73 ساڵ پارتی
ئاری محهمهد ههرسین
ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایک بوونی کاک مەسعود بارزانیە. بەڵام بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوەندەی خولیای کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی بەختەوەرە، ئەوەندە خۆی بە ڕۆژی لەدایک بونیەوە مەشغوڵ نەکردوە. ئینسان ھیچ دەورێکی لە دیاریکردنی ڕۆژی لەدایک بوونی خۆیدا نیە، ھەر بۆیەش کار و کردەوەکانی ئینسان پێوەرن بۆ ھەڵسەنگاندنی، نەک ڕۆژی لەدایک بوونی. خەبات و تێکۆشانی بێ ووچانی زیاد لە نیو سەدەی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاریگەریان لەسەر ڕەوتی بزوتنەوەی کوردایەتی، سامانێکی مەعنەویە و جێگای شانازی بەرزە، ھیوادارم کاک مەسعود تەمەن درێژ و ساغ و سەلامەت بێت، بۆ خزمەتی گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان.
ھەر ئەمڕۆش ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەم بۆنەیە لە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، پێشمەرگەی کەم ئەندامی سەنگەر، سەرجەم ھەڤاڵانی پارتیمان، مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی خۆنەویست کاک مەسعود بارزانی پیرۆز دەکەم.
حیزب زۆر شتی لە تاکی ئینسان دەچێت. ھەر وەک چۆن بۆی ھەیە ئینسان تەممەڵ و چوست و چالاک بێت... توشی پەتا و ھەڵامەت و نەخۆشی درێژخایەن بێت... بە ئیمان و ساڵح یان خراپکار و گەندەڵ بێت... حیزبیش وایە. ئەویش چونکە ئەوە ئینسانەکانن کە ئیدارەی حیزب دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. تەمەنی درێژی پەتا و ھەڵامەتێک 72 سەعاتە، بەڵام شێرپەنجە کوشەندەیە. بۆیە بەخۆداچونەوەو پشکنینی باری ڕێکخستن و ھەڵسەنگاندنی بڕیارە سیاسیەکانمان بەبەردەوام و، لە ھەموو ئان و ساتێکدا پێویستن، بۆ ئەوەی بە تەندروستی باشەوە لەسەر پێی خۆمان لە مەیدانی سیاسی کوردستاندا بمێنینەوە.
حیزبی ئێمە تەمەنی گەیشتۆتە 73 ساڵ. ھەوراز و نشێو و چەرمەسەری زۆرمان تێپەڕاندوە، باری دونیایەک تموح و ئومێدی گەل و نیشتیمانیشمان لە پێشەوەیە. باری دونیایەکیش بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و ئەخلاقیمان لەسەر شانە. بەرامبەر بە لایەنە سیاسیەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەرپرسیارین، بە جۆرێک کە باڵانس لە نێوان مونافەسە و یەکڕیزی و ڕێزگرتن و پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی ڕابگرین. ئەرک و بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە کەوادری خۆمان نابێت لە بیر بکرێت، چونکە دینامۆی حیزب قاعیدە ماندونەناسەکەیەتی.
ھەمیشە ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان...
PM:11:02:16/08/2019
ئهم بابهته 2468
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی