هەڵوێستەیەک کە بە پێویستی ئەزانم

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

تەکنۆلۆژیا ئەگەر لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا نەبێت، وەک کاڵایەکی بێ ئەرزش وایە کە لەبری ئەوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بکاتە سەروەر، ئەیکاتە کۆیلە. تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، وەک بەرهەمێکی تەکنۆلۆژیای زانیاری نموونەیەکی ناشرینی ئەم بێ ئەرزش کردنەی ئینسانن.

بەندە هەمیشە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانم وەک ڕۆژنامەیەکی شەخسی بەکار هێناوە، بە مەبەستی دەریچەیەک بۆ دەربڕینی ڕای شەخسی خۆم لەسەر ڕوداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و هونەریەکانی کوردستان و جیهان.

بەڵام پاش ئەو هەموو سوکایەتیەی کە بە مهاباد قەرەداخی کرا (ئەویش پاش مردنی)، تێگەیشتم کە ئەگەر تەکنۆلۆژیای ئەتۆم، بۆمبێک ئەهێنێتە بەرهەم و، بەسەدان هەزار و بگرە ملیۆنەها ئەکوژێت و لە ڕوی جەسەدیەوە سەقەتیان ئەکات، ئەوا ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە لە هەرێمی کوردستان شتێکی تر لە ئینسان ئەسەنێت کە زۆر لە ژیان گرنگترە، ئەویش کەرامەتە. بۆیە بڕیارم دا کە هەردوو ئەکاونتی خۆم لە ئینستاگرام و فەیس بووک (پەیجەکەم) دابخەم.

بەمەش، جگە لە تویتەر هیچ پێگەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ژێر ناوی بەندەدا تەعبیر لە بۆچونە کانم ناکەن.

سەرچاوەی ئەم کەرامەت ڕوشاندنە بزوتنەوەی گۆڕانە، کە پێی وابوو، بە نەهێشتنی کەرامەتی بەرامبەر ئەتوانێت ڕیفۆرم لە کۆمەڵگەدا بکات. کەچی لە بری ڕیفۆرم ئەخلاقی هەندێک لە گەنجەکانی ئێمەی بۆگەناوی کرد و، بوە مامۆستای حیزبەکانی تریش کە چاو لە گۆڕان بکەن و، بۆ شکاندنی بەرامبەر هیچ سنورێک نەهێڵنەوە. ڕۆحت شاد و یادت بەخێر خاتوو مهاباد…


PM:04:24:13/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 2024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی