"مەیی سوتێنن، ئەنگۆ دری بابم دەستوێنن!"

‌د. کاوە مەحمود


6/11/2019 11:49:00 AM  6 جار خوێندراوەتەوەد.کاوە مەحمود شاڵاوی سوتاندنی دەغڵودان و رەزوباخی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بەشێکە لە زیندووکردنەوەی سیاسەتی زەوی سوتێنراو کە لە گەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق وەک میراتگری ئیمبراتۆری عوسمانی لە سیاسەتی جینوساید و قڕکردن، بەردەوام بووە. لە مانگی ڕابووردوودا هەڵوێست و بەیاننامە و لێدوانی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بەم بابەتە ڕاگەیەنرا، بەڵام کۆبونەوەیەکی هاوبەش لە سەر ئاستی سەرکردایەتی حزبە سیاسیەکانی کوردستان سەبارەت بەم بابەتە نەبەسترا، و تەنانەت لە هەندێ کۆمینتی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، لە جیاتی ئەوەی ڕاشکاوانە دەست لە سەر ئەم برینە دابنێن و فشار لە سەر پارتە سیاسییەکانی کوردستان بۆ یەک هەڵوێستی و ئەنجامدانی کرداری هاوبەش، بکەن، یەکتریان تاوانبار دەکرد. 

بەڵام کۆمێنتەکانی هاوڵاتیانی وڵاتپارێزی کوردستان، ئەوانەی مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی بە هەند وەردەگرن، ئاماژە بوو کە ئەوەی ڕوودەدا بەشێکە لە سیاسەتی ڕاگواستن و زەوی سوتێنراو کە لە مێژە دوژمنانی گەلی کوردستان ئەنجامی دەدەن. 

یەکێک لە کۆمێنتە سەرەنج ڕاکێشەکان ڕستەیەکە کە کیژوڵەیکی ئەم کوردستانە و یەکێک  لە نەوەکانی دووای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 سەبارەت بە دەغل ودان سوتاندن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیوێتی کە دەڵێت: "مەیی سوتێنن، ئەنگۆ دری بابم دەستوێنن!!" 

هەر لە کۆمێنتێکی دیکەدا هەمان کیژۆڵە نوسیوێتی: "خەرمانێکم نەک لە بەر ئەوەی گەنمم، بەڵکو لە بەر ئەوەی کوردم، گڕم دەدەن".
کۆمێنتی کوردستانیانی سەربەخۆخواز سەبارەت بەم بابەت ئێجگار زۆرە، و کۆمەڵیک ڕا و بۆچونی گرنگە کە شایانی شیکردنەەوەیە، و لەم چەند دێڕەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم بێ ئەوەی ناوی نوسەرەکانیان بنوسم، بەڵام دەزانم لە کاتی خوێندنەوەی ئەم بابەتە نوسەرەکان کۆمێنتەکانی خۆیان دەناسنەوە. 

برای شەهیدێکی کەرکوکی دەنوسێت: وڵاتمان داگیر دەکەن، خاکمان دەسوتێنن، ناموسمان دەبەن، کۆمەڵ کوژمان دەکەن، بە سورەتی قورئان ئەنفالمان دەکەن، تاڵانمان دەکەن، قرمان دەکەن، منداڵانمان لە برسا دەکوژن، کچە عازەبەکانمان ئەتک دەکەن، جەرگی دایکانمان دەسوتێنن، لە نیشتمانی خۆمان دەرمان دەکەن، ئاوارە و دەربەدەرمان دەکەن، هەرچی چەکی قەدەغەکراوە بە ئێمە تاقیدەکەنەوە، خەلەوخەرمانمان دەسوتێنن، کانیاوەکانمان کوێر دەکەنەوە، ژیانمان پێ ڕەوا نابینن، کەچی هەموو بەچەکرداری ئێمە ئەوەیە دەڵێن خودا لە چارەی نوسیوین! 
لە کۆمێنتی نوسەرانی دیکەدا هاتووە: ئیدی مەیان سەوتێنن، ئەم گەنمە ژیانی هەموانە... جاران دەگوت وێ سالا بەفر کەفتی، یان وێ سالا گایی ڕەش مری!! بۆ ئەڤ ساڵەژی دێ بێژن سالا ئاگر بەرددا دڵی جوتیاران!.. خەڵاتی جەژن بۆ کوردان سوتاندنی دەغڵودان و تۆپبارانکردنی ناوچەکەیان و کوشتنیانە... ئاگرەکەی ناحیەی سەرگەڕان جیا لە دەغلودان، ڕەز و باخەکانیشی سوتاندووە... ئەگەر ئەو ئاگرە بۆڕی نەفت بایە، بە یەک رۆژ چاکیان دەکرد، و رێگریان لە دوو بارەبونەوەیان دەکرد، تا ئێستاش چەند کەس دەسگیر دەکرا، و سزا دەدرا، بەڵام داخی گرانم خەڵکی قوربەسەر و هەژار و کاسب، هەردەم بێ پشت و پەنا بووە... خودایە تۆ بڵیی لە جیهاندا هیچ شوێنێک وەک شاری کەرکووک بێ خاوەن و بەدبەخت، و گاڵتەپێکراو هەبێت...ساڵی 2019 لە مێژووی کوردستان و عێراق، ساڵی ئاگرەکەیە...ڕاکان جبوری دەدەمە دادگا... دوو جوتیاری شنگال کاتێک ویستیان ئەو ئاگرەی لە دەغڵودانیان بەردرابوو بیکوژیننەوە، سوتان...لە پێش چاوی عادیل عبدوالمهدی دەغڵودانی کوردان  دەسوتێنرێت،  و ئەویش بێدەنگە، ئەو چاوپۆشی و پێدەنگییە، یانی ڕازیبوون...کەرکوکی هەردەم ڕەنج بە خەسار و ماڵ وێران و دەربەدەر بوونە، تەنها لەبەر ئەوەی سەری بەرزیان بۆ دوژمنان نەوی ناکەن!...گوێ لە باوکم بگرن لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، لە بەر چاوی خۆمان هێزە عێراقییەکان ئاگریان لە دەغڵ ودان و رەز وباخمان بەردا، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی کورد دەکەم بۆ ئەو هەڵوێستە بێ دەنگییەی هەڵیانبژاردووە...ڕێکخستنی جوتیارانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە بزوتنەوەیەکی جوتیارانی کارادا ئەرکێکی هەنووکەییە! 

ئەگەر بە وردی ئەم کۆمینتانە شیبکرێتەوە، کۆمەڵێک دەرئەنجامی گشتیمان بۆ دەردەکەوێت، لەوانە:
1ـ بەشێک لە نوسەرانی ئەم کۆمێنتانە لە دوای ڕاپەرینی ئاداری 1991وە لە دایک بوونە، زۆر جار توانج لەو لاوانە دەگیرێ کە بایەخ بە مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی و پاراستنی خاک نادەن. ئەو کۆمینتانە خەمخۆری نیشتمانی ئەو لاوانە بە کچ و کۆرٍەوە بۆ کوردستان دەردەخەن، و ئەو بۆچونانە ڕەتدەکەنەوە کە ئەو لاوانە کەمتەرخەمن و مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی بەهەند وەرناگرن. 

2ـ بەشێک لەو نوسینانە ئاماژەکردنە کە قورسایی مەسەلەی کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی 140 تەنها بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە ماوەتەوە، و نەبۆتە مەسەلەیەکی نیشتمانی کوردستانی هەموو خەڵک، و حکومەتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی ئەم بابەتە بەدەنگ داواکاری خەڵکی ئەو ناوچانە نەهاتوون. 

3ـ سیاسەتی سوتاندنی دەغل و دان و رەز و باخ دوو لایەنی گرتۆتەوە. لە لایەک بابەتێکی نیشتمانییە و سوتاندنی خاکی خەڵکی کوردستانە، و بەشێکە لە سیاسەتی جینۆساید، و هاوکاتە لە گەڵ شاڵاوی دەست بەسەراگرتنی خاک و موڵکی کوردانی ڕەسەنی ئەو دەڤەرانە لە لایەن عەرەبی هاوردەوە، و لە لایەکی دیکەوە دەغڵ و دان سوتاندن شەڕێکی ئابورییە و بابەتێکی چینایەتییە و بواری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە و پەیوەندی بە شوناس هەیە، وشەڕێکی دەروونییە. 

4ـ دەڕبڕینی ئاستی بەرزی ناڕەزایی لە کۆمێنتەکان، هاوکاتە لە گەڵ بوونی گیانی بەرەنگاری و بیرکردنەوە لە رێکخستنی جەماوەر و جوتیاران و داکۆکیکردن لە خاک و ماف، و بانگێکە بۆ سەرجەم جەماوەری کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کە تا ئێستا لە بەرنگاربونەوەیەکی کوردستانی سەرانسەری کەمتەرخەمن.


PM:03:26:11/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 4088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی