گەلی کوردستان دەستەمۆ ناکرێت!

‌د. کاوە مەحمود

(پڵنگ لە دەیەمین رۆژدا) یەکێکە لە چیرۆکە بەناوبانگەکانی نووسەری سوری زکریا تامر کە باس لە دەستەمۆکردنی پڵنگێکی ڕاوکراو لە باخچەی ئاژەڵان دەکات. پاسەوانی دەستەمۆکەر لە وانەکەیدا بۆ قوتابیانی خۆی دەڵێت: ئەگەر دەتانەوێت فێری پیشەی من بن، واتە دەستەمۆکردن، ئەوا دەبێ ئامانجی یەکەمتان گدەی بەرامبەر بێت، و دەبێ بەرامبەر برسیکەن تا ملکەچ بێت، و ئەوەتا ئەم پڵنگە دڕە کە شانازی بە ئازادی خۆیەوە دەکرد بزانن دووای چەند ڕۆژێک چۆن دەستەمۆی دەکەم و مل کەچ دەبێت.

لە کاتی ژمی نان خواردن پڵنگەکە بە پاسەوانە دەستەمۆکەرەکەی ووت: کاتی نان خواردنمە. خواردنم بۆ بێنە.

پاسەوان ووتی: تۆ بەندکراوی منی چۆن دەتوانی بەم شێوەیە داوای خواردن لە من بکەی؟ لێرەدا تەنها من مافی بریار وەرگرتنم هەیە، و فەرمان دەکەم.

لە وڵامدا پڵنگ ووتی: من پڵنگم کەس فەرمان بەسەر مندا ناکات.

پاسەوان ووتی: تۆ جاران لە نێو دارستان و وڵاتی خۆت پڵنگ بووی. ئێستا تۆ کۆیلەی، و من خواردنت دەدەمێ و دەبێ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی من بیت.

پڵنگ لە وەڵامدا ووتی من کۆیلە نیم و خواردنی تۆم ناوێت.

یەکەمین رۆژ پڵنگ بە برسێتی مایەوە و دووەم رۆژ دەستەمۆکەر هاتە لای پێی ووت تۆ برسیتە، تەنها بڵی من برسیمە گۆشتت بۆ دێنم.

پڵنگ بە ناچاری ووتی برسیمە، و دەستەمۆکەر بە پێکەنینەوە بە قوتابییەکانی خۆی ووت: بینیتان چۆن کەوتە نێو تەلەیەکەوە کە هەرگیز لێی دەرناچێت!

رۆژی سێیەم دەسەتمۆکەر بە پڵنگی ووت گۆشتت دەدەمێ بە مەرجێ بەرزبێتەوە و لە سەر پێت لەبەردەمم ڕابوەستێت. پڵنگ ئەم داواکارییەی بە دڵ نەبوو بەڵام لە کۆتاییدا بە ئاسایی لە قەڵمی دا و جێبەجێ کرد.

لە رۆژی چوارمەدا دەستەمۆکەر داوای لە پڵنگ کرد بمیاوێنێت تا گۆشتی بداتێ، و پڵنگ لە تاوی برسێتی ویستی بمیاوێنێت بەڵام نەڕاندی، و دەستەمۆکەر قایل نەبوو، و داوای کرد پڵنگ مەشقی میاواندن بکات.

پڵنگ بە درێژایی شەو خەونی بە دارستان و نیشتمانی خۆی دەبینی و بەدەم خەوەوە هاواری لێ هەڵدەستا و کەی ڕوایە بمیاوێنێت و بانگی پڵنگەکانی دیکەی دەکرد، بەڵام بێ سوود بوو، و بە ناچاری لە ڕۆژی پێنجەمدا وەک پشیلە میاواندی.

لە شەشەمین ڕۆژدا پاسەوانی دستەمۆکەر داوای لە پڵنگ کرد وەک کەر بزەرێت تا گۆشتی بداتی، و پڵنگ لە وەڵامدا ووتی: دەمرم و ئەم داواکارییە جێبەجێ ناکەم.

لە حەوتەمین رۆژدا پڵنگ بە ناچاری چاوی خۆی نوقاند و لە ژێر فشاردا وەک کەر زەڕی، و دەستەمۆکەر پێی ووت: هەرچەندە باش نەزەڕیت بەڵام گوناحی پارچەیەک گۆشتت دەدەمێ.

لە رۆژی هەشتەمدا دەستەمۆکەر بە پڵنگی ووت: خوتبەیەک دەدەم و دەبێ تۆش چەپڵە لێ بدەیت. دەستەمۆکەر دەستی بە خوتبەی خۆی کرد ووتی: هاوڵاتیان من فریاد ڕەسم و دووارۆژ و چارەنوسی ئەم وڵاتە بەندە بە منە و بە باوەڕبوون بە من سەردەکەون.

هەرچەندە پڵنگ ووتی: من هیچ تێنەگەیشتم، بەڵام دەسەمۆکەر پێی ووت کە کاری تۆ چەپڵە لێدانە، و پڵنگ هەردوو دەستی لە ئاکامی چەپڵەلێدان سوور بۆوە، بەڵام لە کۆتاییدا دەستەمۆکەر خواردنی بە پڵنگ نەدا ووتی من خەڵکی درۆزن و دوو ڕووم خۆش ناوێت.

رۆژی نۆیەم دەستەمۆکەر باوەشێک گیای بە دەستەوە بوو و خستیە بەردەم پڵنگ و ووتی لەمەودووا تۆ دەبێ گیا بخۆیت. سەرەتا پڵنگ نەیدەتوانی نزیک لە گیاکە ببێتەوە، و بێزی دەهاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بە هۆی برسێتی بە ناچاری گیاکەی خوارد.

زکریا تامر کۆتایی بە چیرۆکەکەی دێنێت و دەنووسێت: لە دەیەمین رۆژدا دەستەمۆکەر و قوتابییەکانی و پڵنگ و قەفەس نەما، و پڵنگ بوو بە هاووڵاتی و قەفەس بە شار.

خوێنەری بەرێز!

لە سەردانێکی دوو سەرکردەی سەرەکی حکومەت بۆ سەرجەم حزبەکان لەوانەش حزبی شیوعی لە ماوەی دووای ریفراندۆم و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و تەواوبوونی جموجۆڵی سەربازی دەوڵەتی عێراق دووای بەرەنگاری هێزی پیشمەرگە لە پردی و سحیلا، بە کورتی ئەم چیرۆکەی زکریا تامرم بۆ گێڕانەوە، و لە کۆتاییدا ووتم گەلی کوردستان دەستەمۆ ناکرێت، و بەشێک لە کاری بەرەنگاربوونەوە ئەوەیە کە ئێوە و بە هاوکاری هەمووان بەرپرسیارن و نابێ ماوە بدەین تاکی کوردستانی دەستەمۆبکرێت و بمیاوێنێت یان دەنگی نەشازی لێوە بێت.

پرۆسەی دەستەمۆکردن بە شێوازی جۆراجۆر بەردەوامە، و شەڕی دەروونی لە گەڵ تاکی ئەم کوردستانە دەکرێت و بە شێوازی جۆراجۆر برسی دەکرێت و نەیارانمان دەیانەوێ، هەموو هەست و داوامان لە چوارچێوەی موچە کۆکەنەوە و کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک و خانەقین و شنگال و مخمور و بابەتی پیرۆزی خاک و ئاڵای کوردستان و تەنانەت خەوبینین بە سەربەخۆیی و مافی چارەنووس کۆمەڵێک بابەت بێت لە فەرهەنگی خەڵکی کوردستاندا نەبێت و نەمێنێت، بەڵام جوتیارانی کورد لە حەفتەغار و پەلکانە و خەرابە و تەواوی ناوچەی شارۆچکەی سەرگەرانی کەرکوک لە هەفتەی ڕابووردوو چاوەڕیی کەسیان نەکرد و بە کردەوە سەلماندیان کە دەستەمۆ ناکرێن و بۆ مافی خۆیان شەڕ دەکەن و پەنا نابەنە بەر پاڕانەوە لە زەوتکەری مافەکانیان.

گەلی کوردستان پڵنگێکی سەرکەش و ئازادە و شانازی بە خۆیەوە دەکات، و بۆ وەدەسهێنانی مافەکانی چاوەرێی لایەن و کەسانی ڕاڕا و بەرژەوەندخواز و دەستەمۆکراو ناکات، و ناپاڕێتەوە.


PM:10:10:28/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 2536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی