانی کاک قادر شەخسی نەبوون و سیاسی بوون.

ناخۆشترین ئەرک ئەوە یە کە مەجبور بیت لە پرسەی کەسێکی نزیکت قسە بکەی. کاک قادر هاوڕێیەکی ئازیز و خۆشەویستی بەندە بوو و، ڕەنگە بوێرم بڵێم هاوبیریشم بوو. هەفتەیەک پێش نەخۆشکەوتنی بە دوورو درێژی  قسەمان ئەکرد و، پێم گووت: حەق بوو تۆ پاسۆک بویتایە. وتی ئاخر ئەو خەوەی من هەمبو بەو حیزبە بچوکە جێبەجێ نە ئەکرا. منیش پێم ووت: بۆ هیچ خەوێک هەیە لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان قورستر بێت کە پاسۆک شانی دابوە بەر؟… گوتی: نا. بەس ئەو خەوە پێویستی بە حیزبی بە هێیز هەیە، چونکە نیازپاکی بۆ خەوی گەورە کافی نیە… ئەوکات تێگەیشتم کە کاکە قادر (حیزب) بە ئامێر ئەزانێت نەک بە ئامانج. ئەو شتەی کە لە لای خەڵکانی مەبدەئی، کرۆکی سیاسەت کردنە. ئینسان کە بەو جۆرە بیری کردەوە، هەر ساتێک گەیشتە دووڕیانی (پلە و پۆست) و (مەبدەئی سیاسی)، حەتمەن مەبدە ئی سیاسی هەڵ ئەبژێرێت. ئەم ڕەفیقەی بەندەش هەتا دوا ساتی ژیانی دووهەمیانی هەڵبژارد.


PM:09:51:11/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی