کەی جینۆسایدی ئێزیدیان دەبێتە بابەتێکی نیشتمانی کوردستانی؟

‌د. کاوە مەحمود

لە 2014دا گەلی کوردستان دووچاری شاڵاوێکی جینۆسایدی ئیزیدییەکانی بۆوە کە بە پلەی یەکەم لە لیستی دووچاربووانی جینۆساید دێن، و ژمارە حەفەتاو چوارەمین شاڵاوی جینۆساید کە لە مێژوودا دەرهەقیان کراوە، تۆمار کرا. جینۆسایدێک کە تا ئێستا ئازار و ئاکامەکانی لە ژیانی ئێزیدیان ماوەتەوە، و نەک تەنها قوربانییەکان پێوەی دەناڵێنن، بەڵکو سەرجەم ئێزدییەکان، ئەوانەی نەبوونە قوربانی شاڵاوی داعش، و هەر تاکێکی کوردی خاوەن ویژدان تا ئێستا ئازارێکی دەروونی دەچێژن، و زامەکان نەک قەتماغە نابێت، بەڵکو هەردەم نوێ دەبێتەوە.

بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی ئیزیدییەکان پێش شاڵاوی داعش 550 هەزار کەس بوون. بە هۆی شاڵاوی داعش 360 هەزار کەس شوێَنی بابوباپیرانیان جێهێشت.

لە رۆژانی یەکەمی شاڵاوی جینۆساید ژمارەی شەهیدەکان گەیشتە 1293 کەس، و 2745 منداڵ بە هەتیوی مانەوە. تا ئێستا 80 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، و ئەمە جکە لە گۆڕی تاکە کەس. شوێنی مەزار و ئاینی ئیزیدی کە بەدەست داعش تێک درا گەیشتە 68 شوێن.

ئەو ئێزیدیانەی لە ئاکامی شاڵاوی جینۆساید کوردستانیان جێهێشت زیاترە لە 100 هەزار کەس. لەم شاڵاوەی جینوساید 6417 کەس کە 3548 یان ژن بوون، و 2869 پیاو بوون، ڕفێنران، و لەم ژماوەیەدا تەنها 3476 لە دەستی داعش رزگاریان بووە کە 1184 یان ژنە و 337 یان پیاوە، 1020 یان منداڵی مێینە و 935 یان منداڵی نێرینەن، و تا ئێستا 2941 کەس کە 1344 یان ژنە، و 1597 یان پیاوە، نادیارن.

ڕەوشی ئێزیدییەکان لە نیشتمانی خۆیاندا تراجیدیایەکی گەورەیە. سەڕەڕای نەمانی داعش بەشێکی زۆری ئاوارەکان بە هۆی خراپی باری ئەمنی، بەتایبەتی لە شەنگال و  دەوروبەری، و یەکلانەبوونی چارەنوسی ئەم ناوچانە، لە کەمپی ئاوارەیی و لە ڕەوشێکی ئێجگار خراپ و لە سایەی سەرماو سۆڵە و بارانی زستان، و تەوژمی گەرمی هاوین، و نەبوونی خزمەتگوزاری مرۆڤایەتی، دەژین.

یەکێک لە مەسەلە هەرە  ئاڵۆزەکان  کە لە میانەی شەڕی جینوساید دژ بە ژنان و کچانی ئێزیدی گەلی کوردمان ئەنجام دراوە، ئەوەیە کە لە لایەن تیرۆریستانەوە بە کەنیزە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و چەندین جار کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە، و دەستیدرێژی سیکسی و لاقەکردن دژ بەو قوربانییانە، ئەنجام دراوە. لە ئاکامی ئەم حاڵەتەشدا جگە لە ئاسەوارە دەرونییەکەی و سەڕەڕای وەرگرتنی ئەو ژن و کچانە لە لایەن مەرجەعی دینی ئێزیدی و سەماحەتی باباشیخ کە مرۆیانە مامەڵەی لە گەڵ گەڕانەوەی ئەو ژن و کچانە بۆ نێو کۆمەڵگای ئێزیدی، کرد، بەڵام گرفتی ئەو دایک و منداڵانەی کە لە ئاکامی دەستدرێژی لە دایک بوون هەر ماوە، و چەندین گرفتی ئاینی و دەرونی و کۆمەڵایەتی و قانونی عێراقی، رێگرن لە بەردەم گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا بە پێی چارەسەرکردنێکی مرۆیانە کە هەستی دایکێتی و مافی منداڵ مسۆگەر بکات، و کۆمەڵگای ئێزیدی ئەو دایکانە و منداڵەکانیان بە خۆَ بگرن، لە کاتێکدا کە هەردوو لایەن دوور لە بریار و ئارەزووی خۆیان، ڕەوشێکدان بەسەردا هاتووە، و ئەوانە بە تەواوی قوربانی جینوسایدن.

کۆمەڵگای نێودەڵەتی هێندەی مامەڵەی سەربازی لە گەڵ دەوڵەتی خلافەتی ئیسلامی و داعش کرد، بە شێوەیکی نەخشە بۆکێشراو مامەڵەی لە گەڵ قوربانیانی شەڕی جینوساید نەکرد، و ئەو دەستپێشخەرییەی کە هەندێ دەوڵەتی ئەوروپا لەوانە ئەلمانیا بۆ وەرگرتنی هەندێ لە قوربانییان کردی، دەکرا لە خودی کوردستان بە شێوەیکی گونجاو تر بە هاوکاری ئەو دەوڵەتانە بکرێَت، و تەنانەت بە توانای خودی حکومەتی هەرێم، دەکرا خزمەتی دەروونی و مرۆڤایەتی بۆ ئەو قوربانیانە پێشکەش بکرایە.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت هەندێ دەوڵەت و ناوەندی نێودەوڵەتی کە ڕچاوی وەزعی حوکمرانی و دەوڵەتی عێراق دەکەن، لە جیاتی جەختکردن لە سەر عەدالەتی ڕاگوزاری (ئینتقالی)، کە سەرجەم ئەزمونەکانی مامەڵەکردن لە گەڵ ئاکام و کارتێکردنەکانی شەڕی جینوساید، پێداویستی بوونی دەخاتە ڕوو، داوا لە قوربانییەکان دەکەن لە گەڵ ئەو کەسانەی هاوکاری داعشیان کردوە و تەنانەت لە تاوانەکان بەشداربوونە و موڵک وماڵی ئێزیدییەکانیان تاڵان کردووە، و تەنانەت کە هەندێکیان دەستدرێژی سیکسیان کردوە، و کچانی گەلەکەمانیان بە کەنیزە فڕۆشتووە، ڵاپەرەی نوێ بکەنەوە و بە ناوی "بەیەکەوژیان" بە بوونی ئەو جۆرە کەسانە لەو ناوچانەدا قایل بن!

هەڵوێستەی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتیانە بیانوهێنانە و ڕازیکردنی دەسەڵاتدارانی عێراقە، لە کاتێکدا چاک دەزانن کە قوربانییەکانی جینوساید لە ژێر پەردەی بەیت و بالورەی "بەیەکەوژیان" ئازار، وزامەکانیان قوڵتر دەبێتەوە.

دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستا قایل نین کە دادگایەکی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی بۆ دادگایکردنی تاونبارانی جینوساید دژ بە ئێزیدییەکان دابمەزرێت، و دەیانەوێ ئەم بابەتە لە چوارچێوەی دادگاکانی عێراقدا بێت کە زەحمەتە دادپەروەری تیایدا دابین بکرێت، لە کاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوور لە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق مافی درووستکردنی ئەم دادگایەی هەیە چونکە ئەو تاوانی دژ بە ئێزیدییەکان کراوە تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی مانەوەی داعش هەوڵی زۆری رزگارکردنی ڕفێنراوە ئێزیدییەکانی دا و تەنانەت ژمارەیەکی بە پارەدان ئازاد کردن، بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە نەبۆتە مەسەلەیکی نیشتمانی کوردستانی، چونکە ئەوەی کە ئێزییدی، و هەر کوردستانییەکی خاوەن ویژدان چاوەڕوانی دەکات، دادگایی کردنی تاونبارانە و ناساندنی ئەم شاڵاوەیە بە جینوساید لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا، و دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی، و چارەسەرکردنی ئاکامەکانی شەڕی جینوسایدە لەوانە ڕەوشی دایک و منداڵانی دەرئەنجامی ئەم شەڕە، و بایەخدان بە ڕەوشی دەرونی، و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان.

پرسیار ئەوەیە ئەگەر کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆ بوایە، ئەگەری جینوساید دژ بە ئێزیدییەکان دەبوو، و لەوەش گرنگتر ئایا بەردەوام مەترسی جینوسایدی دیکە دژ بە گەلی کوردستان لە ئارادا نییە؟!


AM:10:42:11/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی