سەری باوک و باپیرانت دای لەبەرد... کوردستان بۆ فرۆشتن نیە

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

نیشتیمان دیاریەکی خوای گەورەیە بۆ دانیشتوانی. ھەر بۆیەش ھاوڵاتیان ئەرکی سەر شانیانە، نیشتیمانەکەیان بپارێزن و، تەنانەت لە پێناو سەرفرازی نیشتیماندا شەھید ببن.

خاکی پیرۆزی کوردستان نیشتیمانی دانیشتوەکانیەتی. خەڵکی کوردستان "زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەن بە قەسری قەیسەری", چ جای قوبوڵ بکەن نیشتیمانەکەیان ھەڕاج بکرێت. ڕاستە ئێمە ھەندێک جار خۆخۆرین و، بایەخی ئەم گەوھەری نیشتیمانە نازانین، باڵام ھێشتا ئەوەندە بودەڵە نەبوین ڕێگە بدەین نیشتیمانمان لە بازاڕدا ھەڕاج بکرێت.

لە ھەواڵەکاندا خوێندمەوە کە گوایا عەرەبێکی شۆڤێنیست کە پارلەمانتاری خولی پێشوی پارلەمانی عێراق بوە بە ناوی "ئەیاد جەمالەلدین" شەکری شکاندوە کە خاکی پیرۆزی ھەرێمی باشوری کوردستا بە تورکیا و ئێران بفرۆشن، لە بەرامبەریشدا تورکیا بڕێک زیادتر ئاوی ڕوباری فوراتیان بداتێ و، ھەرچی ئێرانیشە واز لە شەتو لعەرەب بھێنێت و کۆنترۆڵی بکەوێتە دەست دەوڵەتی عێراق. 

ئەم شۆڤێنیستە دەڵێت: ئایا عێراقیەکان پێیان باش نیە سلێمانی بە ئێران و ھەولێریش بە تورکیا، دوای ڕیفراندۆمەکەی بارزانی بفرۆشین؟

لە کۆتایی نوسراوەکەشی دەڵێت: " ئەم سەفقەیە لە قازانجی عێراقە، بەڵام بەو مەرجەی تورکیا و ئێران ڕازی بن بە کڕینیان".

دوور کەوتنەوە لە شەرەف و کەرامەتی ئینسانی بەم جۆرە دەبێت کە "ئەیاد جەمالەدین" پەیڕەوی دەکات. چونکە ئەم جۆرە دەربڕینانە بێڕێزیە بەو ئینسانەی کە خوای گەورە کەرامەتی پێ بەخشیوەو داکۆکیش لە کەرامەتی دەکات.

حەزمان دەکرد ئەم وەفادارەی ڕێبازی بەعسیەکان، ھێندەی تۆزقاڵێک جورئەتی ھەبوایە و لە سلێمانی و ھەولێر ئەم شەکرەی بشکاندایە. ھەر ئەوەندە دەڵێم سەری خۆی و باوک و باپیرانی دای لە بەرد.


PM:09:09:21/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 3496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی