لە جوغزی سەربەخۆییدا

‌د. کاوە مەحمود

لە چاوەڕوانی گەڕانەوی ئیعتبار بۆ 27 شەهیدی کەرکوک

مەبەست لەو بیست و حەوت شەهیدە، ئەو کەسە بێتاوانانەیە کە لە ساڵی 1959 لە یەکەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی چواردەی تەمموز بە تاوانی خەڵک کوشتن لە ڕووداوەکانی شاری کەرکوک لەو رۆژەدا لە لایەن دەسەڵاتداری عبدالکریم قاسمەوە پێش لێکۆڵینەوەی وورد تۆمەتبارکران و حوکمی سێدارەدران، و پاشان دووای دەرکەوتنی ڕاستییەکان و ئاماژەپێدانی خودی عبدالکریم قاسم کە ئەو تاوانە بە دەسیسەی خەڵکی دیکە ئەنجام دراوە، حوکمەکە جێبەجێ نەکرا بەڵام ئەو کەسانە ئازادنەکران تا کۆدەتای بەعسییەکان لە ساڵی 1963دا کە بەپەلە لە سێدرا دران.

کاتێک رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ڕووخا و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەستی پێکرد، و دوواتر لە دەستوری ساڵی 2005 ئاماژە بۆ ئیعتبار گەڕانەوە بۆ شەهیدان کە بە دەستی بەعس شەهید بوون کرا، و ئاماژە بۆ قەرەبوو کردنەوەی شەهیدان و خێزانەکانیان و قوربانیانی دەستی دیکتاتۆری کرا، ئەم هەنگاوانە لە سەرجەم بەشەکانی عێراق جێبەجێکرا و تەنانەت قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی لە ڕاپەرینی 1991 لە باشور عێراقەوە چونە رفحا لە عەرەبستانی سعودی تا ئێستا قورسایی لە سەر بوجەی عێراق پێکدەهێنێت و باس دەکرێ کە چۆن قانونی تایبەت بۆ ئەم گروپە دەرکراوە، بەڵام بیست و حەوت شەهیدی شاری کەرکوک کە هەموو بەڵگەنامەکان باس لە بێتاوانیان دەکات، ئیعتباریان بۆ ناگەرێنرێتەوە و بەفەرمی بە تاوانبار دادەنرێن هەرچەندە دەمێکە گەلی کوردستان ئەو شەهیدانەی لە ئامێز گرتووە و لە مێژووی خۆیدا بە شەهیدی سەربەرز دایناوە.

لەم ماوەیەدا دکتۆر عبدالفتاح بۆتانی سەرۆکی ئەکادیمیای کورد بەرهەمێکی مێژووی گرنگی بە زمانی عەرەبی چاپ کرد کە توێژینەوەیەکی مێژووی سیاسی و بەڵگەنامەییە بە ناونیشانی ( ڕووداوەکانی موسڵ و کەرکوک و لێکەوتەکانی، 8ی ئاداری 1959 ــ 14ی تەمووزی 1958)، کە لە 800 ڵاپەرە پێک هاتووە و تیایدا بە شێوەیەکی زانستی و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و ئەو توێژینەوانەی کە پێشتر لە لایەن حنا بەتاتۆ و د. جبار قادر و د. نوری تاڵەبانی، و د. موکەرم تاڵەبانی نوسراوە جگە لە وەڵامی د.مارف خزنەدار، و نوسینی مەلاجمیل رۆژبەیانی و چەندین کەسایەتی دیکە کە سەبارەت بە بابەتە نوسینیان هەبووە.

لە خوێندنەوەی تێکڕای بەڵگەنامەکان کە بەشێکیان بە ووردی باسی چۆنێتی ڕووداوی رۆژی 14ی تەمووزی 1959 لە کەرکوکدا دەکات، و بەشێکی دیکە لێکۆلێنەوەی پشتبەستوو بە ووردەکارییەکانی ڕەوشی سیاسی ئەو کاتەیە، کۆمەڵێک دەرئەنجام دەردەکەوێت کە هەڵبەتە جێگای ئەوە ناگرێتەوە کە خوێنەر بە دووای کتیبَەکەی د. عبدالفتاح بۆتانیدا بگەرێت و بە ووردی ڵاپەڕەکانی بخوێنێتەوە.

لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە تایبەتی ئەو بەشەی کە تایبەتە بە ڕووداوەکانی کەرکوک ئەم خاڵانە دەردەکەوێت:

یەکەم/ ڕۆڵی تێکدەرانی کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا لە کەرکوک کە ئەم ڕۆڵە بە شێوازێکی دیکە لە پەلاماردانی کەرکوک لە لایەن عێراقەوە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دووبارە بۆوە.

لە گەڵ درووستکردنی دەوڵەتی عێراق بەریتانیا تا ساڵی 1958 بە هێز یارمەتی حکومەتی پاشایی داوە و دژ بە تیکڕای شۆڕشەکانی کورد بووە.

هەردەم ئەو خوولیایەی لە گەڵدا بووە کە کورد لە عێراقدا جیاخوازە و هەڕەشەیە بۆ ئەو دەوڵەتەی کە بە ناوی عێڕاقەوە درووستی کردوە، و بۆیە تەنانەت خودی ئەو خاڵانەی کە لە رێکەوتنامەی لۆزان بۆ بەشداری کورد لە ئیدارەدانی کوردستانی باشوردا ھەیە، بۆ ڕازیکردنی عەقلیەتی ناوەندێتی و عروبەیی عێراق لە لایەن بەریتانییەکانەوە باس نەکرا. بەڵام کاتێک شۆڕشی 14ی تەمموز بەرپابوو، بەریتانییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە بە فووکردن بە بەشێک لە خاڵە لاوازەکانی لۆزان دەتوانن هانی کورد دژ بە عبدالکریم قاسم بدەن، بەڵام هەر وەکو بۆتانی لە کتێبەکەیدا باس دەکات سەرکردایەتی کورد لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە شۆڕش کرد، کە ئەمەش بە دڵی بەریتانییەکان نەبوو کە دەرکەوت شیوعییەکان و کورد پشتگیری شۆڕش دەکەن.

لە کتێبەکەدا دەردەکەوێت چۆن باڵێوزی بەریتانیا و کۆمپانیای نەوتی کەرکوک پشتگیری کەسانی کۆنەپەرستی ئەو شارەی کردوە و یەکێک لە شێوازەکانی ئەو پشتگیرییەش ئەنجامدانی گرێبەستی بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێلی کەسانی بە ناو خانەدانی ئەو شارە بوو کە  پارەکەیان دەدانێَ بێ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان بە کار بهێنن یان ناردنی پارە و خەڵات بۆ کەسانی کۆنپەرست لە بۆنەکاندا.

بەم جۆرە بەریتانییەکان کورد و شیوعییان بە دوژمنی خۆیان و بە مەترسی لە سەر پلانەکانیان لە ناوچەکە و رێکەوتنامەی سعد ئاباد دادەنا و دەبوایە تۆڵەیەکیان لێ بکرێتەوە کە بۆ سەدەیەک لێکەوتەکانی بمێنێت و ڕووداوەکانی کەرکوک و تۆمەتبارکردنی کورد و شیوعی بەو تاوانە بەرجەستەی ئەو پیلانە بوو.

دووەم/ باڵوێزخانەی تورکیا لە عێراقدا ڕۆڵێکی ئێجگار سەلبی بینی بۆ رێگا خۆشکردن و هاندانی تاقمی شۆڤینستی لە نێو نەتەوەی تورکماندا ئەوەبوو کۆمەڵەی تۆڕانی لە لایەن باڵوێزخانەی تورکیاوە پشتگیری دەکرا و توانیان کەلین بخەنە پەیوەندی برایانەی نێوان کورد و تورکمان لە شاری کەرکوک و ئەمەش بەشێک بوو لە جختکردنەوەی تورکیا لە سەر ولایەتی موسل و دانانی سەرجەم شارەکانی بە کەرکوکەوە بە بەشیک لە خاکی دەوڵەتی عوسمانی.

سێیەم/ لە ووردەکاری کتێبەکەدا ڕۆڵی کەسایەتی عەرەبی شۆڤینی و بەعسییەکان و یەکێک لەوانە عبدالوهاب غریری دەردەکەوێت کە چۆن سوودیان لە پلەوپایەی وەزیفی وەرگرتوە بۆ چاندنی تۆوی دوو بەرەکی نێوان کورد و تورکمان.

چوارەم/ لە بەڵگەنامەکانی کتێبەکە دەردەکەوێت کە ئەو کەسانەی لە سێدارە دران و کە کەسێکی تورکمانیشیان لە گەڵدا بوو، کەسانی بێ تاوانن و بەشێکیان لە گوڵبژێری ڕۆشنبیرانی شاری کەرکوک بوون و هەردەم بانگەشەی برایەتی نێوان گەلانیان دەکرد.

وا شەست و یەک ساڵ بە سەر ئەم ڕووداوەدا تێپەڕیوە، و لەم ماوەیشدا گەلی کوردستان جینۆسایدی هەڵبجە و ئەنفالی گرمیان و بارزانییەکانی دەرهەق کرا و ئێستاش ڕووبەڕووی جینوسایدی ئیزیدەکان دەبێتەوە، بەڵام تیکڕای ئەم ڕووداوانە ڕق و قینەی نێو گەلی کوردستان دژ بە عەرەب یان تورکمان یان ھەر پێکھاتە و گەلێکی دیکە درووست نەکرد و تا ئێستاش چاوەرێی عەدالەتی ئینتقالی دەکات بۆ جۆرە تاوانێک کە ھەندێکیان سەدەیەکی بەسەردا چووە.

یەکێک لە خاڵەکانی عەدالەتی ئینتقالی گەڕانەوەی شکۆ و ئیعتبارە بۆ ئەو بیست و حەوت شەهیدی کەرکوک کە حزبمان لە کاتی سەرۆکایەتی ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال بە شێوەیەکی فەرمی داوای کرد و وەڵام نەبوو، و ئێستاش هەمان داوا لە بەردەمی سەرۆک بەرهەم ساڵحە کە دەتوانێ ئەم کارە بکات.

سەڕەڕای گەشبینی ئێمە و باسکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور کە ئەویش بەشێکە لە عەدالەتی ئینتقالی، هەندێک پێمان دەڵێن ئەم دەوڵەتە کە ئیعتبار بۆ ئەو شەهیدە بێتاوانانە نەگەرێنێتەوە، چاوەرێی لێ مەکەن ماددەی 140 جێبەجێ بکات.


PM:07:08:26/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی