لە سەر گۆرانیبێژ کاکە ئاگرین

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


ئەو کەسانەی سیاسەت دە کەن، خۆبەخۆ، لە ئیھمالی شەخسی بێت، یان مەشغوڵی، لە بەرانبەر بە ڕۆحیانەتی ژیان، کە ھونەر و ئەدەبیاتە بێ موبالات دەبن. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەڕێی چەند ھاوڕێیەکی زێدە ئازایزم ئاشنایم لەگەڵ دەنگی کاک ئاگرینی گۆرانیبێژ بۆ دروست بوو و، یەکەم جارم بوو گوێم لە دەنگی بێت.

شارەزایی بەندە لەسەر ھونەری مۆسیقا و گۆرانی زۆر سەرەتایی و متەوازیعە، بۆیە سەرنجەکانیشم ھەر لەو سنورە تەنگەبەرەدا خۆی دەبینێتەوە.

کاک ئاگرین گەنجێکی بەھرە داری کوردستانە و زۆر شانازی پێوە دەکەین. بەڵام دەنگ خۆشی وەک شاعیریی خەڵاتی خوایەو شتێک نیە ئینسان شەھادەی تێدا بھێنێت. لەوانەیە کەسێک بتوانێت فێری تەکنیکی شیعر نوسین یان گۆرانی وتن ببێت، بەڵام بەوە نابێت  بەشاعیر و گۆرانیبێژ.

نوسینی شیعر بە تەنیا بریتی نیە لە شارەزایی  لە ڕیتمیک و قافیە. شیعر موبادە رە یەکی ئینسانیە کە تەکنیکی کێش و قافیە  بەکار دەھێنێت بۆ دروستکردنی تێکستێکی ھونەری، وەک دەربڕینی ھەست، یان پەیامێک... مۆسیقا و گۆرانیش بە ھەمان شێوە.

فەزای جوڵە لە چوارچێوەی شیعرو مۆسیقادا بێ پایانە. بەمانایەکی تر، سنورێک نیە بۆ کۆت و بەند کردنی ئەو ھونەرمەندانە لەدەرەوەی ئەو بنەما لۆژیکانەی کە شیعر و مۆسیقای لەسەر پێناسە کراون. ئیبداع ڕۆحی شیعر و مۆسیقایە.

لە مۆسیقای جازدا ئیبداع لە سۆلۆکاندا بەرجستە دەبێت. ئەم ئیبداعانە کارێکی ئاسان نیە، بەڵام حەسەن زیرەک وەستابوو لەو بوارەد. 

کاک ئاگرینی دەنگ خۆش و بەھرەدار، کەسێکی لێزانە و بە گۆرانیەکانی سەبوری بە دڵ و دەرونی ئەوکەسانەدا دێنێتەوە کە گوێی لێ دەگرن. بەڵام ھەبوونی کاریگەری شێوازی گۆرانی ووتنی تورکی لەسەر دەنگی کاک ئاگرین کە ئەگەر فارسی و عەرەبیش بونایە ھەمان بۆچوونمان دەبوو  و، ھەندێک ئیبداع بە دەنگ کە لە شوێنی خۆیدا نیە، لە ڕەسەنێتی دەنگی کەم دەکاتەوە. تەنانەت زێدەڕەوی لە دەنگی خۆشیشدا خۆش نیە.
مەبەستمان  لە وشەی  ڕەسەنێتی،  ستایلی شەخسیە. ھەر وەک چۆن حەسەن زیرەک لە کەس ناچێت و ستایلی خۆی ھەیە. محەمەدی ماملێ و تەحسین تەھا و مەزھەری خالقی و سەید عە لی ئەزغەرو ڕەفیق چالاک و حەمە ساڵح دیلان و محەمەد عارف جەزراوی دەنگیان ڕەسەن بوو.

بۆ کەسانی بەھرەدار و لە تەمەنێکی گەنجدا، زۆر گرنگە بە ئەمانەت و ھەست بە مەسئولیەتەوە تەعامول لەگەڵ ئەوە بەھرانەدا بکەن کە خواکردە. کەسانی شاعیر و ھونەرمەند، ھەر وەک سیاسەتمەدار، ئەوەندەی موڵکی خەڵکن، ئەوەندە موڵکی خۆیان نین. ھەر بۆیەش خەڵک ڕێگە بەخۆی دەدات قسەیان لەسەر بکات.

ھەموو ئەوانەی باسم لێکردن لەسەر کاکە ئاگرین، بۆ کاک ئەحمەد خەلیلیش ڕەوایە، لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ھەردوکیان.


AM:10:45:06/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 4464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی