گلەییەک لە حیزبەکەی خۆم لە یادەوەری ١٦ ئۆکتۆبەردا

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

ڕێفراندۆم گەورەترین دەستکەوتی نەتەوەی کورد بوو. لە هەمان کاتدا ڕێفراندۆم سەرتۆپی سەرکەوتنی سەرۆک مەسعود بەرزانی بوو لە ژیانی ٥٦ ساڵەی پێشمەرگایەتی دا. وەک قازی محەمەد، کاک مەسعود پۆست و پلەی کردە قوربانی سەربەخۆیی خاکی پیرۆزی کوردستان. بۆیە ئەم ئینسانە ( مەسعود بارزانی) هەتا هەتایە لە باڵاترین پلەی کوردایەتیدا دەمێنێتەوە. لە بەرامبەردا ١٦ ئۆکتۆبەر موئامەرەیەکی دوەلی بوو دژی خەونی میللەتێک و سەربەخۆیی کوردستان.

ئەو بێ عەقڵانەی کە ئەڵێن مەسعود بارزانی حسابی بۆ کاردانەوەکانی ڕێفراندۆم نەکردبوو، یان گەمژەن، یان موئامەرەچین. ئێمە (یەکەی ئیسنادی زێڕەڤانی، لەگەڵ بەشێک لە سوپای ٥،٤،٣،١ ی زێڕەڤانی لە دوبز، لە گەڵ هەندێک هێزی دیکە) لە پێش ڕێفراندۆمەوە بە درێژایی سنووری خاکی پیرۆزی کوردستان جێگیر کراوبوین. من باسی شوێنەکان بە ووردی ناکەم چونکە لەوانەیە سەرکردایەتی عەسکەری کوردستان پێی باش نەبێت.

کێشە توانای داکۆکیکردنی پێشمەرگە نەبوو. چونکە بە فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی هەموو پێشمەرگە، ئامادەی گیانفیداکردن و مەرگ بووین. کێشە شتێکیتر بوو. هەر وەک ڕوونە زۆر کەس لە حیزبەکەی بەندە ئەوەندە نەزانن کە وا دەزانن (لاهوری شێخ جەنگی و ئاراسی برای) نەخشەکێش و ڕابەری ئەم موئامەرەیە بوون. لە ڕاستیا ئەم بۆچوونە دوورە لە ڕاستیەوە.

ئەمەریکا، ئێران، تورکیا، عێراق، هەموو دوەلی عەرەبی و ئەوروپا، ئەگەر لەسەر هیچ شتێک لەگەڵ یەک ڕێک نەکەوتبن، لەسەر ئەوە موتتەفیق بوون کە خەونەکەی مەسعود بارزانی نابێت بێتە دی و کورد نابێت ببێتە خاوەنی دەوڵەت. هەر وەک هەمیشە ئەم نەیارانە پێکەوە هەوڵیان دا بەڵام نەیانتوانی کوڕەکانی مام جەلال و بنەماڵەی مامۆستا برایم ئەحمەد لە ڕاستە شەقاوی کوردایەتی لابدەن (هەرچەندە کێشەشیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا هەبێت)، بەڵام کوڕەکانی شێخ جەنگی بەردەست بوون.

بۆیە هەڵەیەکی کوشندەیە کە کاک لاهور و ئاراسی برای بە پلانڕێژی ١٦ ئۆکتۆبەر تۆمەتبار بکرێن. ئەوان پلانڕێژ نین… ئەوان جێبەجێکاری پلانی خەڵکی تریش نین. لە ڕاستیا ئەوان بەشێکی بچکوکن لە موئامەرەکە. ئەوانە جاشیش نین، بەڵکو نەوعێکی ترن. هەر بۆیە حیزبەکەی بەندە زوڵمێکی گەورە ئەکات خەڵکی بچووک بخاتە ڕیزی موئامەرە چیەکانی وەک ئەمەریکا، ئەوروپا، ئێران و وڵاتانی ترەوە. ئەگەر گلەیمان هەیە با لە موئامەرەچیەکانی بکەین، نەک لە پیاوەکانیان، چونکە ئەوانە بچوکن.

بەندە و هەڤاڵەکانم بە عەشقی شەهید بوونەوە و، زۆر لە پێش موئامەرەکەی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکوک بوین. داخی گرانم شەڕی مان ونەمانی سەربەخۆیمان نەکرد و پلەی باڵای شەهادەتمان لە پێناو سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان پێ نەبەخشرا.


PM:11:26:15/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 2172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی