لە کاروانی سەربەخۆییدا ویستگەی دیکەمان لە بەردەمدایه!

‌د. کاوە مەحمود

لە یادی 25ی ئەیلولدا
لە کاروانی سەربەخۆییدا ویستگەی دیکەمان لە بەردەمدایه!
کاوە محمود
مافی گەلان لە بریاردانی چارەنوسی خۆیان بابەتێکی نوێ نییە کە تەنها لە هەلومەرجی ئەمرۆدا بخرێتە نێو باسی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، یان لە نێو بابەت و پرنسیپەکانی قانونی نێودەوڵەتی باس کرابێت.

دوور لە ئاڵۆز کردنی پێناسەی مافی چارەنوس و هێنانەوەی لێکدانەوە و تەفسیری جۆراجۆری بۆی، هەر گەلێک مافی خۆیەتی دەوڵەتی نیشتمانی خۆی هەبێت، و لە شێوازی ئەو دەسەڵاتەی دەیەوێ و رێگای ئەنجامدانی دوور لە دەستێوەردانی بیانی ئازادە.
لە سەرجەم ئەدەبیاتی سیاسی کلاسیکی مارکسی لە سەردەمی مارکسەوە تا دەگاتە لینین، گفتوگۆیەکی تیۆری قوڵ سەبارەت بە مافی بریاردانی چارەنوس و پەرەسەندنەکانی کراوە، و بۆتە گەنجینەیەکی گەورەی حزبە کۆمۆنسیتەکانی جیهان، و بەیەکێک لە پرنسیپە هزرییەکانی مارکسیزم ـ لینینزم، دانراوە.

بایەخدانی مارکسیزم بەم پرنسیپە لە بۆشایی یان لە ئەنجامی لێکدانەوەی کۆمەڵێک چەمکی هزری بە داماڵین لە واقیعی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و پەرەسەندنە سیاسییەکان و ئاڵوگۆڕەکانی جیهان نەهاتووە، و هەر ئەم گۆڕانکارییانە بەتایبەتی لە ئاکامی بوونی کۆلۆنیالزم، و تێکۆشانی گەلان بۆ سەربەخۆیی کارتێکردنی لە سەر هزری سیاسی دەرەوەی هەڵگرانی بیری سوشیالستی، کردوە.

لە ناوەڕۆکی ڕێکەوتننامەی ڤرسای لە دووای شەڕی جیهانی یەکەمدا ئاماژە بە مافی بریاردانی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی (نەتەوەیی) نوێ لە ئەوروپادا کراوە. لە 8ی کانونی دووەمی 1918 سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (ودرو ویلسون) لە پرۆژەیەکدا چواردە پرنسیپی بۆ کۆنگرسی ئەمەریکا بە مەبەستی سەرلەنوێ بنیاتناوەی ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە لە ئەوروپادا، پێشکەش کرد.

بەندی دە و دووانزە لەو گەڵاڵنامەیە ئاماژە بۆ مافی بریاردانی گەڵانی ئەوروپای ژێردەستی ئیمبراتۆری ئوتریش و ئەلمانیا و گەلانی ژێردەستی ئیمبراتۆری عوسمانی دەکات.

لە ئاکامی تێکۆشانی گەلانی جیهان، یاسای نێودەوڵەتی بە شێوازی جۆراجۆر، بەردەوام جەختی لەسەر مافی بریاردانی چارەنوسی گەلان کردوە. بڕگەی دوو لە ماددەی یەکی گەڵاڵنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە "گەشەپێدانی پەیوەندی دۆستانەیە نێوان نەتەوەکان و پێویستی یەکسانی لە ماف نێوان گەلاندا، و هەر یەکێکیان مافی بریاردانی چارەنوسی خۆی هەبێت". ماددەی پەنجاو پێنج لەو گەڵاڵنامەیە جەخت "لە سەر ئامادەکردنی پێداویستییەکانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ درووستکردنی پەیوەندی ساغڵەم و دۆستانە لە سەر بنەمای یەکسانی لە مافەکان نێوان گەلان، و هەر یەکێکیان مافی بریاردانی چارەنوسی خۆی هەبێت".

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چەندین بریار دا ئاماژەی بەم پرنسیپە کردوە، لەوانە بریاری 1514 تایبەت بە ڕاگەیاندنی پێدانی سەربەخۆیی گەلان و وڵاتە داگیرکراوەکان لە کانونی یەکەمی 1960دا. لەو بریارەدا هاتووە " هەموو گەلێک مافی بریاردانی چارەنوسی خۆی هەیە، و بە پێی ئەم مافەش بە ئازادی خۆی دەستنیشانی شوێنی سیاسی خۆی دەکات، و ئازادانە گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری دەستنیشان دەکات".

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەم پرنسیپە بە بنەمای پەیوەندی نێوان گەلان و بناغەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دادەنێت، و لە چەندین بەڵگەنامەی دیکە بە ڕوونی ئاماژەی بەم بابەتە کردوە، لەوانە ماددەی یەک لە هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، و مافە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکان کە لە ساڵی 1966 بریار دراوە.

کۆمەڵگای گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بریاری ژمارە 2615 لە ساڵی 1970 جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە "سەرجەم گەلان بە پێی یەکسانی لە مافەکانیان و مافیان لە بریاردانی مافی چارەنوس کە لە بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە ئازادن لە جێبەجێکردنی گەشەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتورییان، و هەر دەوڵەتێکیش دەبێ رێز لەم مافە بگرێت".

هەشتەمین بەند لە رێکەوتننامەی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپا کە لە یەکی ئابی 1975 لە هەلسنکی مۆرکرا، و ڕاگەیاندنی کۆنگرەی ڤیینا بۆ مافی مرۆڤ لە ساڵی 1993 کە بە سەرپەرشتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسترا، جارێکی دیکە جەختیان لە سەر ئازادی گەلان لە دەستنیشانکردنی چارەونوسی خۆیان، کردەوە.

تێکرای ئەم بەڵگەنامە نێودەوڵەتییانە کە باس لە مافی بریاردانی چارەنوس گەلان دەکات، بە شێوەیکی مێژوویی و لە چوارچێوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، ڕەوابونی بە تێکۆشانی گەلان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی داوە.

بۆیە کاتێک گەلی کوردستان لە پێناوی ئەم مافەدا تێدەکۆشێت ئەوا کارێکی نەکردوە کە بە پێچەوانەی بەهاو نەریت و یاسای نێودەوڵەتی بێت، و ئاسایشی جیهان و ناوچەکەی خستبێتە بەر مەترسسیەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو رژێمە حوکمرانانەی کە بە عەقلیەتی نەتەوەی سەردەست دژایەتی مافی چارەونوس و سەربەخۆیی گەلی کوردستان دەکەن، و ئەو وڵاتە زلهێزانەی کە بە هۆی بەرژەوەندی خۆیان تەگەرە لە بەردەم گەلەکەمان بۆ ئەنجامدامی ئەم مافە، دادەنێن، ئەوانە دەبنە هۆی بەردەوامبوونی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری کە کۆسپ بۆ پێشکەوتن و گەشەپێدانی هاوبەشی گەلان و بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە، دادەنێن.

گەلی کوردستان لە تێکۆشانی بۆ مافی بریاردانی چارەنوس و دەوڵەتی نیشتمانی خۆی بەردەوام دەبێت، و لە هیچ کاتێکدا گەل بۆ جێبەجێکردنی مافێکی ڕەوای خۆی چاوەڕیی بریاری نێودەوڵەتی و ڕەزامەندی وڵاتە هەرێمایەتییەکان، و تەنانەت چاوەرێی بریاری سازشکارانە و ڕاڕای و پێچ و پەنای حزبەکانی گۆڕەپانی سیاسی خۆشی ناکات.

ئەزمونی تێکۆشانی گەلان سەلماندویەتی وڵاتی دیکە سەربەخۆی بۆ گەلەکەمان پێشکەش ناکات، بەڵکۆ گەل خۆی وەریدەگرێت.
ریفراندۆمی بیست و پێنجی ئەیلولی 2017 وێستگەیەکی چلۆنایەتی تێکۆشان لە پێناوی مافی چارەنوسی گەلەکەمان بوو، و کاروانی سەربەستی و سەربەخۆیی پێویستی بە بەردەوامبوونی تێکۆشان و چەندین ویستگەیە دیکە هەیە، و بۆیە ئەوەی لە تێکۆشان بۆ دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی پەشیمان دەبێتەوە یان بە شەرمەوە داکۆکی لێدەکات، دەچێتە پەراوێزی مێژووە.

مشروعیەتی نیشتمانپەروەری شیوعییەکانی کوردستان لە تێکۆشان لە پێناوی مافی بریاردانی چارەنوسی گەلەکەیان و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانییە، و نێونەتەوەیی شیوعی نەتەوەی باڵادەست لە پشتگیری کردنی بێ مەرجی تێکۆشانی گەلی کوردستانە لە تێکۆشانی بۆ ئەم مافە. گرنگە هەموومان لەو ئاستە بین.


PM:04:44:24/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 2852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی