مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

لە سەروبەندیدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لە کابینەی ٧ لە کۆبونەوە یە کی داخراوی سەرکردایەتی حیزبدا کاک نێچیرڤان بارزانی لەسەر کابینەی حەوتەم گوتی: مۆدێلی کابینەی پێنج بەسەر چوو. بە مانایەکی تر مەبەستی ئەوەبوو بە عەقڵی دوێنێ حوکمی ئەمڕۆ ناکرێت. لەوانەیە ڕەوان ترین نیشانەی تەوازوع و مۆدێرن بوون لە ھونەری حوکمڕانیدا، ئەو ڕستە سادەیەی نێچیرڤان بێت. چونکە ئەگەر کەسێک ئامادەگی بەخۆدا چوونەوە و جورئەتی دەستپێکردنی ڕیفۆرمی نەبێت، ناتوانێت خۆی بکاتە خاوەنی ئەو قسەیە.

بە نزیکی دوو دەیە دەبێت کە نێچیرڤان بارزانی مومارە سەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات. لەو ماوەیەدا نێچیرڤان مۆدێلی حوکمێکی مەدە نی و مۆدێرنی پێشکەش کرد. کە دەڵێین مۆدێرن و مەدەنی، مەبەستمان بە شێوەیەکی نیسبی و بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە، نەک سوید و نەروێژ.

ئاشکرایە کە لە ھەموو کۆمەڵگەکانی دونیادا بەرپرسان لە سلکی موخابەرات خۆشەویست نین «لەوانیە بتوانین بڵێین ئیسرائیلی لێ دەرچێت». ھۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سروشتی ئیشەکە نھێنیە و لەو دەزگایانەدا جێگای شەفافیەت نابێتەوە، چونکە موخابەراتی شەفاف دەزگایەکی فاشیلە. بەرپرسی موخابەرات نابێت لە مێزگردێکی تەلەفیزیۆنیدا دابنیشێت و ڕازی دڵی خۆی ھەڵبڕێژێت.

لە پاش بڵاوبونەوەی ناوی کاک مەسرور وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەندێک کەس دەیانەوێت لە خەڵکی کوردستان بگەیەنن کە ئیتر حوکم لەم ھەرێمەدا دەبێتە حوکمی موخابەرات و ڕەشبگیر دەستپێدەکات، زمانی ئازاد و ڕاستگۆ دەبڕدرێت و بە کورتی ھەمومان ئەبین بە جاسوس بەسەر یەکترەوە و ڕاپۆرت لەسەر یەکتر بۆ ئاژانسی پاراستن دەنوسین.

لەوانەیە ئەگەر کاک مەسرور کوڕی کاک مەسعود نەبوایە، تواناکانی زیادتر دەربکەوتایە و نەکەوتایەتە بەر ئەم ھێرشە ناڕەوایانەی کە ھەندێک کەسی پۆپۆلیست و بێ ویژدان. مەسرور بارزانی شارەزاییەکی باشی لە فەرھە گی دەوڵەمەندی ئێراندا ھەیە و، بە حوکمی ئەوەی خوێندنی لە ئەمەریکا تەواو کردوە شارەزاییەکی باشیشی لە فەرھەنگی خۆرئاوا و سیستەمی بیرکردنەوەی خۆرئاواییەکاندا ھەیە. لەسەرێکی ترەوە لەڕوی کۆمەڵایەتیشەوە بە پێچەوانەی ئەو درۆو دەلەسەیەی کە ھەندێک بەناو خوێندەوار بۆی ھەڵ دەبەستن، گوێگرێکی چاکە و بۆچونی خۆی بەسەر بەرامبەرەکەیدا فەرز ناکات « ئەمانەی باسی لێ دەکەم تەجروبەی شەخسی خکمە لەگەڵ ئەو برایە و، کەس بۆی نەگێڕاومەتەوە. لەکاتێکدا بەندە بۆ چرکە ساتێکیش لە دام و دەزگاکانی ئاژانسی پاراستندا کارم نەکردوە». لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە کەسێکی نەتەوەیی و نیشتیمان پارێزە و، بە درێژایی شەڕی دژ بە داعش شان بە شانی سەرۆک بارزانی چاودێری میحوەرەکانی پێشمەرگەی کردوە، ھەر بۆیەش تفەنگ بە مەسرور بارزانی نانەوە، تەقە کردنە لە تاریکیدا، کە مەبەست لێی نانەوەی ئاژاوەو قوڵتر کردنەوەی پەرتەوازەییمان.

گومان لەوەدا نیە کە ئاژانسی پاراستنیش وە ک «سی.ئای.ئەی» و «مۆساد» و دەزگا ھەواڵگریەکانی تر کەسانێکی تێدایە کە بۆ خۆ دەرخستن چاوترسێنی خەڵکی بەستەزمان و بێ دەسەڵات دەسەڵاتەکانیان بە خراپ بەکاردەھێنن. ئەم دیاردە ناشرینە لە ھەموو دونیا ھەیە و بە کەسیش چارەسەر و بنەبڕ ناکرێت، بەڵام دیاردەیەکە کە ھیچ پەیوەندیەکی بە ڕێنماییەکانی ئاژانسی پاراستنەوە نیە و تەنیا تەعبیر لە شەخسیەتی لاوازی ئەو کەسانە دەکات کە ئەمە ھەڵس و کەوتیانە.

دواجار ئەو کەسانەشی کە فرمێسکی تیمساح بۆ کاک نێچیرڤان دەڕێژن دەبێت ئەوڕاستیە بزانن کە لە کۆتایی ڕێگاکەدا، نێچیرڤان پشتی سەرۆکی حکومەت بەرنادات و بە پێچەوانەوە ھەموو ئەو باڵەخانانەی ژێرخانی ھەرێم کە کاک مەسرور دروستیان دەکات و بەرزیان دەکاتەوە، بەردەوامی ئەو نھۆمانەیە کە کاک نێچیرڤان لە ماوەی حوکمڕانیەکەیدا بەرزی کردۆتەوە. بۆیە باشتر وایە چاوەڕوان بین و چاودێری حوکمڕانی کاک مەسرور بکەین و، لە کوێدا ھەر کەسێکی ئەم ھەرێمە سەرنج و ڕەخنەی لە شێوازی حوکمڕانیەکەی ھەبوو بەدەنگی بەرز پێی بڵێن.


PM:10:24:07/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 3851 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی