لابردنی پارێزباندی لەسەر کاک سۆران عومەر

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


لە کاتی قسەکردن لەسەر هەل و مەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان، هیچ پێویست بە درێژەدان  بە قسە ناکات و پێویست ناکات کەسێک پۆست دوکتۆرای لە سیایەتا بەدەست هێنا بێت بۆ ئەوەی لە قورسایی ئەو قەیرانانە تێبگات کە بەرەوڕوی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە. 

سیاسەت (ئەگەر بە مەبدەئەوە بکرێت) بریتیە لە ئیدارەدان و بدە و بستێن لە پێناو خزمەتکردنی میللەت. ئەرکی سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەریش هیچ نیە جگە لە جێبەجێکردنی ئەو دوو ئەرکە بە قازانجی میللەت. بەداخەوە بەم جۆرەی ئێمە لە کوردستان سیاسەت ئەکەین، لە ڕاستە شەقامی ئەو پێناسەیەی سەرەوە لامانداوە. کەسانی نا سیاسی و دوور لە مەبدەئی نیشتیمانی خزێنراونەتە ناوجومگە سیاسیەکان، کە لەبری ئەوەی ئینتیمایان بۆ میللەت، نیشتیمان و ئاڵا هەبێت، دەروێشی کەسایەتی، پلەو پۆست و بەرژەوەندی شەخسی و ئاینین.

لە چوارچێوەی سنوورەکانی دیموکراسیدا دەسەڵاتەکان لە کۆمەڵگەدا جیاکراونەتەوە و، مەسەلەی ئازادی ڕادەڕبڕین دەستەبەر کراوە، بەڵام سنوور بۆ ئازادی داندراوە و، ئینسان هەتا ئەوکاتە ئازادە ڕای خۆی دەر ببڕێت، کە سنووری ئازادی کەس (یان گروپێکیتر) نەبەزێنێت. ئیتر ئەم کەسە لە هەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتیدا بێت. بەداخەوە، زمانی قسەکردنی کاک سۆران عومەر هەرگیز لای بەندە جالب و سەرنج ڕاکێش نەبوە. نەک لەبەر ئەوەی (هەندێک) لە قسەکانی ڕاست نین، بەڵکو لەبەر شێوازی گوتنیان. عاقڵانەیە ئینسان لەخۆی بپرسێت، کە ئایا کێشەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان لە کاک مەسروربارزانیەوە دەستپێدەکات و بەویش کۆتایی دێت؟ بۆچی لە ئێستادا و لەم تەوقیتە؟ پارلەمانتاری ئازاد ئەندیش نابێت بهێڵێت خەڵکیتر بیکەنە بەشێک لە ئەجندای خۆیان. بۆچی لەم کاتەدا کە ئێمە (هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان) و، بەتایبەتیش ئێمەو یەکێتی و گۆڕان پێویستمان بە یەک دەنگی، یەک ڕیزی و تەبایی هەیە

  هەندێک لە برادەرانی ئێمەی پارتی لە ڕابوردودابە کاک سۆرانیان ئەوت  تیرۆریست. ئەی باشە کە تێرۆریستە بۆچی فراکسیۆنی پارتی دەنگی بە کاک سۆرن دا(ساڵی ٢٠١٤) بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پارلەمان و، بۆچی قوبوڵمانکرد لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی حکومەت تەشکیل بکەین (کابینەی ٨ و کابینەکانی تریش). عەیب و عاری ئەو زمانەشی کە کاک سۆران عومەر بەرامبەر ئێمە بەکاری ئەهێنێت، لە پێشدا بۆ خۆی و حیزبەکەی ئەگەڕێتەوە. چونکە ئەگەر لەگەڵ دز، جەردە و مافیا چویتە معامەلەوە، ئەوا شەریکیانیت و هیچ جیاوازیەکت لەگەڵ ئەواندا نیە (بەڵگەی ئایەتی قورعانی حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام د.خ. لەسەر ئەم مەسەلەیە زۆرن). لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێت بە سەدان هەزار موسوڵمانی کوردستان نەهاتنە سەرشەقام بۆ هەڵوێست پیشاندان لەسەر لابردنی پارێزبەندی نە لەسەر کەسایەتیەک کە خۆی ئەڵێت موسوڵمانم، نە بۆ حیزبەکەشی کە خۆی بە نمایەندەی خوای بێ شەریک و قورعان و پێغەمبەرەکەی د.خ لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان ئەزانێیت. 

ئینسان لە خۆی ئەپرسێت، ئیتر کەڵکی پارلەمان چیە؟… کە هەموو شتێک (هەر وەک هەمیشە) لەلایەن مەکتەبی سیاسی حیزبەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و، لە هەموو دانیشتنێکی پاڕلەمانەوە ئەم میللەتە لای ئاشکرابێت کە ئەمە بەرە پڕ جەنجاڵەکەی کوردستانیە و هیچیتر.  ئیتر پارلەمانمان بۆچیە؟… ئەگەر ڕۆژێک بزوتنەوەی گۆڕان زۆرینەی پاڕلەمانی بەکار بهێنێت بۆ دامرکاندنەوەی ڕق و تووڕەبوونی خۆی لە قوتکردنەوەی (نامەعقولی) هەمواری قانونی سەرۆکایەتی هەرێم  لە ساڵی ٢٠١٥، یان ئیمە ئەم زۆرینەی پارلەمانیە بۆ مەسەلەیەکی زۆر بچووک (لەچاو گەورەیی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتیمانی) بەکار بهێنین، جیاوازی چیە؟…


AM:09:40:08/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 3612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی